“من یه‌كه‌م كه‌س بووم كه‌ پێشنیارم كرد كازمى ببێته‌ سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق”

0
607

SNN
وه‌زیرى پێشووترى ده‌ره‌وه‌ى عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت: پێش ئه‌وه‌ى شیعه‌كان رازیبن به‌ كاندید كردنى مسته‌فا كازمى بۆ سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق خۆى و ئه‌یاد عه‌لاوى ئه‌و پێشنیاره‌یان كردووه‌، ده‌شڵێت: “په‌شیمان نین كه‌ پشتوانى مسته‌فا كازمیمان كردووه‌”.

له‌ نوێترین چاوپێكه‌وتنى ته‌له‌فزیۆنیدا كه‌ له‌گه‌ڵ میدیاكانى عێراق ئه‌نجامیداوه‌ هۆشیار زێبارى، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى پێشووترى عێراق ده‌ڵێت: “مسته‌فا كازمى له‌ ساڵانى 1990ه ‌كانه‌وه‌ هاوڕێى منه‌، هاوكات هاوڕێى ئه‌یاد عه‌لاوى، سیاسه‌تمه‌دارى دیارى عێراقه‌، من ‌و عه‌لاوى له‌ سه‌ره‌تاوه‌ پشتیوانى كاندید كردنى كازمى بووین بۆ پۆستى سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق”.

له‌باره‌ى چیرۆكى پشتیوانیكردنه‌كه‌ى له‌ سه‌رۆكوه‌زیرانى ئێستاى عێراق هۆشیار زێبارى ئه‌وه‌شده‌خاته‌ڕوو: “من یه‌كێكبووم له‌و كه‌سانه‌ى به‌شداربووم له‌ گفتوگۆكانى پێكهێنانى حكومه‌تى نوێى عێراق له‌دواى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى حكومه‌ته‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى، خۆم چووم بۆ لاى مسته‌فا كازمى و پێم وت: تۆ باشترین كه‌سى بۆ رێبه‌رایه‌تیكردنى عێراق له‌م دۆخه‌دا”.

وتیشى: “كه‌ ئه‌م قسه‌یه‌م پێوت كازمى حه‌په‌سابوو و دواتر ده‌ستیكرد به‌ پێكه‌نین، به‌ڵام من پێموایه‌ كه‌ ئه‌و پیاوى هاوسه‌نگییه‌ و پیاوى لایه‌نه‌كان نییه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێستاش په‌شیمان نیم له‌ كاندید كردن و وه‌ك كوردیش په‌شیمان نین له‌ پشتیوانیكردنى، چونكه‌ عێراق پێویستى به‌ كه‌سێكه‌ كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى هه‌مووان كار بكات، شیعه‌ و سوننه‌كانیش هه‌ر له‌به‌ر هه‌مان هۆكار پشتیوانییان كرد”.

هۆشیار زێبارى له‌باره‌ى دۆخى ئێستاى عێراقه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات: “ئه‌و كاته‌ى كه‌ ئێمه‌ ئۆپۆزسیۆن بووین و دواتریش كه‌ رژێمه‌كه‌ى سه‌دام حسێن رووخا، هیواى گه‌وره‌مان هه‌بوو و پاڵنه‌ره‌كانیشمان گه‌وره‌بوون بۆ بوونیادنانى عێراقێكى جیاواز، دواتریش هه‌ر به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ستوورمان نووسییه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌میشه‌ عێراق به‌ ته‌وافوق و له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌شدارى هه‌مووان به‌ڕێوه‌چووه‌ نه‌وه‌ك بنه‌ماى زۆرینه‌ و كه‌مینه‌ و لایه‌ن”.

له‌ به‌شێكى ترى قسه‌كانیدا باس له‌ تووڕه‌يى شه‌قامى سیاسى ئێستاى عێراق به‌رامبه‌ر هه‌رێمى كوردستان ده‌كات و ئه‌وه‌شده‌خاته‌ڕوو: “ئه‌و قسانه‌ى كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن باشوورى عێراق دژى هه‌رێمى كوردستانه‌ و هه‌رێمى كوردستان هۆكارى كێشه‌كانى باشوور و ناوه‌ڕاستى عێراقه‌، نا ئاقڵانه‌ و نا واقیعیانه‌ن، چونكه‌ ئامانجى ئه‌م بابه‌ته‌ خۆى دیاره‌”.

له‌باره‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانیشه‌وه‌ وه‌زیرى پێشووترى ده‌ره‌وه‌ى عێراق كه‌ هاوكات ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى دیموكراتى كوردستانه‌ ئه‌وه‌شده‌خاته‌ڕوو: “ده‌رگاى ئێمه‌ى كورد بۆ دروستكردنى هاوپه‌یمانیه‌تى كراوه‌یه‌، هه‌ركات گفتوگۆكانمان له‌گه‌ڵ هێزه‌ گه‌وره‌كان ده‌ستپێكرد ئه‌وكات ئه‌م بابه‌ته‌ش ئه‌گه‌رى روودانى هه‌یه‌، ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌تییه‌ى كه‌ پێش هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كرێت شێوه‌ى سه‌رۆكوه‌زیرانى داهاتووى عێراق ده‌ستنیشان ده‌كات، خواستى ره‌وتى سه‌در بۆ وه‌رگرتنى ئه‌و پۆسته‌ خواستێكى سیاسییه‌”.

هۆشیار زێبارى له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا ستایشى عه‌لى عه‌لاوى، وه‌زیرى دارایی عێراقیش ده‌كات و ده‌ڵێت: “بڕیاره‌كانى له‌باره‌ى قه‌یرانى دارایی و چۆنیه‌تى مامه‌ڵه‌كردنى له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌ به‌رپرسیارانه‌ و ئاقڵانه‌یه‌”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this