سندوقێک بۆ داهاتە نەوتییەکانی پارێزگاکان لە عێراق پێکدەهێنرێت

كێڵگهیهكى غازى سروشتى له عێراق | AP Photo/Nabil al-Jurani
SNN
لیژنەی نەوت و وزە و سامانە سروشتییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت “لە بودجەی ساڵی 2021دا سندوقێک بۆ داهاتی پارێزگا خاوەن نەوتەکان پێکدەهێنرێت”.
ئامانج لە دروستکردنی ئەو سندوقە، قەرەبووکردنەوەی دانیشتوانی پارێزگا نەوت بەرهەمهێنەکانە، بەتایبەت پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.
د. غالب محەمەد ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ SNN رایگەیاند “پێکهێنانی ئەو سندوقە وەک قەرەبوویەکی مادییە بۆ دانیشتوانی ئەو پارێزگا نەوتییانەی رۆژانە سوود بە ئابووری دەوڵەت دەگەیەنن”.
داهاتی پارەی ناو ئەو سندوقە بەکاردەهێنرێتەوە بۆ ئەو شوێنانەی نەوت بەرهەمدەهێنن و لە بواری ئاوەدانکردنەوەیاندا بەکاردێتەوە، بۆ نموونە پارێزگای بەسرە کە 70٪ی نەوتی وڵات لەوێ دەردەهێنرێت.
غالب محەمەد ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە هەر بەرمیلێک 1 دۆلار بۆ پارێزگاکە تەرخاندەکرێت و هەر پارێزگایەکیش پاڵێوگەی تێدا بێت، 5٪ی دەچێتە ئەو سندوقەوە.
وتیشی: “لە ئێستادا لە لیژنەکەیان سەرقاڵی دروستکردنی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوت-ن بۆ گرتنە ئەستۆی سەرپەرشتیکردنی ئەو داهاتانە و رێکخستنەوەیان”.
پێشتریش نەدا شاکر کە هاوکات ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانیشە وتبووی: “حکومەتی عێراق جیاوازی زۆر دەکات لەنێوان پارێزگاکاندا و هاوکاری هەرێم زۆر دەکات، بۆیە پارێزگاکانی دیکەی ناوەڕاست و باشوور هەست بە غەدر لێکردنیان دەکەن”.
وتیشی: “بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەپرۆژەیاسای بودجەدا نیشانەی پرسیاری زۆر لەسەرە، دانیشتوانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور وا هەست دەکەن مافیان دەخورێت بۆ سوودی هەرێمی کوردستان”.
نەدا شاکر دەشڵێت: “زانیاری دزەی کردووە بۆیان کە بەغدا بەنیازە هەموو شایستە داراییەکان بۆ هەرێم بنێرێت ئەوەی لەسەری بووەتا ماڵ، بێئەوەی داوای ئەوە لە هەرێم بکات کە بەسەریەوە بووەتە ماڵ و پێویستە هەولێر بیدات”.
راشیگەیاند “گەر بەغدا ئەم هەنگاوە بنێت، هانی پارێزگاکانی دیکە دەدات داوای هەرێمی سەربەخۆ بکەن وەک هەرێمی کوردستان و داوای بەشە پارەی خۆیان بکەن”.
لەگەڵمانبە
هەواڵی زیاتر
زۆرترین بینراو
-
هۆکاری كوشتنی پۆلیسهكهی كهركوك ئاشکرابوو
2020-05-27
ئەرشیف
دەربارەی ئێمە
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.
ئەگەر لەبیرت کرد
وەرزش
-
دیارترین ئەو 5 یاریزانەی مایەپوچبوون
2020-05-26 -
مباپی بڕیارە چاوەڕوان نەکراوەکەی دا
2020-05-17