سێ ڕۆژە کەشتییەک نۆكەندی سویسی داخستووە؛ چەندین وڵات زەرەرمەندن

0
693

SNN

ماوەی سێ رۆژە نۆکەندی سویس داخراوە ئەوەش بەهۆی گیرخواردنی کەشتییەکی بارهەڵگر (کۆنتەینەری هەڵگرتووە) تیایدا، ئەوەش کاریگەری لەسەر بۆرسەی چەند وڵاتێک دروستکردووە.

ئەو کەشتیەی کە گیریخورادووە ناوی (ئێڤەرگرین مارین)ە خاوەندارێتی دەگەڕیتەوە بۆ کۆمپانیایەکی تایوانی، درێژیەکەی هێندەی چوار یاریگای تۆپی پێ دەبێت، لە کۆتایی نۆکەندی سویس لە باشووریەوە بە باری لاتەریب وەستاوە، ئەوەش بووەتە بەربەست لەبەردەم هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لەکاتێکدا ئەو نۆکەندە یەکێکە لەو رێگا ئاویانەی کە زۆرترین جوڵەی بازرگانی لەسەرە.

زانیارییەکان لەسەر کەشتییەکە

کەشتی (ئێڤەرگرین مارین) درێژیەکەی 400 مەترە، پانیەکەی دەگاتە 200 مەتر، قورساییەکەی 200 هەزار تۆنە، لەسەر باری لاتەریب گیریخورادووە.

بەگوێرەی ساڵ مێرکۆگیانۆ شارەزا لە مێژووی هاتووچۆی کەشتی بازرگانی و مامۆستای زانکۆی کامبێڵ، تا ئێستا هەموو هەوڵەکان بۆ جوڵاندنی ئەو کەشتییە و کردنەوەی رێگاکە شکستیان هێناوە.

هەوڵی جوڵەپێکردنی کەشتیەکە دەدرێت

سێ پێشنیار بۆ جوڵاندنی کەشتیەکە کراوە و تاقیدەکرێنەوە، کە یەکێکیان بەکارهێنانی کەشتی بچوکترە لە چواردەوری تا پاڵیپێوەبنێت و رایبکێشێت، بۆ ئەو مەبەستەش پێنج کەشتی بەکاردەهێندرێت.

پێشنیاری دووەم لابردنی لم و چەوی دەوروبەری کەشتیەکەیە تا بتوانرێت بجوڵێندرێت.

پێشنیازی سێهەم بەتاڵکردنی سوتەمەنیەکەی و داگرتنی بارەکەیەتی بە مەبەستی سووکبوونی کەشتیەکە و بەرزبوونەوەی لە ئاستی ئاودا، بەڵام پسپۆڕان پێیان وایە بە بەتاڵکردنەوەی سوتەمەنی کەشتیەکە ئەگەری سەرئاوکەوتنی لە ماوەیەکی خێرادا کەمە ئەگەر بارەکەی دانەگیرێت کە ئەوەش کارێکی زەحمەتە چونکە کەشتییەک بەو قەبارەیە دەتوانێت 20 هەزار کۆنتێنەر هەڵبگرێت.

گرفتێکی دیکە پەیداکردنی کرەینێکی گونجاوە و گەیشتنی بە نزیکترین شوێنی کەشتیەکە، چونکە ئەم پرۆسەیە پێدەچێت زیان بە کەشتیەکە بگەیەنێت یاخود هاوسەنگی کەشتیەکە تێکبدات و ببێتە هۆی نقومبوونی.

مێرکۆگیانۆ لەوبارەیەوە وتوویەتی: “خراپترین ئەگەر کە لێکبدرێتەوە ئەوەیە هاوسەنگی کەشتیەکە تێکبچێت و ببێت بە دوو بەشەوە ئەوەش بەهۆی لاسەنگی ئەو قورسایەی کە لەسەریەتی لەدوای جوڵەپێکردنی بارەکان”.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی لاگەزیتای ڕوسی  كردنەوەی نۆكەندی سویس ڕەنگە چەند هەفتەیەك درێژە بكێشێت

کاریگەرییە خراپەکانی داخستنی نۆکەندی سویس

داخرانی نۆكەندی سویس لە هەر كاتژمێریكدا 400 ملیۆن دۆلار زیانی ئابووری بە جیهان دەگەیەنێت.

داخرانی نۆکەندی سویس کاریگەرییەکانی لەسەر بۆرسەی نیویۆرک دەرکەوتووە، نرخی ڕۆن و برنج و شەكر بەرزبووەتەوە.

-زەرەرمەندی یەكەم چینە و دواتر ئەوروپایە چونكە لە ماوەی 24 كاتژمێردا تێچووی گواستنەوەی یەك كۆنتێنەر لە چینەوە بۆ ئەوروپا گەشتووەتە 8000 دۆلار.

نۆكەندی سویس لەسەدا 12% بازرگانی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت و داهاتی ساڵانەی بۆ میسر نزیكەی 32 ملیار دۆلارە.

پێدەچێت داخستنی نۆکەندەکە دوو وڵات لەیەکتر نزیکبکاتەوە

لە ماوەی رابردوودا تورکیا دەستپێشخەریەکی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ میسر پێشنیازکردبوو بەڵام میسر وەڵامی نەرێنی دابووەوە، لەدوای داخستنی نۆکەندی سویس عادل کارایسمایلۆغلو وەزیری گواستنەوەی توركیا ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند: “یارمەتی میسر دەدەین لە كردنەوەی نۆكەندی سویسدا. بۆ ئەو مەبەستەش کەشتی (نینی هاتون)ی فریاکەوتنمان هەیە، کە لەتوانایدایە بەو ئەرکە گەورەیە هەستێت”.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this