“هاوپهیمانان لیژنهیهكیان دروستكردووه بۆ چاكسازى له هێزهكانى پێشمهرگه”

هێزى پێشمهرگه له سهنگهرى رووبهڕووبوونهوهى داعشدا | فۆتۆ: Getty Images / ABCNEWS
SNN
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدهگهیهنێت: لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان وڵاتانی هاوپەیمان و ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە پێکهێنراوە، بۆ کارکردن لەسەر 26 خاڵی تایبەت بە چاکسازی، دهشڵێت: “وهزارهتى پێشمهرگه پلانیداناوه مووچه لهڕێگهى بانكهوه بدات”.
فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان له نوێترین چاوپێكهوتنیدا لهگهڵ دهنگى ئهمریكا رایگهیاند: “لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان وڵاتانی هاوپەیمان، بەتایبەت: ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا لەگەڵ ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە پێکهێنراوە، بۆ کارکردن لەسەر 26 خاڵی تایبەت بە چاکسازی له وهزارهتى پێشمهرگه، یەکێک لە بابەتە بنەڕەتییەکان مەسەلەی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانە”.
وتیشى: “یاسای چاکسازی ژمارە 2ی ساڵی 2020 کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەرکراوە، یەکێک لە ماددەکانی پەیوەستە بەیەکخستنی هەموو هێزی پێشمەرگە و هەموو بوارەکانی پەیوەندیدار بە یەکخستنی پێشمەرگە، وەکو دۆسیەكانى: خانەنیشینی، کەمئەندامان و یەکەی ژمێریاری، ئێمە پابەندین بەو یاسایە و لیژنەمان بۆ پێکهێناوە، خەریکی دانانی میکانیزمین بۆ جێبەجێکردنی”.
بەهاندانی هێزەکانی هاوپەیمانان، تا ئێستا 14 لیوای وەزارەتی پێشمەرگە یەکخراونەتەوە، لە بارەی هۆکاری گرنگیدانی هاوپەیمانان و فشارکردنیان بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە، فهریق جەبار یاوەر دهڵێت: “هێز دەبێت بەدەست حکومەتەوە بێت، بۆیە هێزەکانی پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش، دەبێت لە چوارچێوەی وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمدا بن، هێز دەبێت هی خەڵک بێت، نابێت هێزی حزبی بمێنێت، ئەمەش مەبەستی هاوپەیمانانە”.
دەنگۆی بڕینی ئەو 20 ملیۆن دۆلارە بۆ ماوەی چەند مانگێک لە ئارادایە، کە پێشتر ئەمەریکا بۆ مووچەی هێزە یەکخراوەکانی پێشمەرگە، مانگە خەرجی دەکرد، ئەمەش وەکو ناڕەزایەتیەک لە بەرامبەر لێبڕینی مووچەی ئەو هێزانە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، بەڵام ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ئهو بابهته رهتدهكاتهوه و ئاماژه بهوهدهكات: “ئهم بابهته پەیوەست نییە بە لێبڕینەوە، بەردەوام ئەو پارەیە هاتووە و دراوە بە پێشمەرگە.”
لهبارهى گۆڕینى سیستمى پێدانى مووچهى هێزهكانى پێشمهرگه له دهستییهوه بۆ بانك ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ئهوه دهخاتهڕوو: “لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیدا، ئەوە هاتووە، کە مووچەی مانگانە نابێت بەدەستی بدرێت، بەڵکو لەڕێگەی بانکەوە بێت، وەزارەتی پێشمەرگە ئەم پلانەی داناوە، وردەوردە مووچەی لیواکانی پێشمەرگە دەبێتە سستمی بانکی، ئەمە تەنیا داواکاری هاوپەیمانان نەبووە، بەڵکو بەرنامەی سەرەکی حکومەتیش بووە، بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی هەموو کاروبارەکان، لەوانە کاروباری وەزارەتی پێشمەرگە”.
فەریق جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، لەبارەی ئەگەری تواندنەوەی هێزەکانی 80 ی پارتی و 70 ی یەکێتی لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنیان، روونیدهكاتهوه: “لە یاسای چاکسازیدا کە بۆ ئێمە نێردراوە، پێنج بابەتی پەیوەندیداری بە یەکخستنی هەموو هێزەکانی پێشمەرگە و کاروبارەکانیان تێدایە، جگە لەوەش، هاوپەیمانان و ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگەش، پرۆژەیان هەیە و ئیش لەسەر چاکسازی دەکەن”.
لەگەڵمانبە
هەواڵی زیاتر
زۆرترین بینراو
ئەرشیف
دەربارەی ئێمە
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.
ئەگەر لەبیرت کرد
وەرزش
-
دیارترین ئەو 5 یاریزانەی مایەپوچبوون
2020-05-26 -
مباپی بڕیارە چاوەڕوان نەکراوەکەی دا
2020-05-17