جەبار یاوەر “داعش تەنیا ئیمارەتەکەی لەدەستداوە، بەڵام بەردەوامە لە کردەوەی تیرۆریستی”

0
167

SNN

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، جەبار یاوەر دەڵێت: هەڕەشەی تیرۆر لەسەر هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق ماوە و جەخت لەوە دەکاتەوە رێکخراوی تیرۆریستی داعش تەنیا ئیمارەتەکەی لەدەستداوە بەڵام بەردەوامە لەسەر مەشقپێکردنی چەکدارەکانی و کردەوەی تیرۆریستی.

جەبار یاوەر بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: پێشوازی لە هەر هێزێکی نێودەوڵەتی دەکەن کە لەسەر بنەمای رێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی بیەوێت یارەمەتیدەری هێزەکانی عێراقی بێت، بەڵام دەشڵێت، تا ئێستا لەبارەی بوونی راوێژکارانی ناتۆ و لەوانەش راوێژکارانی تورکیا، هیچ ئاگادارییەکیان بۆ نەهاتووە و هیچ نووسینگەیەکی ناتۆش لە هەرێمی کوردستان نەکراوەتەوە.

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر هێرشە مووشەکییەکەش بۆ سەر هەولێر دەڵێیت: لێکۆڵینەوە لەو ئۆتۆمبێلە دەکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت چۆن هاتووەتە سنووری هەولێر، هەروەها سەرەڕای ئەوەی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق لە 9ی کانوونی یەکەمی ساڵی 2017 کۆتاییهاتنی داعشی لە رووی سەربازییەوە راگەیاند، بەڵام ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا کە ئەوان ئاماری وردیان لەسەر چالاکییەکانی داعش هەیە و بە پێی ئەو ئامارانە لەم ساڵیشدا کردەوە تیرۆریستییەکانی داعش هەر بەردەوامن.

ئەمینداری گشتی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لەبارەی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش وتی “ئەو هێزانەی لە عێراقدا بوون و هەندێکیان لە کوردستان بوون تاوەکو ئێستا، ئەوانە پێیان دەگوترێت هێزەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، ئەو هاوپەیمانێتییەی لە مانگی ئابی ساڵی 2014 پێکهێنرا کاتێک داعش هێرشی کردە سەر عێراق و بووە هەڕەشەیەک لەسەر بەغدا ئەو هاوپەیمانێتییە دروستبوو بە رێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ و هەندێک هێزیان هێنا و هەندێک راوێژکار و مەشقپێکارییان هێنا، بەشێک لەو مەشقپێکارەنەشیان پاش رێککەوتنیان لەگەڵ بەغدا هاتنە هەرێمی کوردستان و دەستییان کرد بە مەشقپێکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و راوێژپێکردنییان و جگە لەوەش دابینکردنی هەندێ چەک و تەقەمەنی لەکاتی شەڕی داعش، ئینجا ئەگەر ئێستا ناتۆ هێز بهێنێتە عێراق ئەمە بەڵگەیە بۆ ئەو هەواڵانەی لەماوەی رابردوو بڵاوکرانەوە کە ئەو هاوپەیمانێتییەی دژ بە داعش کۆتایی دێت پاش ماوەیەکی دیکە ئەمە رەنگە ببیتە بەدیلی ئەو هاوپەیمانێتییە و ناتۆ رێککەوتنێکی فەرمی لەگەڵ عێراق دەکات و دێتە جێی ئەوان، ئەمە وەک پیشبینییەک دەیڵێم چونکە ئەو ژمارەیەی ئەوان دیارییان کردووە کە نزیکی 5000 کەس دەهێنن هێزەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیش هەر نزیکەی ئەوەندە هێزیان هەیە لە عێراقدا بەگشتی”.

روونیشیکردەوە “هێشتا هەڕەشەی تیرۆر لەسەر هەرێمی کوردستان ماوە، هەڕەشەی تیرۆر لەسەر هەموو عێراق و ناوچەکەش ماوە، لەبەر ئەوەی داعش کۆتایی پێنەهاتووە، رێکخراوی تیرۆریستی داعش رێکخراوێکی تیرۆریستی جیهانییە تەنیا لە کۆتایی 2017 ئیمارەتەکەی لەدەستچوو ئەگینا وەک رێکخراوێک خۆی رێکخستەوە و بەردەوامی داوە بە کارە تیرۆریستییەکانی خۆی هەم لەرووی فکرییەوە هەم لەرووی کاری چەکداری تیرۆریستییەوە، ئەشبینین ساڵ بە ساڵ جموجۆڵەکانی فراوانتر دەبێت بەتایبەت لەو ناوچانەی کە لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدان لەو هێڵانەی هێزەکانی پێشمەرگە لێی دابەشبوون لەگەڵ ئەو هێڵەی سوپای عێراقی لێیە و بەتایبەتتریش ئەو ناوچانەی کە بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ناویان دەبەین و سەر بە ماددەی 140ن لە پارێزگاکانی دیالە و سەڵاحەدین و کەرکووک و هەولێر و مووسڵ”.

