داعش چاوی بڕیوەتە گرتووخانەیەکی کەرکوک، بۆچی هۆزە عەرەبەکان چەکدار دەکرێن؟

0
5219

SNN- عیماد جەباری

لەناوەڕاستی مانگی نیسانەوە داعش پەلامارەکانی لەکەرکوک چڕکردووەتەوە، تادێت سنوری جموجۆڵ و کردەوە تیرۆرستییەکانیش فراوانتر دەکات بەشێوەیەک هەوڵدەدات هێرش بکاتە سەر سەنتەری شارەکە و چەند گەڕەکێک کۆنترۆڵ بکات، ئەمەش بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکان.

دەزگا هەواڵگرییەکانی عێراق زانیاری وردیان لەبارەی پیلانێکی داعش دەستکەوتووە کە بۆ هێرشکردنە سەر ناوەندی شارەکە ئامادەیکردووە و ئامانجی سەرەکیشی بینای گرتن و گواستنەوەی کەرکوک و داگیرکردنی چوار گەڕەک و داخستنی دوو رێگای سەرەکییە.

وێنە.. ئەرشیف

نوسراویکی نهێنی پیلانەکە ئاشکرا دەکات

بەپێی نوسراوەکە کە لەبەردەستی  SNNدایە، سەرەتای پیلانەکەی داعش بەهاوکاری شانە نوستووەکان هەڵدەستێت بە تەقاندنەوەی ژمارەیەک بۆمب و هێرشکردنە سەر دەزگایەکی ئەمنی، هاوکات لەگەڵ هێرشەکەدا لەقەزای داقوق و دەوروبەری پەلاماری حەشدی شەعبی و سوپای عێراق دەدرێت تاوەکو سەرقاڵیان بکەن بەو ناوچانەوە و ئاگاداری هێرشە سەرەکییەکە نەبن کە مەبەست لێی سەنتەری شارەکەیە.

گەڕەکەکانی (پەنجاعەلی، عروبە، واحد حوزەیران و ٥٥ی دۆمێز) جێی برەوی داعشە

هەواڵگری ئەوەشی زانیوە کە داعش لەهێرشەکەیدا گرتوخانەی گرتن و گواستنەوەی کەرکوک دەکاتە ئامانج و ژمارەیەک گەڕەک داگیر دەکات لەنێویاندا (پەنجاعەلی، عروبە، واحد حوزەیران و ٥٥ی دۆمێز) هەروەها لەڕێگەی بۆمنی چێندراو بازگەی وەهمییەوە رێگەی کەرکوک – دوبز و کەرکوک – حەویجە دادەخەن.

چەکدارێکی داعش

هۆشداریش لەکارێکی دیکەی داعش دراوە کە بەنیازە هێزە ئەمنییەکان و سەرکردەکانی حەشدی شەعبی و کەسایەتییە عەشایەرەکان لەناحیەی زاب و سنوری قەزای دوبز بکاتە ئامانج، هێرشیش بکاتە سەر هێزە پاسەوانەکانی کێڵگەی خەبازە و وێستگەی کارەبا.

داعش کوشتنی کۆمەڵێک ئەفسەری مەبەستە

هەروەها لەڕێگەی دەمانچەی بێ دەنگ و بۆمب و دەستڕێژی راستەوخۆوە پیلانی داڕشتووە بۆ کوشتنی کۆمەڵێک ئەفسەر و کارمەندی هێزە ئەمنییەکان.

 

دەزگای هەواڵگری عێراق لەراپۆرتەکەیدا رایگەیاندووە کە بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانە، زیاتر لە ٣٠٠ چەکداری داعش لەتورکیاوە بەرەو سوریا جوڵەیانکردووە تاوەکو لەڕێگەی زنجیرە چیای شنگالەوە خۆیان بگەیەننە زنجیرە چیاکانی دوبز لەرۆژئاوای کەرکوک، بۆ ئاشکرانەبوونیشیان بەشێوەی گروپی بچوک بچوک لەناوچەکە دەپەڕنەوە.

چاودێری دۆخەکە دەکرێت

ئەم زانیارییە هەواڵگرییانە وایکردووە هێزە ئەمنییەکان خاڵەکانی پاسەوانی لەدەوروبەری دەزگاکانیان توندوتۆڵتر بکەن و خاڵی جێگریش لەو گەڕەکانە دابنرێت کە مەترسییان لەسەرە.

لەڕێگەی مۆلیدەکانی شارەوە زانیاری کۆدەکرێتەوە

هەروەها بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری کەرکوک و دەزگای هەواڵگری سەربازی لەڕێگەی موەلیدەکانەوە سەرقاڵی دابەشکردنی فۆڕمێکە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر دانیشتوانی زۆربەی گەڕەکەکان بەمەبەستی دۆزینەوەی کەسە گوماناوییەکان و چەکدارانی داعش کە دزەیان کردووەتە نێو شارەکەوە.

لیوای 61 کە سەرپەرشتی مەلەفی ئەمنی سەنتەری شارەکە دەکات، هەڵمەتەکانی گەڕان و پشکنینی لەگەڕەکەکان چڕکردوەتەوە و راشیگەیاندووە “کە لەماوەی مانگ و نیوێکدا زیاتر لە ٥٠ چەکداری داعشی دەستگیرکردووە و چەند تۆڕێکی نهێنی ئەو گروپەشی هەڵوەشاندوەتەوە.”

لەگەڵ زیادبوونی هێرشەکانی داعش، خەڵکی ناوچەکانی باشوور و رۆژئاوای کەرکوک کەوتوونەتە دۆخێکی شڵەژان و دڵەڕاوکێوە، چونکە ترسیان هەیە جارێکی دیکە هێزە سەربازییەکان بەجێیانبهێڵن و ناوچەکانیان بکەوێتەوە دەستی داعش.

ئەوەش وایکرد بەشێک لە سەرۆک هۆزەکانی جبور، عوبێد و ئەلبوحەمدان داوای چەک هەڵگرتن لە گەنجەکانیان بکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش کە بەڕای چاودێرانی ئەمنی ئەو هەنگاوەش مەترسیدارە، چونکە جگە لەوەی پێچەوانەی کارنامەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانە، هۆکارێکیشە بۆ ئەوەی رۆژێک ئەو خەڵکە دژی حکومەت یاخود لەکێشە کۆمەڵایەتییەکاندا بەکاریبهێنن.

بۆ کەمکردنەوەی هەڕەشەکانی داعش لەسەر کەرکوک پێویستە پەلە بکرێت لە دروستکردنی ژووری ھاوبەشی ئۆپراسینۆنەکان لەنێوان ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق.

خەڵکی ناوچەکە دەڵێن ھێزی پێشمەرگە چەندینساڵ لە سنورەکە بوون و شارەزای جوگرافیا و شەڕی دژ بەداعشن و ئەزمونی سەرکەوتنی داعشیان ھەیە، بۆیە قورسە بەبێ ئەو ھێزە بتوانرێت تەواوی سنورەکە کۆنترۆڵ بکرێت و مەترسییەکانی تیرۆریستان دوور بخرێتەوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this