پێش هەڵکشانی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێم، تەندروستی سلێمانی هۆشداری بە هەمواندا

0
441

SNN

وەزارەتى تەندروستى پێش مانگى ئازار زەنگى مەترسى و ئاگادار کردنەوەى لێدا بەوەى لە کاتى دروستبوونى قەرەباڵەغیدا دووبارە ئامارەکانى تووشبوون و مردن روو لە هەڵکشان دەکات، ئێستا و بەهۆى ئەو ئاهەنگ و بۆنانەى لەم مانگەدا بەڕێوەچوو لە گەڵ کەمى خۆپارێزی لە نێو هاووڵاتیان کۆرۆنا بەشێوەى مەترسیدار بڵاوبووەتە و نەخۆشخانەکان پڕ بوون لە تووشبووى نوێى کۆرۆنا.

تەندروستی سلێمانی هۆشداری دەداتە هاووڵاتیان

تەندروستی سلێمانی، هۆشداری دەداتە هاووڵاتیان لەزیادبوونی ژمارەی تووشبووان بەکۆرۆناو رایدەگەیەنێت” نەخۆشخانەکان پڕدەبنەوە لەتووشبووی کۆرۆنا و لە ئێستاشدا زیاتر لە 90 تووشبوو چارەسەر وەردەگرن و ئەوانەشی ئێستا تووشی کۆرۆنا دەبن زۆربەیان بە دۆخێکی تەندروستی خراپەوە داخڵی نەخۆشخانە دەکرێن و تەندروستی 29 حاڵەتی تووشبوو لەنەخۆشخانەکان ناجێگیرە”.

د.یاد نەقشبەندی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی بە SNNى راگەیاند:”جێگاى داخە جارێکی دیکە حاڵەتەکانی تووشبوون بەکۆرۆنا رووی لەبەرز بوونەوە کردووە، ئەمەش چەند هۆکارێکی هەیە لەوانەش پابەند نەبوونی هاووڵاتیان بە رێنمایە تەندروستیەکانەوە، تایبەتمەندی ئەم ڤایرۆسە ئەوەیە زۆر بەخێرای بڵاودەبێتەوە ئەوەش وایکردووە ئێستا هەرێمی کوردستان لە قۆناغێکی مەترسیداردابێت، هەروەها نەخۆشخانەکانمان بۆ جارێکی تر دەرگاکانیان کرانەوە بەڕووی نەخۆشەکاندا، لەکاتێکدا لەماوەی چەند مانگی رابردوو تەنها یەک نەخۆش لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنادا بوو”.

هاووڵاتیان وەک پێویست پابەندی رێنماییەکان نین

“لە ئێستادا زیاتر لە 90 حاڵەتی تووشبوو لەناو نەخۆشخانەکاندان، لەو ژمارەیەش 18 حاڵەتیان باری تەندروستیان زۆر ناجێگیرە و لەبەشی چاودێری وردن، هەروەها 11 حاڵەتیشیان باری تەندروستیان زۆر ناجێگرەو لەسەر ئامێری سیپابن، ئەمە لە کاتێکدایە لە چەند مانگی رابردوو لە 200 حاڵەتی کۆرۆنا 20 حاڵەتیان باری تەندروستیان ناجێگیر بوو، بەڵام ئێستا رێژەکە بەرزبوەتەوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت هاووڵاتیان وەک پێویست پابەندی رێنماییەکانی تەندروستی نابن”.

د. یاد نەقشبەندى، ئاماژەى بەوەش کرد” ڤایرۆسی کۆرۆنا لەلای هاووڵاتیان کراوە بە پەتایەکی وەرزی ئەوەش وایکردووە بێ متمانەیەک لەنێوان هاووڵاتیان و کەرتی تەندروستی دروستبێت، ئەوەش بەهۆی قەیرانی ئابووری و سیاسیەوەیە هەروەها ئەوەش وایکردووە هاووڵاتیان درەنگتر بچن بەدەم چارەسەرەوە، پێویستە هاووڵاتی لەگەڵ دەرکەوتنی هەر نیشانەیەک سەردانی نزیکترین بنکەی تەندروستی بکات، ئەمانە کۆی ئەو بابەتانە کە وایکردووە حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا روو لە بەرزبوونەوە بکات”.

