“حكومه‌تى هه‌رێم 83 ملیۆن دۆلارى شایسته‌ى دارایی سێ كۆمپانیاى نه‌وتى خه‌رجكرد”

0
178

SNN
رێكخراوى روونبین تایبه‌ت به‌ شه‌فافیه‌ت له‌ كه‌رتى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان رایگه‌یاند: سێ كۆمپانیای نەوتى كە لە پێنج كێڵگەی نەوتی هەرێمدا كاردەكەن 83 ملیۆن دۆلار شایستەی دارایی مانگی كانوونی یەكەمیان لە حكومەتی هەرێم وەرگرتووە، ئاشكراشیكرد: كۆی بەرهەمی رۆژانەی ئەو كێڵگانە 205 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە و 45%ی بەرهەمی نەوتی هەرێمی كوردستان پێكدەهێنن.

دەقی ڕێكخراوی ڕوونبیین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەكانی نەوت

سێ کۆمپانیا کە لە پێنج کێڵگە کاردەکەن رایانگەیاند کە شایستەی دارایی مانگی کانوونی یەکەمیان وەرگرتووە و شایستەکان بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

1- کێڵگەی تاوکی ( تاوکی – پیشخاپور)
هەریەک لە کۆمپانیاکانی دی ئێن ئۆی نەرویجی وکۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی تورکی لە کێڵگەی تاوکی خاوەن پشکن. شایستە دارایی ئەو دوو کۆمپانیایە لەو کێڵگەیە بۆ مانگی کانوونی یەکەم بریتی بووە لە43.1 ملیۆن دۆلار، لەم بڕە 32.6 ملیۆن دۆلاری پشکی دی ئێن ئۆ بووە و بڕی 10.5 ملیۆن دۆلارپشکی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی یە. دی ئێن ئۆ خاوەنی 75% پشکەکانەو گەنێڵ ئەنێرجی خاوەنی 25% ی پشکەکانە. شایانی باسە شایستەی کۆمپانیاکان لەم کێڵگەیە بەراورد بەمانگی پێشوو ڕێژەی 12% زیادی کردووە ڕێژەی 27%بەراورد بە مانگی تشرینی یەکەم زیادی کردووە ئەوەش بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەگەڕێتەوە.

2 – کێڵگەی شێخان
لە کێڵگەی شێخان کۆمپانیای ( ئێم ئۆ ئێڵ) ی هەنگاری و گۆڵف کیستۆنی بەریتانی پێکەوە ١٨ ملیۆن دۆلار شایستەی مانگی کانوونی یەکەمیان وەرگرتووە، بە پێی بڵاوکراوەی کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن، بڕی 14.1 ملیۆن دۆلار پشکی ئەوان بووە و ئەوەشی دەمێنێتەوە بۆ کۆمپانیای (ئێم ئۆ ئێڵ) دەبێت کە دەکاتە 3.9 ملیۆن دۆلار. کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن 80% ی پشکەکان و ( ئێم ئۆ ئێڵ)پشکی 20% ی هەیە لە و کێڵگەیەدا. هەروەها بەپێی نوێترین زانیاری ئاستی بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەکە زیادی کردووە و لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمدا گەشتووەتە 39 هەزار بەرمیل و لە کانوونی یەکەمدا بۆ 42 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبووەتەوە. داهاتی کۆمپانیاکان لەم مانگەدا بەڕێژەی 65% بەراورد بە مانگی پێشو زیادی کردووە کە 10.9 ملیۆن دۆلار شایستەی مانگی تشرینی دووەمیان بووە.

3 – کێڵگەی ئەتروش
کۆی شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان لەو کێڵگەیەدا بریتی بووە لە 19.2 ملیۆن دۆلار. کۆمپانیای شامارانی پشکی 27.6% کێڵگەکەی هەیە و بڕی 6.5 ملیۆن دۆلاری بەردەکەوێت. ئەوی دەمێنێتەوە شایستەی کۆمپانیای تاقەی ئیماراتییە کە خاوەنی 47.4%ی پشکەکانە پشکی شایستە داراییەکەی دەکاتە 12.7 ملیۆن دۆلار. تێکڕای بەرهەمی کێڵگەکە لە چارەکی سێهەمی 2020 دا بریتی بووە لە 46.1 هەزار بەرمیل. بەرزترین ڕێژەی بەرهەم لە 27ى ئازارى 2021 دا بووە کە گەشتووەتە 54 هەزار و55 بەرمیل نەوت. شایستەی کۆمپانیاکان لەم کێڵگەیە بەڕێژەی 31.5% زیادی کردووە بەراورد بەمانگی پێشوو.

