شەش فراکسیۆنی پەرلەمان مەرجێک بۆ بەشداریکردنیان لە کۆبوونەوەکان دیاریدەکەن

0
6296

سەرچاوەیەک لە پەرلەمانی کوردستان بۆ SNN رایگەیاند: “شەش فراکسیۆن بڕیاریانداوە بەشداری کۆبوونەوەکانی پەرلەمان نەکەن و مەرجیش ئەوەیە نابێت لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دوو کەسی سەر بە پارتی تێدابێت”.

ئەو سەرچاوەیە رایگەیاندووە، هەریەک لە فراکسیۆنەکانی یەکێتی، گۆڕان، نەوەی نوێ، یەکگرتوو، کۆمەڵ و شیوعی بڕیاریانداوە بەشداری کۆبوونەوەکانی پەرلەمان نەکەن و مەرجیش ئەوەیە نابێت لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دوو کەسی سەر بە پارتی تێدابێت.

لەوبارەیەوە شایان عەسكەری پەرلەمانتاری كوردستان لەسەر پشکی گۆڕان بە SNNی وتووە: بەهۆی ناکۆکی نێوان پەرلەمانتاران سەرۆکایەتی پەرلەمان کۆبوونەوەکانی راگرتووە و شەش فراکسیۆنیش بەم نزیکانە کۆدەبنەوە.

شایان عەسكەری راگەیاندووە: “بڕیاربوو دووشەممەی رابردوو كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت و وەزیری تەندروستی بانگهێشتی پەرلەمان بكرێت، بەڵام كۆبوونەوەكە ئەنجام نەدرا، چونكە سەرۆكایەتی پەرلەمان واژووی لەسەر نەكردبوو هۆکارەکەش ئەوەیە ناکۆکی لەنێوان پەرلەمانتاران هەیە”.

وتیشی: “ئێستا ئێمە لە وەرزی یاسادانانین، هیچ وادەیەكیش بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان دیارینەكراوە، لەسەر ئاڵۆزیەكانی نێوان فراكسیۆنەكانیش، دەنگۆ هەیە كە فراكسیۆنەكان كۆبوونەوە بكەن، بەڵام بە كردار تاوەكو ئێستا هیچ هەنگاوێك نەنراوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد: “فراكسیۆنی گۆران خراوەتە ناو سیناریۆیەكی ناشرین بەبێ ئەوەی هیچ هەڵەیەكمان كردبێت، ئێمە پابەندبووین بە رێككەوتنی نێوان گۆڕان و پارتی، بەڵام ئەوكارەی هێمن هەورامی كردی نازانین هۆكارەكەی چی بوو”.

سەبارەت بەكێشەی نێوان فراكسیۆن و پەرلەمانتاران كە ئایا پەیوەندی بە هەڵگرتنی پارێزبەندی سۆران عومەر هەیە، ئەو پەرلەمانتارە روونیکردەوە: “نەخێر، بەڵام لەسەر هەڵگرتنی پارێزبەندی سۆران عومەر ئێمەش بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمانمانكرد و فراكسیۆن هەیە بەتەواوی نایەتەوە پەرلەمان، بۆیە دەبێت كاری پەرلەمانی بەردەوام بێت، چونكە كێشە و ئاڵۆزیەكان لە پەرلەمان چارەسەر دەبێت”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this