وەزارەتی بازرگانی: 11 ناوچەی پیشەسازی لە هەرێم دروست دەكرێت

0
259

SNN

وەزارەتی بازرگانی و پيشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان رايگەياند: “بە هەماهەنگی كۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەكان، هەوڵدەدەن 11 ناوچەی گەورەی پیشەسازی دروستبکەن”.

فەتحی محەمەد، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم لە لێدوانێکيدا رايگەياند: “وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە پلانیدایە لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان و لایەنی پەیوەندیدار، هەوڵی دامەزراندن یان پەرەپێدانی 11 ناوچەی پیشەسازی بدات”.

ئاماژەی بەوەشکرد: “ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆی ئەوەی ژێرخانی پیشەسازیی هەرێم قۆناغێكی نوێ بەخۆیەوە ببینێت و بەرهەمی ناوخۆ بگاتە ئاستێكی زۆر بەرز”، وتيشی “ئەو 11 ناوچە پیشەسازییە دەرفەتی گەورە دەڕەخسێنن بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان، دەرفەتێكی گەورەش دەبێت بۆ وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرەكی”.

وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی راشیگەیاند: “ئەو ناوچانە كەرتی تایبەت دروستیان دەكات و پەرەی پێدەدات، بەڵام بە سەرپەرشتیی حكومەت، دەتوانین بڵێین هاوبەشن لەنێوان كەرتی تایبەت و حكومەت”.

دەشڵێت “تا ئێستا چەند لایەنێك گرنگییان بە باتەكە داوە، لایەنی بیانی وەك وڵاتانی ئیمارات و ئوردن، بەڵام وەبەرهێنەرانی ناوخۆ زیاتر گرنگی بەو بابەتە دەدەن”.

ئاشكراشیكرد: “لە هەرێمی كوردستان سێ هەزار و 566 كارگە و كۆمپانیا هەن، لە لیستی كۆمپانیا بیانییەكانیشدا توركیا بە زیاتر لە هەزار و 600 كۆمپانیا و كارگە لە پلەی یەكەمدا دێت و دواتر ئێران و ئيماراتيش لە پلەی سێیەمدايە، لەرووی وەبەرهێنانیشەوە توركیا زۆرترین وەبەرهێنانی لە هەرێمی كوردستان كردووە”.

لەبارەی دابەشبوونی ناوچەیی ئەو پرۆژانە، وتەبێژی بازرگانیی هەرێم وتی: “بەپێی رێككەوتنی نێوان وەزارەتی بازرگانی و وەزارەتی شارەوانی و دەستەی وەبەرهێنان، پێویستە ئەو ناوچە پیشەسازییانە لە دەرەوەی شارەكان بن و نزیك نەبن لە شوێنی نیشتەجێبوون و پابەندی ڕێنماییە ژینگەییەكان بن و نەبنە هۆی پیسبوونی ئاووهەوا”.

ئەوەشی خستەڕوو: “لە پارێزگای هەولێر سێ ناوچە دروست دەكرێت و لە سلێمانی چوار و لە دهۆك و هەڵەبجە و گەرمیانیش چەند ناوچەیەك دروست دەكرێن”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this