گروپی چەکداری روبعوڵا کێن؟

0
395

SNN

مێژوويەکی دێرينيان نييە بەڵکو گروپێکی ميليشيای تازە دەرکەوتوون، بەڵام رێکخستنيان ئەوە دەردەخات کە سەر بە گروپێکی تۆکمە و ریکخراون بن.

بزووتنەوەی ربع اللە گروپێکی چەکداری شیعە مەزهەبە ناوەکەی بە واتای (خەڵكانی دۆستی خودا) دێت، تا ئێستا بە فەرمی سەرکردەی ئەم گروپە رانەگەيەندراوە، هەروەها دياريشنييە بە تەواوەتی ژمارەيان چەندە، ئەندامەکانی سەر بەم گروپە زۆربەی کات بە تيشێرتی رەشەوە دەدەکەون و لەسەر پشتيان نوسراوە ربع اللە، بەشێک لە سەرچاوە عێراقييەکان ئاماژە بەوە دەکەن باڵێکی حزبوڵای عێراقييە، بەشیکی ديکە باس لەوە دەکەن سەر بە حەشدی شەعبييە ، بەڵام دەستەی حەشدی شەعبی رەتیدەکاتەوە ئەوانە بەشێک بن لە حەشدی شەعبی.

بەپێێ سەرچاوە عێراقييەکان، ئامانجی ئەم گروپەی نزيک لە ئێران، سيخوريکردن و دامەزراندنی بزوتنەوەيەکی نەتەوەی و خۆسەپاندنە لە عێراقدا، هەروەها بۆ چاو سورکردنەوە و بڵاوکردنەوەی ترسە لەناو هاووڵاتياندا.

(ربع اللە) لە سەرەتای ساڵی 2020 لە عێراق و لە شاری بەغدا دەرکەوتن، بەتايبەت لەدوای بە ئامانجگرتنی قاسم سولويمانی فەرماندەی فەيلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی موهەنديس  جیگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە نزيک فڕۆکەخانەی بەغدا.

فەرماندەی گشتیی ئۆپەراسیۆنەكانی عێراق رایگەیاندووە: لێكۆڵینەوە لە شوناسی ربع اللە دەكات، بەڵام سەرچاوە هەواڵگرییە عێراقییەكان پێشتر ڕايانگەیاندووە: “ئەم گروپە و هاوشێوەكانیان نوێ نین و پەیوەستن بە گروپیتری رێكخراوەوە”.

تەكنیكی كارکردنی ربع اللە بەجۆرێکە، پێشتر هەڵمەتی میدیایی بەرپا دەكات دژی ئامانجەكانی بەتایبەت لەرێگەی ئەكاونتی وەهمییەوە لە تویتەر بۆ ئەوەی وای پیشان بدات هەنگاوەكانی بەهۆی ناڕەزايی خەڵكەوەيە، دواتریش بەسووتاندنی بارەگا و دابەزینە شەقام كۆتایی دێت.

بەپێی سەرچاوە عێراقييەکان، ئەم گروپە لە سەرەتادا، لە ساڵی 2019 لە خۆپيشاندانەکانی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقدا دەچونە ناو خۆپيشاندەران و زانياريان لەبارەوە کۆدەکردنەوە، بە مەبەستی دەستگيرکردنيان و کوشتنيان، هەروەها بۆ کۆتايپێهێنان بە خۆپيشاندانەکان.

دواتر گروپی ربع اللە، چەند جارێک و بە هێرشی جۆراوجۆر دەرکەوتن، يەکیک لەوانە بە ئامانجگرتنی ناوچەی سەوز لە بەغدا و بنکەی هێزەکانی ئەمريکا لەو سنورە، ئەوەش لەڕێگەی موشەکی کاتيوشاوە، لە تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەيمانی و ئەبو مەهدی موهەنديس.

کردەوەيەکی تری ئەم گروپە ئەوە بوو، لە 17ی تشرينی يەکەمی ساڵی 2020 هەڵیانکوتایە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، دوای ماوەیەک بارەگاکەيان سووتاند و لەسەر ديوارەکەی نوسيبوويان (ربع اللە)، ئەوەش دوای لێدوانێکی هۆشيار زێباری ئەندامی مەکتەبی سياسی پارتی هات، کە داوای پاکردنەوەی ناوچەی سەوزی کردبوو لە ميليشياکان.

ئەندامێکی روبعوڵا دروشمێك دەنوسێت لەسەر دیواری بنکەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا

هەر ئەو گروپە لە 26ی تشرينی دووەمی هەمان ساڵ، لە ناوچەی کەڕادەی شاری بەغدا هەڵیانکوتایە سەر سەنتەرێکی مەساج و کۆمەڵێک کچ و ئەوکەسانەی لە سەنتەرەکەبوون بە لێدان کردە دەرەوە و سەنتەرەکەیان سووتاند.

نوێترين دەرکەوتنیشيان لە 25ی ئازاری ئەمساڵ بوو، کاتێک چەکدارانی ربع الله‌ لە ناوەڕاستی بەغدا مانۆڕی سەربازیان ئەنجامدا، بەياننامەيەکيان خویندەوە و باسيان لەوە کرد، داوا دەکەن بەزووترین کات بودجەی عێراق پەسەند بکرێت و بەهای دۆلاریش بچێتەوە ئاستی جارانی و هۆشداریاندا لە پێدانی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، هەروەها، هەڕەشەی گوێ بڕینیان لەوانە کرد کە گوێ بە فەرمانەکانیان نادەن.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this