رۆتینی “نوسراومان و نوسراوتان” خەریکە سەری درەختەکانی سلێمانی دەخوات

0
830

“سلێمانى لە ڕووى سیاسى و ژینگەییەوە سزا دراوە”
سلێمانی ستانداردی جیهانی تێپەڕاندووە بۆ سەوزایی

SNN- هەوراز ئەحمەد

ساڵانە لەگەڵ هاتنى وەرزى هاوین و بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما دار و درەختەکانى نێو شارى سلێمانى ڕووەو وشکبوونەوە و زەرد بوون دەچن بەهۆى ئەوەى لەکاتى خۆیدا ئاو نادرێت و حکومەت بودجەى پێویستى بۆ خەرج ناکات، ئەمەش لە پاش ئەوە دێت کە ساڵانێکە سلێمانى ڕیزبەندى یەکەم پارێزگاى عێراقى گرتووە کە ڕێژەى سەوزایى تێیدا ستانداردى جیهانى تێپەڕاندبێت.

 

مەعرووف مەجید، سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە بە SNNى ڕاگەیاند: لەساڵی 2008 رێژەی سەوزایی ناو شاری سلێمانی لەسەدا 1 بووە،‌ تەنها 134 باخچە لەسنوری بەشی باخچەکاندا بوونیان هەبووە، تا ساڵی 2018 رێژەی سەوزایی لەشاری سلێمانی لەسەدا 18% تێپەڕاندووەو نزیکبۆتەوە لە 19% لەئێستادا نزیکەی 3 ملیۆن درەختی تێپەڕاندووە.

باخچەکانی شار

بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی، لەسەر ئاستی عێراق شاری سلێمانی زۆرترین باخچە و سەوزایی تێدایە، هەروەها زۆرترین ڕێژەی بارانبارینی لێدەبارێت و نزمترین پلەی گەرمی تێدا تۆمارکراوە، بۆیە ئێستا سلێمانی لەستانداردی جیهانی کە لەسەدا ‌15یە دەرچووە و لەو ڕێژەیە ڕووبەری سەوزایی زیاترە”.

 

مەعروف مەجید ئاشکرایکرد “سلێمانی پێش قەیران لەساڵێکدا دەیتوانی سێ ملیار دینار سەرف بکات، ئێستا واتە، (2018) بۆ ساڵێک 120 ملیۆن بودجە هەبووە، بۆ ساڵێک ئەو بڕەیان بۆ تەرخانکرابوو پێشیان نەدراوە، هەولێر ساڵی 2016 مانگی 500 ملیۆن دیناری تەنها بۆ بەشی باخچەکانی بۆ تەرخانکراوە.

 

له سلێمانی، بەهۆی ئاونەدانی دارەکانەوە، لەساڵی 2016 هەزار و 500 بنەدار وشکبوون و لەساڵی 2017شدا 500 بنەداری دیکە وشکبوون.
هەولێر، لەماوەی ئەو دوو ساڵەدا هیچ دارێک لەسنوری باخچەکانی وشک نەبووەو نەیان هێشتووە وشکببن.

سەوزایی سلێمانی

جیاوازی کارمەند و باخەوان

هەولێر، تەنها بۆ پارکی سامی عەبدولڕەحمان، 1280 کارمەندیان هەیە سلێمانى، بۆ پارکی ئازادی تەنها 50 کارمەند و باخەوان بوونی هەیە.

 

جیاوازی ئاودان لە وەرزی هاوین دا

لەپاریزگای سلێمانی لە ساڵەکانی پێشوودا بەم شێوەیە ئاوی درەخت و باخچە و بلوارەکان دراون لەکاتێکدا دەبوو لە مانگی حوزەیراندا ئاودان دەستی پێبکردایە:

سلێمانی، لەساڵی 2016 لەمانگی 11 رەزامەندی دەربڕاوە بۆ ئاودانی درەختەکانی، لەساڵی 2017 لەمانگی 7 رەزامەندی دەربڕاوە بۆ ئاودان، لەساڵی 2018 لەمانگی ئابدا رەزامەندی دەربڕاوە بۆی بۆ ئاودان.
لەکاتێکدا لەپارێزگای هەولێر: بە تەنکەری ئەهلی و تەنکەری بەڕێوەبەرایەتی ئاو دەدەن، کاتیش دیاری نەکراوە بۆ ئاودان، کەی پێویستی بوو ئەوا ئاو دەدرێت.