ئەو باسی لەو بۆشاییە ئەمنییەش کرد کە لە هەندێک ناوچە لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا دروست بووە و رایگەیاند، “دابەشبوونی هێزەکانی پێشمەرگە هێڵێکە لە خانەقین دەستپێدەکات و لە رەبیعە کۆتایی دێت، نزیکی 1000 کیلۆمەتر زیاترە لەبەرامبەر ئەودا هێڵێکی دابەشبوونی سوپای عێراق و هێزەکانی دیکەی عێراق هەیە لەنێوانی ئەم دوو هێڵەشدا لە هەندێک شوێن بۆشایی ئەمنی هەیە کە لەهەندێکیان دەگاتە 40 کیلۆمەتر پانتایی 20 کیلۆمەتر درێژی لە چەند شوێنێکی زۆر بەتایبەت زیاتر ئەو بۆشاییانە دەکەوێتە پارێزگای دیالە، دەکەوێتە ناوچەکانی پارێزگای سەڵاحەدین و هەندێک ناوچەکانی کەرکووک تا دەگاتە قەرەچوخ، لە ناوچەکانی مووسڵ ئەم بۆشاییە کەمترە هێڵەکان لێک نزیکبوونەتەوە و بۆشاییەکی زۆریان لەنێواندا نییە”.

جەبار یاوەر ئاشکرای کرد داعش لەو بۆشاییە کەڵکی پێویستی وەرگرتووە بۆ مەشقپێکردنی چەکدارەکانیان و دەڵێت “جگە لەوەش هەندێک شوێنی درێژی هەیە هێزی تێدا نییە نە هێزی عێراقی و نە پێشمەرگە، ئەمەش وایکردووە کە تیرۆریستانی داعش نەک تەنیا کاری تیرۆریستی ئەنجامبدەن بەڵکو توانیویانە بنکەو بارەگا دابنێن وەک ئەوەی لە قەرەچوغ هەیە و چەند جارێک فڕۆکەکانی هاوپەیمانان لێیاندان وەک حەمرین و ناوچەکانی دەوروپشتی خانەقین و نێوان خانەقین و جەلەولا و ناوچەکانی قەرەتەپە، ناوچەکانی نێوان دووزخورماتوو- کفری، بنکەیان هەیە لە هەندێک شوێن هەیە مەشق دەکەن”.

دەربارەی هێرشە مووشەکیيەکەی سەر هەولێر و ئەو لیژنەیەی پێکهێندرا بۆ لێکۆڵینەوە لێی کە ئایا کارەکانی گەیشت بەکوێ و چ لایەک لەو لیژنەیە بەرپرسە، جەبار یاوەر رایگەیاند “بەهەمان شێوە وەزارەتی ناوخۆ لەمەش بەرپرسە، وەک باسمکرد لەبەر ئەوەی پاراستنی ئەمنییەتی شارەکان ئەرکی هێزەکانی ناوخۆیە ئەرکی پێشمەرگە نییە بۆ نموونە هەموو هەولێر بگەڕیین هیچ شوێنێک نییە پاراستنی بە ئێمە سپێردرابێت، نە وەزارەتەکان نە کۆنسوڵگەرییەکان نە خودی فڕۆکەخانە هەموو ئەو ئەرکە دەگەڕێتەوە بۆ هێزەکانی پاراستنی ناوخۆ لەبەر ئەوە پاش ئەو رووداوە وەزارەتی ناوخۆ خۆی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی دروستکرد بە هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانان چونکە بەشێک لەو مووشەکانە لە بارەگاکانی هاوپەیمانان درابوو کە لەناو سنووری فرۆکەخانەدان و ئەوان بەیەکەوە دەستییان کردووە بە لێکۆڵینەوە و هەر ئەو شەوە توانییان ئەو ئوتومبیلە کە لەجۆری کیابوو لە شوێنێکی نزیک هەولێر بدۆزنەوە کە قاعێدەی مووشەکەکانی لەسەر بوو، ئەوەیان دۆزیەوە بەڵام هەتاوەکو ئێستاش لە هەوڵدان بۆئەوەی بزانن بکەرەکان کێن و چۆن ئەو ئوتومبیلە گەیشتووەتە ناو هەولێر و سنووری هەولێر، بۆئەوەی بتوانن رێگری لەوە بکەن جارێکی دیکە رووداوی وا روونەدات”.

