حکومەتی هەرێم سەرقاڵی ئامادەکردنی پرۆژەیاسای بودجەیە

0
112

SNN
‎ئەمڕۆ سێشەممە 2021/11/12 ئەنجوومەنی باڵای ئابووری هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە .
‎لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دیاریکردنی هێڵە گشتییەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 ی هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی پرۆسە چاکسازی کرا.
‎هەریەک لە وەزیرانی دارایی و ئابووری ئاوات شێخ جەناب و پلاندان دارا ڕەشید ڕاپۆرتێکیان دەربارەی دۆخی ئێستای دارایی و ئامادەکارییەکانی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 خستەڕوو.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا، کە حکومەتی هەرێم هەموو هەوڵێکی خستووەتەگەڕ لەپێناو ڕێکخستنەوەی داهاتەکان و کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان و ڕێکخستنەوەی میلاک و دەرھێنانی ناوی ئەو کەسانەی بە شێوەیەکی ناڕەوا سوودمەند بوون لە بودجە گشتی، بۆ ئەوەی ماف و شایستەی دارایی مووچەخۆری شایستە دەستەبەر بکرێت، سەرەڕای کارکردن بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین لە ڕاییکردنی مامەڵە داراییەکان.
جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە لە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 ، هەموو ئەگەرەکان لە بەرچاو بگیرێت و بودجەیەکی واقیعی و شەفاف بێت و پشت بە ژمارە و داتا و داهاتی نەوتی و نانەوتی و خەرجی ڕاستەقینە و کورتھێنان و دۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان ببەستێت کە لە دوای پەسەندکردنی لە ئەنجومەنی وەزیران، دەخرێتە بەردەم پەرلەمانی کوردستان و ئەم بودجەیە دەبێتەهۆی برەودانی زیاتر بە شەفافیەت لە دارایی گشتی ھەرێم .
‎سەرۆکی حکومەت دووپاتیکردەوە کە هەرێمی کوردستان لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، هەموو ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێکردووە، بۆیە دەبێ ‎دەسەڵاتی فیدراڵیش ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لە چوارچێوەی پڕۆژە بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2021 دابینبکات .
‎لە تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەدا بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون عەبدولحەکیم خسرۆ ڕاپۆرتێکی دەربارەی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئابووری خستەڕوو .
بڕیارە دەرئەنجامی کۆبوونەوەکە سەبارەت بە ھێڵە گشتییەکانی ڕەشنووسی بودجەی ھەرێم، سبەی لە کۆبونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بخرێتەڕوو.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this