بوونی پارک و باخچە

سلێمانی، تەنها بەشی باخچەکان، 564 پارک و باخچەی هەیە، بەپێی ئامارەکان لەسەدا 12 سەوزایی لەئەستۆی ئەوانە.

باخچەکانی شار

هەولێر، لەسنوری ناوشاری هەولێر 365 پارک و باخچە لەسنوری بەڕێوەبەرایەتی باخچەکان هەیە، رێژەی سەوزایی لەشاری هەولێر لەسەدا 16یە”.

“زۆربەى ئەو پرۆژانەى بۆ پێشخستنى سلێمانى بووە لە هەولێرەوە تەگەرەى خراوتە پێش ئێمە ئەوە بە جیاوازى نێوان ئەو دوو شارە دەبینین”.

میدیا ئەحمەد، جێگرى لیژنەى تەندروستى و ژینگە لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى بە SNNى ڕاگەیاند: ساڵانە ئەو گرفتە لە وەرزى ئاوداندا ڕوو لە ژینگەى سلێمانى دەکات، هەموو ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمى حکومەت، چونکە ئێمە ئاگادارین بەڕێوبەرایەتى باخچەکان لە کاتى خۆیدا نوسراو بۆ وەزارەتى شارەوانى دەکات، بەڵام ئەوان جارى وا هەیە لە مانگى 10 دا وەڵام دەدەنەوە ئەوەش ئاشکرایە لەو مانگەدا دار و درەخت پێوستى بە ئاودان نییە، بۆ ئەو مەبەستە لیژنەکەمان ساڵانە نوسراو دەکات بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەى لە کاتى خۆیدا دار و باخچەکان ئاوى پێبگات”.

ڕوونیشى کردەوە “کە شارێک لە ڕووى یاساییەوە سزا درا، ئەوا سەرجەم سێکەتەرەکان ڕووبەڕووى ئەو سزایە دەبنەوە، بۆیە ئێمە واى دەبینین کە سلێمانى لە ڕووى سیاسى و ژینگەییەوە سزا دراوە و ئەو پرۆژانەى بۆ پێشخستنى ئەم شارە دەنێردریت بۆ حکومەت بە مەبەست پشتگوێدەخرێت”.

سەوزایی لەسلێمانی

بەڕێوبەرایەتى باخچەکانى سلێمانى لە 11-3-2020 ەوە نوسراوى بۆ سەرۆکایەتى شارەوانى کردووە بۆ ئەوەی 40 تەنکەر بە کرێ بگیرێت تاوەکو لە سەرەتاى مانگى حوزەیران دەست بە ئاودانى دار و باخچەکان بکرێت.

کامەران حەمە ساڵح، بەڕێوەبەرى باخچەکانى سلێمانی بە SNNى ڕاگەیاند: لەکاتى کەرەنتینە و قەدەغەى هاتوچۆشدا لە فەرمانگەى ئێمە دەوام و کار کردن ڕانەگیراوە لەپێناو خزمەتکردنى باخچە و سەوزاییەکانى ناوشاردا بە بەردەوامى زیاتر لە 580 باخەوان و کرێکار سەرقاڵى بژار و ئاودان و سەرپەرشتیکردنى باخچەکان بوون”.

وتیشى: “ئامادەکاریمان کردووە بۆ ئەوەى لە وەرزى هاویندا باخچە و پارکەکان لە وشکبوونەوە بپارێزین، سەرجەم تانکەر و بلوارەکانمان ئامادەن بۆ ئاودان و داواشمان لە سەرۆکایەتى شارەوانى سلێمانى کردووە کە ئەو تەندەرەى بۆ گرتنى تانکەر بۆ ئاودان نێردراوە، هەرچۆنێک بووە لە ڕێگەى وەزارەتەوە کارى تێدا بکرێت بۆ ئەوەى لەکاتى خۆیدا ئاو بگاتە دار و درەختەکان، ئەگەر لەکاتى خۆیدا تەندەرەکە دەربچێت، مەترسى لەسەر وشکبوونەوەى دارەکان نابێت، بەڵام ئێمە لە پایزى ساڵى ڕابروودا نزیکەى 10هەزار دار بەڕوومان چاندووە کە ئێستا کاتى ئاودانێتى”.

ئاماژەى بەوەشکرد، لە 1ى حوزەیرانەوە دەست بە ئاودان دەکەین، ڕاستە کێشەى دارایی هەیە مەترسى کەمیى بودجە هەیە، بەڵام ئێمە چاوەڕواندەکەین ئەو بودجەى داوامان کردووە بۆمان خەرج بکەن”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this