وتیشی: “رووداوەکەی پێشتری مانگی نۆی ساڵی 2020 لە بەرتلەوە بوو واتە لەدەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بوو و مووشەکەکانیش دوور هاوێژتر بوون بەڵام ئەمەیان لەناو هەرێمی کوردستانەوە بوو دەبێت زیاتر لێی بکۆڵنەوە کە چۆن ئەو ئوتومبیلە گەیشتووەتە ئەو شوێنە و لە هەمان رۆژیشدا کازمی فەرمانی پێکهێنانی لیژنەیەکی دەرکرد و ئەم دوو لیژنەیە بەیەکەوە هەماهەنگی دەکەن بۆ گەیشتن بەوەی کە بزانن کێیە و چۆن بووە و ئەگەر خەڵکێک دەستنیشان بکرێت کە دەستی لە رووداوەکە هەبووە دەستگیربکرێت و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکرێت، ئێمە وەک وەزارەتی پێشمەرگە ئەرکەکەمان هاوکاریکردنی ئەو لیژنەیەیە بە زانیاری، ئێمە بەریوەبەرایەتی گشتی هەواڵگری پێشمەرگەمان هەیە هاوکاری لیژنەکە دەکات بە پێدانی زانیاری”.

دەربارەی پرۆژەی چاکسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە پشکی شێری بەر وەزارەتی پێشمەرگە کەوتووە بەو پێیەی گرفتێکی زۆر لەناو وەزارەتی پێشمەرگە هەیە، تاوەکو ئێستا قۆناغەکانی چاکسازی لەنیو وەزارەتی پێشمەرگە بەکوێ گەیشتووە، جەبار یاوەر رایگەیاند “ئەوەی پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە پێنج خاڵە، هەر خاڵێک پەیوەندی بە بابەتێکەوە هەیە، خاڵیک پەیوەندی بە یەکەکانی ژمێریارییەوە هەیە کە چۆن یەکەکانی ژمێریاری یەکدەخرێت، خاڵیکیش پەیوەندی بە کەمئەندامان و خانەنشینانەوە هەیە چۆن پێداچوونەوەیان پێدا بکریت، خاڵێک پەیوەندی بە دۆسیەوە هەیە کە چۆن دۆسیەکانی پێشمەرگە رێکبخرێنەوە، خاڵێکیش پەیوەندی بە پێکهاتەی گشتی وەزارەتی پیشمەرگەوە هەیە، خاڵێکی دیکەیان پەیوەندی بە هەندێک رێنمایی هەیە دەربارەی راژەی پێشمەرگە و پلە بەرزکردنەوە، بەپێی فەرمانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ جێبەجێکردنی ئەم خاڵانە دەبێت لیژنەی وەزارەت هەبێت و خودی وەزیر سەرۆکایەتی لیژنەکە بکات و لێپرسراوە باڵاکان ئەندامبن تیایدا وە پێنج لیژنەی لاوەکیمان دروستکردووە بەپێی فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران، هەر پێنج لیژنەکە راسپاردەکانی خۆیان ئامادەکردووە و پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران کراوە بۆچۆنییەتی میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەی لەسەرەوە باسمان کرد، چاوەڕێی فەرمانی ئەنجومەنی وەزیرانین بۆئەوەی دەستبەکاربن، لەبەر ئەوەی ئەو خاڵانەی پەیوەستن بە ئێمە هەندێکی پەیوەندی هەیە بە نێوانی ئێمە و وەزارەتی ناوخۆ هەیە کە بابەتی پاسەوانەکانە، هەندێکی پەیوەستە بە پەیوەندی نێوان ئێمە و وەزارەتی دارایی کە پەیوەندی بە بابەتی ژمێریاری و ئەو بابەتانە هەیە و هەندێکیشی پەیوەندی بە نێوانی ئێمە و وەزارەتی شەهیدان هەیە، لیژنەکانی ئێمە لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانە دانیشتوون و میکانیزمەکەمان ئامادەکردووە و رای خۆمان پێشکەشکردووە ماوەتەوە سەر فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ جێبەجێکردن”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this