لاهور شێخ جەنگی: رێگه‌ ناده‌ین هه‌ڵه‌ی كه‌مینه‌یه‌ك، راپه‌ڕینه‌ شكۆداره‌كه‌مان له‌كه‌دار بكات

0
263

SNN

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت: “ئه‌مڕۆ و٣٠ ساڵ دوای راپه‌ڕین، خه‌ڵكی كوردستان ده‌یانه‌وێت دڵنیابن كه‌ سه‌روه‌ریی یاسا و ئازادییه‌كان، ئاسایشی كار و پیشه‌یان‌، مووچه‌ و قووت و كه‌سابه‌ت و ژیانیان، له‌ده‌ست كه‌مینه‌یه‌كی مشه‌خۆر، پارێزراو بێت”.

راشیدەگەیەنێت: “ره‌وتی رێكردنی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوای راپه‌ڕین، ئاراسته‌ی هه‌ڵه‌ و، پێچه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانییه‌ نیشتمانییه‌كانی وه‌رگرتووه‌ و، پێویسته‌ راست بكرێته‌وه‌، و ئه‌گه‌ر فریا نه‌كه‌وین، راپه‌ڕینه‌كه‌مان، سه‌ری دروشمه‌كانی ده‌خوات”.

بەبۆنەی یادی 30 ساڵەی راپەڕینی ئازاری گەلی کوردستان، لاهور شێخ جەنگی پەیامێکی بڵاوکردەوە کە ئەوە دەقەکەیەتی:

 

 

كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان

پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان

كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان

پیرۆزبایی (٣٠) هه‌مین ساڵیادی راپه‌ڕینتان لێ ده‌كه‌م. ٣٠ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، له‌ رۆژێكی پیرۆزی وه‌كو ئه‌مڕۆ و، له‌ ده‌روازه‌ی سه‌وزی راپه‌ڕینه‌وه‌، تۆماری ده‌یان ساڵ ته‌عریب و ته‌بعیس، قڕكردن و كاولكاریی رژێمی به‌عسی خوێنڕێژ پێچرایه‌وه‌. له‌ راپه‌ڕیندا، رووناكی به‌سه‌ر تاریكی، ئازادیی به‌سه‌ر ژێرده‌سته‌یی، گه‌ردن به‌سه‌ر په‌تی سێداره‌، دایكی شه‌هید به‌سه‌ر كۆست و، یه‌كێتییه‌كه‌تان به‌سه‌ر دوژمندا سه‌ركه‌وت. راپه‌ڕین، به‌رهه‌می خوێنی ده‌یان هه‌زار شه‌هید، به‌رئه‌نجامی شۆڕشی نوێ و، بەشداریی و پشتیوانیی کارایانەی کۆمەڵانی خەڵک و، چه‌پكه‌ گوڵی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال بوو بۆ گه‌لی كوردستان.

له‌م ساڵیاده‌دا وه‌فادارین به‌رامبه‌ر یاده‌وه‌ری و پیرۆزییه‌كانمان، له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ له‌یادمان بێت كه‌ خه‌ڵكی كوردستان، ته‌نها به‌ یاده‌وه‌ری ناژی. به‌ڵكو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك، داواكاری ئێستایه‌كی ئازاد و خزمه‌تگوزار، ژیانێكی شایسته‌ و ئاینده‌یه‌كی باشترن. له‌م رۆژگاری نادڵنیاییه‌دا، كه‌ تاكڕه‌ویی وهه‌لپه‌ره‌ستی و كه‌مته‌رخه‌میی كه‌مینه‌یه‌كی خۆسه‌پێن، بوون به‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆسه‌ر ئه‌زموونه‌كه‌مان، خه‌ڵكی كوردستان ده‌یانه‌وێت بزانن، ئه‌و ئازادی، ئاشتی، دیموكراسی، مافی مرۆڤ و مافی چاره‌ی خۆنووسینه‌ی كه‌ یه‌كێتی له‌پێناودا دامه‌زراوه‌، به‌ كوێ ده‌گات.

