لەچەند رۆژی داهاتوودا حکومەت رێنمایی لێخۆشبوون لەکرێی موڵکەکانی دەردەکات

0
316
لۆگۆی حکومەتی هەرێم | فۆتۆ: SNN

SNN

سەرۆكی كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستان رایدەگەیەنێت: تاوەکو ئێستا حکومەت بڕیاری نەداوە کرێی خانوو کەمبکاتەوە و هیچ یاسایەکیش نییە خاوەن خانوو ناچار بکات بە کەمکردنەوەی کرێی خانوو.

گۆران عەوێنەیی، سەرۆكی كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستان بە SNNی راگەیاند: “ئێمە تائێستا کار بەیاسایی بەكرێدانی عێراقی دەكەین و لە پەرلەمانی كوردستان هیچ یاسایەك نییە خاوەن موڵك ناچار بكات كە لە كرێچییەكانی خۆشبێت”.

وتیشی: “بەیەك مەرج دەتوانرێت خاوەن موڵك ناچار بكرێت، ئەویش ئێمە یاسایەكمان هەیە لە كوردستان كە یاسای باجە، لە یەك ساڵدا 11 مانگ کرێی خانووەکە بۆ خاوەن موڵكە، یەك مانگیش بۆ حكومەتە، ئەگەر حكومەت لەیەك ساڵی باجی خۆی خۆشبێت كە دەكاتە کرێی یەک مانگ یان دوو ساڵ كە دەكاتە دوو مانگ، ئەوكاتە خاوەن موڵك دەتوانرێت ناچار بكرێت لەكرێی یەك یان دوو مانگی كرێچییەكانی خۆشبێت”.

وتیشی: “ئەو پڕۆژەیە تاوەكو ئێستا لەلایەن حکومەتەوە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، بەڵام ئێمە قسەمان لەسەر كۆمەڵێك شت هەبوو ئەویش دەبێت حكومەتی هەرێم یەكەمجار لەخۆیەوە دەستپێبكات و خۆشبەختانە ئێستا لەخۆیەوە دەستیپێكردووە، ئەیش لێخۆشبوونی کرێی موڵکەکانی حکومەتە، چونكە حكومەت موڵكێكی زۆری هەیە لەكوردستان کە ئەویش بەڕێژەی ٨۰٪ی لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف بەکرێدراوە بەشەکەی تریان لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و وەزارەتی دارایییەوە بەکرێدراوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد: “حكومەت لەم ڕۆژانەدا رایدەگەیەنێت كە ئەو وەكو حكومەت لەكرێكانی خۆی خۆشدەبێت و شێواز و جۆری لێخۆشبوونەکان رووندەکاتەوە”.

سەرۆكی كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستان روونیكردەوە: “ئێمە یاداشتمان داوە بەحكومەت و سەرۆكی فراكسیۆنەكان و لەپەرلەمانی كوردستانیش كۆبوونەتەوە و پێشنیازیان داوەتە ئەنجومەنی وەزیران ئەوانیش كۆبوونەوەیان لەسەر كردووە و چاوەڕوانی كۆبوونەوەی كۆتایی دەكەین كە بڕیاری لێبدرێت، چونكە لە كۆبوونەوەی رابردوو بڕیاری ئەوەیان داوە ئەوان لەكرێكانی خۆیان خۆشدەبن”.

دەشڵێت: “پێشبینیدەكەین حكومەت بڕیارێكی باش دەربكات لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان، چونكە ئەوەی قورس بوو ئەوەبوو كە حكومەت لەكرێكانی خۆی خۆشبێت لەبەرئەوەی پەیوەندی بەداهاتی ناوخۆوە هەیە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this