عێراق و ئوردون و میسر سەرقاڵی پرۆژەیەکی نەوتین بەناوی “شامی نوێ‌”

0
885

SNN

بریار وایە ئەمڕۆ هەینی (26.03.2021) هەریەك لە وەزیرانی دەرەوەی میسر و ئوردون بە سەردانێكی فەرمی بگەنە عێراق، ئەم سێ‌ وڵاتە عەرەبییە ماوەیەكە دەستیان داوەتە كۆبوونەوەی بەردەوام و پلانی پرۆژەیەكی ئابووری- سیاسی هاوبەشیان داڕشتووە، بەجۆرێك خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت و مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق ناوی پرۆژەكەی ناوە “شامی نوێ”.

بیلال سەعید شیکەرەوەی ئابووری دەڵێت: “تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو 2020 لە قاهیرە، ئابی رابردوو 2020 لە عەممان، لووتكەی سێ لایەنەی نێوان (میسر، عێراق، ئوردن) بەڕێوەچوو، بەپێی ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەكە تیشك خراوەتە سەر فراوانكردنی هاریكاریی (ئابووری، بازرگانی، وەبەرهێنان) لەنێوان هەر سێ وڵات”.

دەشڵێت: “بەپێی زانیارییەكان كە بڵاوكراوەتەوە پرۆژەی “شامی نوێ‌” بە راكێشانی هێلێكی بۆری نەوت لە عێراقەوە بۆ ئوردون لەوێشەوە بۆ میسر دەستپێدەكات، بەناوی هێڵی بۆری (بەسرە- عەقەبە، درێژییەكەی 1700 كلیۆمەترە و تێچووەكەی بە بڕی نزیكەی 18 ملیار دۆلار خەڵمێنراوە”.

بەپێی ناوەڕۆكی پرۆژەكە لەم پرۆسەیەدا ئوردون و میسر نەوتی عیراقیان بە داشكانێكی زۆرباش پێدەگات و هەروەها وەبەرهێنەرانی هەردوو وڵات وەبەرهێنان لەعێراق دەستپێدەكەن.

بەوتەی بیلال سەعید، لەپای هاوكاری هەریەك لە ئوردون و میسر بۆ عێراق، عێراق دەرگایەكی دیكەی كڕینی كارەبا بەڕووی وڵاتانی دراوسێ دەكاتەوە و كارەبا لە میسر و ئوردونەوە هاوردە دەكات.

بەگوێرەی قسەی ئەو شارەزا ئابوورییە، داهاتی ناوخۆی ئەو سێ وڵاتە پێكەوە دەگاتە زیاتر لە 500 ملیار دۆلار و چڕی دانیشتوانیشیان نزیكەی 150 ملیۆن كەس دەبێت، بە پێی نیشاندەرەكانی بانكی نێودەوڵەتی قەبارەی بەرهەمی هەر سێ وڵاتەكە پێكەوە (580.7)ملیار دۆلاری ساڵانەیە، لەو بڕەش پشكی میسر 303 ملیارە و ئوردون 43.7 و عێراقیش 234 ملیار دۆلارە.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this