به‌ها باڵا سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی یه‌كێتی، هیواكانی خه‌باتی رزگاریی نیشتمانی، و ده‌سكه‌وته‌كانی راپه‌ڕین – كه‌ ده‌یان هه‌زار شه‌هید و تێكۆشه‌ری قاره‌مان گیانی خۆیان له‌پێناو به‌خشی، چییان لێ دێت. كێ كوردستانه‌كه‌مان له‌ داگیركاری، له‌ مشه‌خۆری و قۆرغكاریی ده‌سه‌ڵاتێكی ناپه‌سه‌ند ده‌پارێزێ و رزگار ده‌كات. ئه‌مڕۆ و٣٠ ساڵ دوای راپه‌ڕین، خه‌ڵكی كوردستان ده‌یانه‌وێت دڵنیابن كه‌ سه‌روه‌ریی یاسا و ئازادییه‌كان، ئاسایشی كار و پیشه‌یان‌، مووچه‌ و قووت و كه‌سابه‌ت و ژیانیان، له‌ده‌ست كه‌مینه‌یه‌كی مشه‌خۆر، پارێزراو بێت.

خه‌ڵكی كوردستان مافی خۆیانه‌ داوا بكه‌ن كه‌ هه‌رێمه‌كه‌مان نه‌كرێت به‌ قوربانیی ململانێی شه‌خسی، بوژاندنه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌مان‌ نه‌درێته‌ به‌ر ڤیتۆی پلانێكی حزبی، حوكمڕانیی تێكه‌ڵ به‌ حه‌زی بنه‌ماڵه‌ نه‌كرێت و، به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌ت و كه‌له‌ ره‌قیی سیاسی، سه‌ری ده‌سكه‌وته‌كانی راپه‌ڕین نه‌خوات. تێگه‌یشتن له‌م داوا ره‌وایانه‌، ئه‌وه‌ندی تر هانمان ده‌دات كه‌ راستگۆ و راشكاو بین له‌گه‌ڵ میلله‌تی خۆمان. بۆیه‌ زۆر راشكاوانه‌ و‌ له‌م ساڵیاده‌ی راپه‌ڕین دا، رایده‌گه‌یه‌نم كه‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراق، كێشه‌ی بنچینه‌یی هه‌یه.

ره‌وتی رێكردنی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوای راپه‌ڕین، ئاراسته‌ی هه‌ڵه‌ و، پێچه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانییه‌ نیشتمانییه‌كانی وه‌رگرتووه‌ و، پێویسته‌ راست بكرێته‌وه‌، و ئه‌گه‌ر فریا نه‌كه‌وین، راپه‌ڕینه‌كه‌مان، سه‌ری دروشمه‌كانی ده‌خوات. من و هاوبیره‌كانم له‌ ناو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له‌م‌ پرسیار و كێشه‌ و پێویستییه‌ بنچینه‌ییانه‌، له‌ نیگه‌رانی و داواكارییه‌ ره‌واكانی گه‌له‌كه‌مان تێ ده‌گه‌ین و به‌شانازییه‌وه‌، نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ین. بۆیه‌ له‌م رۆژه‌ مێژووییه‌دا و هه‌ر له‌م مینبه‌ره‌ كراوه‌یه‌وه‌، رایده‌گه‌یه‌نم ‌ له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی سیاسی و نیشتمانی له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كوردستانییه‌كان، پشتئه‌ستوور به‌ پشتیوانیی كه‌سوكاری شه‌هیدان، پشتئه‌ستوور به‌ پشتیوانیی خه‌ڵكی كوردستان‌، هه‌وڵی راستكردنه‌وه‌ی ئه‌م مۆدێله‌ چه‌وته‌ له‌ حوكمڕانی ده‌ده‌ین و، رێگه‌ ناده‌ین هه‌ڵه‌ی كه‌مینه‌یه‌ك، راپه‌ڕینه‌ شكۆداره‌كه‌مان له‌كه‌دار بكات و ئه‌و رووباری خوێن و ئه‌و قوربانیدانه‌ی میلله‌ته‌كه‌مان له‌م پێناوه‌دا به‌خشیوونی، به‌ فیڕۆ بڕوات.

 

 

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this