میدیای عێراقی: سوپای ئەمریکا سەرقاڵی فراوانکردنی فڕۆکەخانەی هەریر-ە

0
620

SNN

چەند سەرچاوەیەکی سەربازیی لە بەغدا باسی ئەوەیانکردووە ماوەی 2 مانگە لە فڕۆکەخانەی هەریر لە پارێزگای هەولێر ئەمریکییەکان سەرقاڵی فراوانکردن و جێگیر تر کردنی پێگەی خۆیانن کە پێشتر ئەو جموجۆڵە بەدی نەکراوە.

بەپێی وتەی ئەو سەرچاوانە پلانی ئەمریکییەکان بەجۆرێکە بنکە سەربازییەکە فراوانتر بکرێت تا توانای وەرگرتن و گلدانەوەی زیاتری سەرباز و تفاقی سەربازیی هەبێت.

پێشتر ئەمریکییەکان بە چەند گوژمەیەک هێزی پێشمەرگەیان پڕچەککرد، ئەوەش بووە جێی نیگەرانیی لای سیاسییەکانی عێراق و دەڵێن “نابێت ئەمریکا راستەوخۆ چەک بداتە پێشمەرگە، بەڵکو دەبێت لەڕێگەی ناوەندەوە ئەو پرۆسەیە بە ئەنجام بگەیەنرێت”.

بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگە کە ناوی خۆی ئاشکرا نەکردووە، بۆ رۆژنامەی ئەلعەرەبی ئەلجەدید دەڵێت: “ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی سەربازیی هەریر هەر بە قەد ئەو ژمارە هێزەیە کە لە عەینولئەسەد لە ئەنبار هەیە و پێویستە بەغدا ئاگاداری ئەو وردەکارییانە بێت نەک ئێمە پێیان بڵێین”.

گاتع ریکابی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بۆ رۆژنامەکە دەڵێت: “هەر جموجۆڵ و هەماهەنگییەک لەنێوان هێزی پێشمەرگە و هەرێم و هێزەکانی ئەمریکادا هەبێت، بێ ئاگاداریی حکومەتی عێراق دەکرێن”.

وتیشی: “ئەمریکا سوودی لە ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بینیوە و دەستیکردووە بە فراوانکردنی بنکەی سەربازیی هەریر لە سنووری هەولێر”.

دەشڵێت: “هەولێر پارێزگایەکی عێراقییە و دەبێت ملکەچی بڕیارەکانی پەرلەمانی بەغدا بێت بە دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق و لەسەر حکومەتی ناوەندیش پێویستە لێکۆڵینەوە بکات لەوبارەیەوە”.

رۆژی 7ی کانوونی دووەمی ساڵی پار کۆماری ئیسلامی ئێران لەڕێی موشەکی بالستیەوە، ھێرشیکردە سەر بنکەی سەربازیی (عەین ئەسەد) لە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق کە سەربازانی ئەمریکا لەو بنکەیەدا جێگیر کراون.

هەمان شەو بنکەی سەربازیی هەریریش لە پارێزگای هەولێر کرایە ئامانج کە سەربازانی ئەمریکی تیایدا نیشتەجێن، هەرچەندە ئێران لەو دەمەدا وتی: “زیاتر لە 80 سەربازی ئەمریکی کوژراون، بەڵام ئەمریکا ئەم زانیارییانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this