ئەیھان سەعید: چالاكوانانی بادینان مەترسی لەسەر تەندروستييان هەيە

0
785

SNN

ئەیھان سەعید نوێنەری کەسوکاری زیندانیانی بادینان لە راگەيەندراوێکدا بڵاويکردووەتەوە: “چالاكوانانی بادینان ئێستا تووشی نەخۆشی بوون و مەترسی لەسەر تەندروستييان هەيە”، دەشڵێت “بۆ ماوەی 67 رۆژ لە زيندانی تاکەکەسيدا بوون، لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا بە ژن ھەڕەشە لە شێروان شێروانی کراوە و لێيدراوە “.

ده‌قی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی ئەیھان سەعید:

دوای ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە مەبەستی ترساندنی خەلکی بادینان، لە پرۆسەیەکی نا یاسایی و نا دیموکراسیدا، لە مانگی هەشتی ساڵی پار بە دەیان رۆژنامەنووس و چالاکوانی بادینانی رفاندو، دوای شەش حەوت مانگ لە زیندایکردنیان و سزادانی پێنج کەس بە حوکمی شەش سال زیندانی لە رێککەوتی 16/2/2021 ئێستاش مافی ئەم بەندکراوانە بەم شێوەیە پێشێل دەکرێت.

یەکەم: ئەم چالاکوانانە ژمارەیەکی زۆر چەکدار بە شێوازێکی ناشارستانی و وەحشیانە لەبەر چاوی خێزان و منداڵیان بە لێدان ڕفێندران، دەستیان بەسەر کەلوپەلی تایبەت و موبایلی خێزان و ئایپادی مناڵیشیاندا گرت.

دووەم: بێ بەشکران لە مافی بینینی پارێزەران، کە بە پێ (اصول محاكمات جزائية)ی دەبێت پارێزەرەکان لەگەلیان بن.

سێیەم: بێ ھەبوونی بەلگە ماددەی یاساییان لە یاسای ژمارە 35ـی رۆژنامەگەری و یاسای ژمارە 11ـی خۆپیشاندان گۆڕیویانە بۆ ماددەی 1ـی ژمارە 21ـی یاسای تێکدانی ئەمنی کە ھەمواری یاسای ژمارە 156ـی سزادانی عێراقیە.

چوارەم: ھەرەشە و سوکایەتی:

لە کاتی لێکولینەوەکاندا بە ژن ھەرەشە لە شێروان شێروانی کراوە و لێدراوە، ھەروەھا بۆ ماوەی 67 رۆژ خۆی و ھاورێکانی لە زیندنی تاکەکەسی (انفرادي) بوون، کەچی لە کاتی دادگاییکردنیاندا دادوەر ئەم قسانەی بە ھەند وەرنەگرتوە کە دەبوو پێداچونەوە لە لێکۆلینەوەکاندا بکرێت.

پێنجەم: خواردنیان کەم و خراپە و کێشیان زۆر زۆر دابەزیوە، پێداویستی سەرەتیان پێ نادەن و تەنانەت کتێب و پێنوس و وەرەقەشیان لێ قەدەغەکردوون.

شەشەم: شەڕی دەرونیان لەگەڵ زیندانیان دەکرێت رێگەنادرێت ھەموو ھەفتەیەک پەیوەندی بە کەسوکاریانەوە بکەن، بەمەش دەرونی زیندانیان باش نیە، کە مافی ھەموو حوکمدراوێکە ئازادانە قسە لەگەل خێزانیان بکەن.

حەوتەم: لە ژورێکی چەند مەتری کە بەپێ شێوازی ستاندارد بۆ 30 کەس دروستکراوە، 135 کەس تێیدان و شوێنیان زۆر خراپە و زۆر تەسک و ناخوشە.

ھەشتەم: لەبەر پیسی و خراپی شوێنیان زیندانیەکان توشی نەخوشی پێست بوون، دەرمانی پێویست پێیان نادرێت کە ئەمە دژی مافی مرۆڤە و دۆخی دەرونیان باش نیە، ئێستا مەترسی توشبونی کۆرۆنا و نەخوشی دیکەیان ھەیە.

نۆيەم: دادگایی نەکردنی راگیروانی دیکە، وە دروستکردنی تومەتی نارەوا و ناوزراند و بلاوکردنەوەی ڤیدیۆ بەناوی داپێدانان کە ھیچ دانپێدانانی تێدا نەبوو، ھەروەھا ھەولدان بۆ دروستکردنی ڤیدیۆ سیناریوی تازە لەسەر بەندکراوەکان لەنێو زینداندا.

دەيەم: دوای سزادانیان بە پێ یاسا دەبوو نەقلی چاکسازی گەوران بکرانايە، بەڵام ھەر لە زیندانی ئاسایشی گشتی ماون و رێگە پێنادرێت خێزانەکانیان سەردانیان بکەن کە مافی ھەموو زیندانیەکە.

ئێمە وەکو گشت کەسوکاری زیندانیانی بادینان بێدەنگ نابین لەسەر ئەم نا عەدالەتیەی بەرامبەر کەسوکارمان دەکرێت ھەر لە رفاندنیان تا سزادانیان، داواکارین دادگای پێداچوونەوە (تممیز) بریارێکی دادپەروەرانە بکات و ئەم رۆژنامەنوس و چالاکوانە بێ تاوانانە ئازاد بکات.

پێویستە پارتیش ئەگەر خۆی بە حوکمران دەزانێت واز لەم رق و تەحەدایە بەرامبەر چەند کەسێکی مەدەنی بێنێت کە لەسەر رەخنەو بیرورای جیاواز بە ناحەق سزادراون، تا چیتر سومعەی خۆی و ھەرێمەکەمان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەولی ناشرینتر نەکات، بەپێچەوانەوە ئێمە سەری خۆمان لەسەر ئەم کەیسە دائەنێین.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this