شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: پەسەندکردنی یاسای بودجە دەکرێت ببێتە خاڵی وەرچەرخان

0
172

SNN

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە هەژماری خۆی لە فەیسبوک نوسیویەتی: “دەکرێت پرۆسەی ئامادەکردن و پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق و جێگیرکردنی پشکی کورد لەبودجەدا ببێت بە خاڵی وەرچەرخانێکی گرنگ و دەسپێکی قۆناغی پێداچوونەوە و ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا”.

دەقی وتارەکەی:

چۆن نەخۆشکەوتن و دوورکەوتنەوەی سەرۆک مام جەلال لەگۆڕەپانی سیاسی عێراق ، بوو بەخاڵی دەستپێکی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی فیدڕالی و حکومەتی هەرێمی کوردستان ، دەکرێت هەرواش پرۆسەی ئامادەکردن و پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق و جێگیرکردنی پشکی کوردیش لەبودجەدا ببێت بە خاڵی وەرچەرخانێکی گرنگ و دەسپێکی قۆناغی پێداچوونەوە و ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد ..

نەوت و پارە نا ، متمانە و پێکەوەیی

گرنگی سەرکەوتنی پرۆسەکە تەنها لەئاڵوگۆڕی نەوت و پارەدا نیە ، بەڵکو لەزیندووکردنەوەی ڕوحی متمانە و کاری پێکەوەییدایە کە مام جەلال لەبەغدادەوە ڕابەرایەتی دەکرد و بە نەخۆشکەوتن و کۆچی دوایشی بەتەواوی لەبەین چوو و هاوسەنگی سیاسی و سەربازی و ئابووری لەنێوان هەرێم و بەغداد بەتەواوی تێکچوو ..

لەدوای نەخۆشکەوتنی سەرۆک مام جەلالەوە ، یەکەمجارە پرۆسەیەکی ئاڵۆز و هەستیاری بەو شێوەیە لەنێوان هەرێم و بەغداد بەئەنجامێکی باش بۆ هەردوولا یەکلایی ببێتەوە ، بەدڵنیاییەوە داینەمۆی سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە (قوباد تاڵەبانییە ، بەسیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال) ، سەرباری ئاڵۆزی پرۆسەکە هەڵمەتی دژایەتیکردن و دروستکردنی ئاستەنگ و ڕێگرییەکان لەبەردەم قوباد تاڵەبانیدا کەم نەبوون ، بەڵام مکوڕی و پشوو درێژی قوباد تاڵەبانی هەم شکستی بەو هەوڵانە هێنا ، هەمیش ڕوحی متمانە و کاری پێکەوەیی لەعێراق و هەرێمی کوردستان زیندووکردەوە ..

پێویستە ئیتر لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش تێبگەن کە (پەنجە ڕاوەشاندن و شاتەشاتی بەردەم کامێرا و هەڵپەی پۆپۆلیستی و مزایەدەی سیاسی نە سودی بۆ خۆیان و نەخێری بۆ خەڵکیش دەبێت) لەترۆپکی بێهیوای خەڵکی کوردستان و تەواوی لایەنە سیاسییەکاندا بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ بەغداد ، قوباد تاڵەبانی سەرکێشییەکی گەورەی ئەنجامدا و بەپێداگری و پشوودرێژییەوە گوێی بەتانە و تەشەر و پاشقولی هیچ کەسێک نەدا و مام جەلال ئاسا شانیدایە بەر بەرپرسیارییەتی و لەکۆتایشدا بەسەرکەوتن و سەربەرزییەوە لێی دەرچوو ..

بۆیە دەمەوێت لەدڵەوە هەم پیرۆزبایی لەقوباد تاڵەبانی بکەم ، هەمیش سوپاسی بکەم کە جارێکیتر ڕوحی کردەوە بە بەر شێوازی سیاسەتکردن و دونیابینی مام جەلالدا و هیوای هەڵکەوتنی مام جەلالێکی تری پێبەخشین ..

ئومێد دەکەم حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕالی و تەواوی لایەنە سیاسییەکان (دەرس لەهەڵەکانی ڕابردوو وەربگرن) پابەند و هاوکاربن بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە و (ڕیسەکە لەقوباد تاڵەبانی نەکەنەوە بەخوری) و خەڵکی کوردستانیش لەوە زیاتر برسی و بێ مووچە نەکرێن ..

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this