4 – کێڵگەی سەرتە
بۆ یەکەم جار کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی شایستەی دارایی مانگی کانونی یەکەمی کێڵگەی سەرتە وەردەگرن. شایستەی کۆمپانیاکان لەم کێڵگەیە 2.9 ملیۆن دۆلار بووە و پشکی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی 1.4 ملیۆن بووە و ئەو 1.5 ملیۆنەی دەمێنێتەوە پشکی کۆمپانیای شیڤرۆنی. ئەم کێڵگەیە لە مانگی تشرینی دووەم 2020 بەفەرمی وەک کێڵگەیەکی بەرهەمهێنەری بازرگانی ڕاگەیەنرا، بەرهەمی کێڵگەکە5.500 بەرمیل نەوتە لەڕۆژێکدا. کێڵگەی سەرتە دەکەوێتە پارێزگای هەولێرەوە و کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمەریکی پشکی 50% و گەنێڵ ئەنێرجی 30% و هەرێم 20% ی هەیە.

5 – کێڵگەی تەق تەق
کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی بەشێوەیەکی بەردەوام لە ڕابوردوودا شایستەاراییەکانی ڕاگەیاندووە ، بەڵام کۆمپانیاکە دەڵێت چاوەڕێ دەکەین لە چەند ڕۆژی ئایندەدا شایستەی مانگی کانوونی یەکەم وەربگرین لەگەڵ ڕێکەوتن لەسەر خەرجی 2020 دا . بەڵام کۆمپانیاکە دەڵێت لەڕاگەیەنراوێکی تردا بڕەکەی ڕاناگەیەنین. گەنێڵ ئەنێرجی خاوەن پشکی 44%ی کێڵگەی تەق تەقە و کۆمپانیای ئاداکس پەترۆلیۆم پشکی 34% هەیە و بەیەکەوە کۆمپانیای (تی تی ئۆ پی سی ئۆ) پێکهێناوە وکۆمپانیای سەرکارە لە کێڵگەکە. بەرهەم لەم کێڵگەیە بۆ 8 هەزار و و 580 دابەزیوە لە کاتێکدا لە چارەکی سێهەمی ئەمساڵدا11.260 بەرمیل بووە واتە بەڕێژەی 24 بەرهەم کەمی کردووە. بەرهەمی ئەم کێڵگەیە زۆر کەمی کردووە بەراورد لەساڵی 2015 کە ئەوکات ڕۆژانە 128 هەزار بەرمیل بەرهەمی بوو، بەڵام بەهۆی هاتنە ناوەوەی ئاوێکی زۆر بۆ ناو حەشارگە نەوتییەکە بەرهەمی لە زۆر کەمی کرد و بەردەوامیش بەرهەمی بەکەم کردندایە.

هەریەک لە کۆمپانیاکانی ئێچ کەی ئێن HKN لە کێڵگەی سەر سەنگ و کۆمپانیای فۆرزا پێترۆلیۆم FORZA PETROLEUM لە کێڵگەی هەولێر لە ئێستادا شایستەکانیان بۆ مانگی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەم تائێستاڕانەگەیاندووە. زۆر جار ئەم دوو کۆمپانیایە بەشێوەی وەرزی ڕاپۆرتی چالاکییەکان و شایستەکانیان ڕادەگەیەنن.
کۆمپانیای کار لە کێڵگەی خورمەڵە و گازپرۆم لە گەرمیان دوو کۆمپانیان تائێستا بەهیچ شێوەیەک شایستەکانیان ڕانەگەیاندووە.

کۆی شایستەی دارایی ئەو کۆمپانیایەنە لەو چوار کێڵگەدا وەریان گرتووە بریتییەلە 83.2 ملیۆن دۆلار و کۆی بەرهەمی ڕۆژانەی ئەو چوار کێڵگەیە دەکاتە 205.650 بەرمیل کە بەیەکەوە نزیکەی 45% ی بەرهەمی هەرێم پێک دەهێنن.

لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوتدا لە مانگی ئازاری ڕابوردودا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕاگەیاند کە بەشێوەی مانگانە شایستە داراییەکانیان پێ دەدات، لە وکاتەوە تاوەکو ئێستا هەرێم بەشێوەیەکی بەردەوام هەموو مانگێک و لەکاتی خۆیدا شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان بەبێ دواکەوتن دەدات. تا ئێستا دە (10 )مانگ لەسەر یەک شایستەکان وەرگیراوە، دواترینیان شایستەی مانگی کانوونی یەکەمە. وەهەر لە مانگی ئازاردا حکومەتی هەرێم بە کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕاگەیاندووە کە شایستەی مانگەکانی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەم 2019 و کانوونی یەکەم و شوباتی 2020 دوادەخات تا ئەوکاتەی نرخی نەوتی برێنت دەگاتە 50 دۆلار. بەپێی ڕاگەیاندنی کۆمپانیا نەوتییەکان لەم چەند مانگەدا چاوەڕێ دەکەن شایستە دواخراوەکانیان وەربگرنەوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this