یاسای دادگای فیدراڵی داهاتووی کورد و قەوارەی هەرێم دەخاتە مەترسییەوە؟

0
328

SNN

پاش پەسەند کردنی یاسای داگای فیدراڵی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، هێشتا کورد نوێنەرایەتیی تێدا ناکات سەرەڕای ئەوەی مافی هەیە بە 2 ئەندام بەشدار بێت، هۆکارەکانیش سیاسی و نەتەوەیین، بەوتەی پەرلەمانتارێک، دیاریکردنی دادوەر دراوەتە دەست حیزب.

پسپۆڕێکی یاسایی دەڵێت: “بەشداری نکردنی کورد لە دانیشتنی پەسەند کردنی یاساکەدا هۆکار بووە بۆ ئەوەی کورد وجودی نەبێت لە دادگاکەدا”.

“کورد بەشداری کەمی هەبوو لە پەسەندکردنی یاساکەدا”

عەلی تەمیمی بۆ SNN ئاشکرایکرد “بەپێی یاسا نوێیەکە بە راوێژ لەگەڵ وەزارەتی دادی هەرێم دوو نوێنەر دەنێردرێن بۆ دادگاکە، بەڵام وەکخۆی وتی: “لە هەرێمی کوردستان هەڵوێستی سیاسی زاڵە بەسەر بابەتە دەستوورییەکاندا”.

پێشتر دادگای فیدراڵی عێراق لە سەرۆكی دادگا میدحەت مەحمود پێکهاتبوو لەگەڵ ئەنجوومەنی دادگا کە 9 ئەندامی لەخۆ دەگرت و 10 ساڵ بوو دادگاكە بەبێ یاسایەكی تایبەت كاری دەکرد.

10 ساڵ بوو دادگاکە بێ یاسا کاری دەکرد

دادگای باڵای فیدراڵی دەسەڵاتی شیكردنەوەی دەستووری هەیە، دەسەڵاتی رەتكردنەوەی بڕیارەكانی پەرلەمانی هەیە و بڕیارەكانی قابیلی تێهەڵچوونەوە نییە.

رۆژی 19ی ئەم مانگە ئەنجوومەنی نوێنەران لە دانیشتنی ژمارە ٤٥ی ئاسایی وەرزی یەکەمی یاسادانان بۆ ساڵی سێیەم لە خولی چوارەمی ھەڵبژاردنی خۆیدبە دەنگی (205) پەرلەمانتار، هەمواری یاساکەی پەسەند كرد كە بریتییە لە هەمواری فەرمانی ژمارە (30) ی ساڵی (2005) ی یاسای دادگای فیدراڵی كە تایبەتە بە دانانی ئەندامانی نوێی دادگاكە لەگەڵ ئەندامە یەدەگەكانی.

فراكسیۆنی پارتی ‌و هاوپەیمانی هیوا، بایكۆتی دانیشتنەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانیان كرد، بەڵام فراكسیۆنی یەكێتی دەنگی بۆ یاساكە دا.

فراکسیۆنی یەکێتی وەک کورد بەشداری دانیشتنەکەی کرد

بە پەسەندکردنی هەمواری یاسای ژمار 30 ساڵی 2005 پێکهاتەی دادگای باڵای فیدڕالی وەک خۆی مایە کە لە نۆ ئەندام پێکھاتووە کە؛ سێ شیعە، دوو سوننە، دوو کورد، تورکمانێک و مەسیحییە.

لە ماددەی سێیەمی ئەو هەموارەی پەسندکراوە، ئەو مافە لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری هەرێمی کوردستان وەرگیراوەتەوە کە مافی کاندیدکردنی دوو ئەندامە کوردەکەی داگاکەی هەبوو.

رێزان شێخ دلێر ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بۆ SNN ئاشکرایکرد “لەنێوان خراپترین و خراپتردا ئێمە خراپەکەمان هەڵبژارد، چونکە پرۆژەیاساکە خۆی لە بنەڕەتدا بە بەرگە نوێیەکە و هەموارەکەشیەوە ئێمە لەگەڵیدا نەبووین”.

لەنێوان خراپترین و خراپدا خراپەکەمان هەڵبژارد

وتیشی: “دەسەڵاتی دیاریکردنی دادوەر لە ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێم وەرگیراوەتەوە و بژاردەی ئەو پرۆسەیە کەوتووەتە دەست حیزبەکان و ئەوان دادوەر دیاریدەکەن کە ئەوە بۆ ئێمە جێی پرسیارە”.

وتیشی: “هەمورای ئەم یاسایە تەنیا بۆ دوو ساڵە و دەسەڵاتەکانی لەو ماوەیەدا بەرکار دەبێت”.

ئەرکەکانی دادگای فیدراڵی بریتییە لە؛ چاودێریکردنی دەستووریبوونی یاسا و پەیڕەوە بەرکارەکان، لێکدانەوەی دەقەکانی دەستوور، یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسانەی کە لە جێبەجێکردنی یاسا فیدراڵییەکان و بڕیار و پەیڕەو و رێنماییەکان و ئەو رێوشوێنانەوە دێنە ئاراوە کە دەسەڵاتی فیدراڵی دەریان دەکات، یەکلاییکردنەوەی ئەو ناکۆکییانەی کە لەنێوان حکوومەتی فیدراڵی و ھەرێمەکان و پارێزگاکان و شارەوانییەکان و ئیدارە خۆجێییەکان روودەدەن، یەکلاییکردنەوەی ئەو ناکۆکییانەی کە لەنێوان ھەرێمەکان و پارێزگاکاندا دێنە ئاراوە، یەکلاییکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی سەرکۆمار، سەرۆکوەزیران و وەزیرەکان دەکرێن لەگەڵ پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنە گشتییەکان بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران، ھەروەھا یەکلاییکردنەوەی ناکۆکی تایبەتمەندیی لەنێوان دادگای فیدراڵی و دەستەی دادوەری ھەرێم و پارێزگا رێکنەخراوەکان لە چوارچێوەی ھەرێمدا و یەکلاییکردنەوەی ناکۆکی تایبەتمەندیی لەنێوان دەستەی دادوەری ھەرێمەکان، یان پارێزگا رێکنەخراوەکان لە چوارچێوەی ھەرێمدا.

بەشدار حەسەن پارێزەری کورد لە نووسینێکیدا دەڵێت “پێشتر دەنگدان لەسەر هەر بڕیارێکی ئەم دادگایە بۆ (انعقاد) دەبوو بە ئیجماع بێت، ئێستا دوای هەموار کردنەوەکە بووە بە دوو لەسەر سێی ئەندامانی دادگا! کە ئەمەش جگە لەوەی پێشێلکاری مادەی 93 دەستوری هەمیشەیی عێراقە لە هەمانکاتدا کارەسات و مەترسی زۆر گەورە لە داهاتوو بۆ هەرێمی کوردستان و قەوارەکەی و گەلەکەی و خاکەکەی دروستدەکات، پێویستە بە زووترین کات هەرسێ سەرۆکایەتییەکە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە و هەڵوێستی جدی وەربگرن .

بەپێی ئامارێک، دادگای باڵای فیدڕالی عێراق لەوەتەی دامەزراندییەوە لە ساڵی 2005 تا ئێستا، دووهەزار و 227 دۆسیەی یەکلاییکردووەتەوە، ئەمەش زۆرترین ژمارەی دۆسیەیە بەراورد بە داگاکانی دەستووریی وڵاتانی جیهان کە لەسەرەتای دامەزراندنیانەوە یەکلایی کرابنەوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this