حکومەت مووچەی یەک مانگی لیوا هاوبەشەکانی دابینکردووە

0
833

SNN

جێگری لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەكان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی نیشانداوە لەسەر ئەوەی مووچەی یەک مانگی لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە دابەشبکرێت بەهۆی ئەوەی ئەو هاوکاریەی کە بڕیاربوو لەلایەن ئەمریکاوە بنێردرێت دواکەوتووە”.

باڵانبۆ محەمەد لە لێدوانێکیدا بۆ SNN وتی: مووچەی لیوا هاوبەشەکان و هەرسێ بنکەی مەشقەکان، لەلایەن ئەمریکاوە بڕە پارەیەکی بۆ تەرخانکراوە کە بڕیارە سێ مووچەی لێبدرێت بەڵام ئەو پارەیە لەلایەن ئەمریکاوە دواکەوتووە، لەبەر ئەوەش حکومەتی هەرێم ئێستا مووچەی یەک مانگی دابینکردوون.

سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەو مووچەیە بە قەرز دەخرێتەسەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە و لەدوای گەیشتنی پارەکەی ئەمریکا وەردەگیرێتەوە، باڵانبۆ وتی: “ئەوە دەکەوێتە سەر حکومەتی هەرێم و ئەمریکا کە چۆن ئەو حساباتە رێکدەکەنەوە”.

راشیگەیاند: “لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە وا بۆ دوو مانگ دەبێت هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە، ناکرێت لە چاوەڕوانی گەیشتنی هاوکاریەکەی ئەمریکادابن و دیسان ئەم مانگە مووچەیان بۆ خەرج نەکرێت”.

لەبارەی کاتی دابەشکردنی ئەو مووچەیەی حکومەت دابینیکردووە، ئەو پەرلەمانتارە وتی: “دەبێت لەگەڵ مووچەی ئەم مانگەدا پێیانبدرێت”.

سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی هاوکاریەکەی ئەمریکاش وتی: “نزیکەی 10 رۆژ لەمەوبەر قسەم لەگەڵ نوێنەری هاوپەیمانان کرد، پێی وتم بەهۆی دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی ئەمریکاوە گەیشتنی پارەکە بە وەزارەتی پێشمەرگە دواکەوتووە”.

ئەمەش دوای ئەوەدێت ئەمڕۆ پێنجشەممە لیوا قارەمان کەمال، جێگری سوپا سالاری پێشمەرگە رایگەیاند: نوسراوی فەرمییان ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی کردوە بۆ وەرگرتنی رەزامەندی خەرجکردنی موچەی ئەم مانگەی لیواکان.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this