زانیاری ورد لەبارەی دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی کردەوە تیرۆرستیەکانی شارەزوور ئاشکرادەکرێت

0
691

SNN

دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان (ئاسایشی شارەزوور و ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی ) ئەنجامدەرانی کردەوە تیرۆرستییەکەی شارەزوور و دانانی ئاڵای داعش، لە گوندی بەردەڕەش سەر بە قەزای سەیدسادق دەستگیرکرد.

دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا کە کۆپیەکی دەست SNN کەوتووە بڵاویکردەوە: ” رۆژی  24/ 1 / 2021 بەبڕیاری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم،  جوڵە بەھێزەکانی ئاسایش کراو لە چەند ھەڵمەتێکدا لە قەزای سەیدسایدق ھەرسێ تیرۆریست ( ج – ع ) و (ع – ع ) کەھەردووکیان برابوون لەگەڵ ( ع  – ع – ح )   دەستگیرکران کە پیلاندانەر و ئەنجامدەرانی کردەوە تیرۆریستییەکە بوون”.

دەزگا ئاسایش راشیگەیاندووە: “ئەو کەسانە مەرامیان بووە دوای ئەم کردەوە تیرۆریستیانە، چەند شوێن و جێگایەکی تری گشتی لە شارەزوور دەستنیشانبکەن و بیان تەقێننەوە “.

دەشڵێت: “بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە بەردەوام بوو، روونبووەوە چەند تۆمەتبارێکی تر ھاوکاری ئەم کردەوە تیرۆریستی و تۆقێنەرانە بوون، لەئۆپراسیۆنێکدا رۆژی 28/ 1 ئەمساڵ لەقەزای سەیدسادق ( ز- م ) دەستگیرکرا، لەھەمان رۆژ بەتاوانی ھاوبەش، ئەندامانی سەرجەم خێزانی تیرۆریستی تاوانبار ( ج – م ) دەستگیرکران، کە پێکھاتبوون لە دایکی بەناوی ( ب . ک ) و دوو خوشکی بەناوەکانی ( ب.ع /  ز . ع / ف .ع ) لەگەڵ ھاوسەری تیرۆریست ( ج -م ) بەناوی ( ب . ع ) . دەستیشگیرا بەسەر  ھەموو ئەو کەرەستە و کەلوپەل و پێداویستییانەی بۆ  کردەوە تیرۆریستییەکانیان بەکاریانھێنابوو”.

لەبارەی ناسنامەی ئەو کەسانەی کە دەستگیرکراون، دەزگای ئاسایش وتوویەتی: ” تیرۆریستی ج – ع و  ع – ع کوڕی تیرۆریست ( عومەری دایس ) ن – کە ئەندامی رێکخراوی القاعیدە بووە، و یەکێک بووە لە چەکدارەکانی تیرۆریستانی ( ئەنسار ئیسلام  ) لە ناوچەی ھەورامان، لەسەرەتای دروستبوونی ئەنسار ئیسلام لەساڵی 2001 بەشداری چەندین کردەوەی تیرۆریستی کردە و ساڵی 2003 دوای راودونانیان ھەڵھاتوون بۆ دەرەوەی سنووری ھەرێم، و لەگەڵ سەرھەڵدانی داعش دەکەونە ژێر کاریگەری فکری توندڕەوی تیرۆریستی”.

“هەروەها تیرۆریست ( ع . ع ) ناسراو بە خەڵات لەساڵی 2015 لەرێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەکەوێتە ژێر کاریگەری بیری توندڕەوی داعش و چەندجارێک ھەوڵی داوە بچێتەناو داعش و دواتر بڕیار دەدەن لەگەڵ تیرۆریست ( ج – ع )  لەسنوری شارەزوور بمێنەوە و شانەیەکی نوستووی داعش دروستبکەن و چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی لە سنوورەکە ئەنجامبدەن”.

SNN  ئەوەشی زانیووە لەماوەی رابردووشدا دوور لەچاوی میدیاکان، چەندین پیلانی تیرۆریستان لەھەرێم شکستیپێھێنراو  ئەندامەکانیان دەستگیرکران و رووبەڕووی دادگاکراونەتەوە، لەناوچە دابڕێندراوەکان و شارەکانی عێراقیش ھەماھەنگ و ھاوکاری بەردەوامی ھێزەعێراقییەکان و ھێزەکانی ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتین، بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ئاشکراکردن و دەستگیرکردنی چەندین شانەی تیرۆریستی داعش و پوچەڵکردنەوەی پیلانەکانیان .

دەزگای ئاسایشی هەرێم ستایشی ھێزەکانی ئاسایشی شارەزوور و ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی کە لەپاش کەمتر لەیەک مانگ ئەنجامدەرانی ئەو کردەوە تیرۆرستییەو گروپێکی  شانەی نوستووی داعشیان ئاشکراکرد و ئەندامەکانیان دەستگیرکرد و رادەستی یاسایان کرد .

سەرەتای کانوونی دووەمی مانگی رابردوو، لە بەرزاییەكی نزیك گوندی كانیسپیكەی سەربە قەزای سەیدسادق لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە ئاڵایەكی تیرۆریستانی داعش هەڵدەكرێت، لەكاتی رۆیشتنی تیمێكی ئاسایشی سنوورەكە بۆ داگرتنی ئاڵاكە بۆمبێكی چێندراو لەژێر ئاڵاكەدا دەتەقێتەوە.

پێشتر دیاری رەفیق، قایمقامی سەیدسادق لەبارەی رووداوەکەوە بە SNNی وتبوو: ” لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە ئاڵایەكی چەكدارانی داعش هەڵكراوە، دوای ئەوەی هێزەكانی ئاسایش ئاگادار كراونەتەوە لەو بابەتە تیمێكمان رۆیشتنە شوێنەكە لەو كاتەدا كە ویستویانە ئاڵاكە دابگرن بۆمبێك لەژێر ئاڵاكەدا دانراوە و تەقیوەتەوە بەو كارمەندانەی ئاسایشدا بە هۆیشەوە دوو كارمەند بریندار بوون”

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this