قەدەغەی هاتووچۆ و کەرەنتینەی تەواو بە بڕیارێکی لۆژیکی نازانین

” ئێمە لە تەندروستی سلێمانی قەدەغەی هاتووچۆ و کەرەنتینەی تەواوەتی بەبڕیارێکی زانستی و تەنانەت لۆژیکی نازانین، چونکە ناگونجێت لەگەڵ باری ئابووری هاووڵاتیان، بەڵام توندکردنەوەی رێکارەکان باشترین بژاردەیە، ئەگەر وەک ئێستا حاڵەتەکانی تووشبوونی بەکۆرۆنا زیاد بکات و ئەوا سەرجەم نەخۆشخانەکانمان پڕدەبن، ئەوەش قورساییەکی زۆر بۆ کەرتی تەندروستی دروستدەکات، لەکاتێکدا وەک تەندورستی سلێمانی لەکاتی ئاسایدا 50%ی گرفتی کارمەندی هەیە، ئێستاش کە کۆرۆنا بڵاوبوەتەوە رێژەکە بۆ 25% کەمیکردووە، ئەوەش وایکردووە سەرچاوەی مرۆیی کەمبێتەوە”.

“زۆر شوێن هەیە کە ناپێویست کراوەبن و کۆرۆنایان تێدا بڵاودەبێتەوە”

” لەئێستادا بابەتی خوێندنگا و قوتابخانەکان بووەتە پرسێکى سەرەکی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەواتای ئەوەی تەنها لەناو قوتابخانەو خوێندگاکاندا ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوبوەتەوە، بەڵام پێموایە زۆر شوێنی گشتی تر هەیە کە ناپێویستەو کراونەتەوەو دانەخراون، لەکاتێکدا ئەوانیش سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنان، هەروەها لە هەمانکاتدا مامۆستایەک دەتوانێت بە شێوەیەکی ناچار هەوڵبدات ماسک بەخوێندکاران بەکاربهێنێت، بەڵام لە شوێنی گشتی ناتوانرێت بەناچاری ماسک بە هاووڵاتیان ببەستیت”.

وەک شارەزایانى بوارى پزیشکى بۆیان روون بۆتەوە کە کۆرۆناى گۆڕاو کاریگەرى زیاتر لە سەر منداڵان هەیە و لە نێو منداڵاندا زوو بڵاو دەبێتەوە،لەو بارەیەوە، پزیشکى پسپۆرى نەخۆشیەکانى منداڵان بە SNNى راگەیاند”هاتنى شەپۆلى کۆرۆنا لە کاتێکدایە کە لەم وەرزەدا پەتاى وەرزى و ڤایرۆسەکە تێکەڵ بوون کە هەردووکیان نیشانەکانیان نزیکە لە یەکەوە بۆیە پێویستە دایکان و باوکان زیاتر چاودێرى منداڵەکانیان بکە بەوە هەر نیشانەیەکیان تێدا دەرکەوت لە رشانەوە سکچوون یان بەرزبونەوەى پلەى گەرمى ئەوا پێویستە ببرێتە لاى پزیشکى پسپۆر و چارەسەر بۆ وەربگیرێت”.

د. پشدەر عەبدوڵا بە SNNی راگەیاند” بەرزبوونەوەى حاڵەتەکانى کۆرۆنا لە ئێستا چاوڕوان کراوبوو بەوە قوتابخانەکان کرانەوە و لە ڕۆژانى نەورۆز و پێش نەورۆز قەرەباڵەغى زۆر کرا خۆپارێزى کەم، بۆیە زۆربەى ئەو حاڵەتانەى ئێستا تۆمار دەکرێت دەتوانتین بڵێین کۆرۆنا یە چونکە ئەو ئاشکاریە کە کۆرۆناى گۆڕاو بە تایبەت لە نێو منداڵاندا بە زووى بڵاودەبێتەوە”.

ئەو پەتایەی کە ئێستا لەناو منداڵاندا هەیە تەنیا کۆرۆنا نییە

” پەتایەکی هەڵامەت و کۆکە لەناو منداڵاندا زیادی کردووە، گومان دەکرێت ئەم پەتایە تەنیا کۆرۆنا نەبێت بەڵکو بەهۆی ئەوەی پێشتر قوتابخانەکان داخراوون وەرزی ئەنفلۆنزا و پەتای هەڵامەتیش دواکەوتبێت، بۆیە ئێستا تێکەڵەیەک هەیە لە نێوان کۆرۆنا و هەڵامەت و ئەنفلۆنزا کە منداڵان تووشی هەرسێکیان بوون لە ئێستادا، واتا ئەوەی ئێستا لەناو منداڵاندا هەیە بەتەنیا کۆرۆنا نییە”.

لەگەڵ داخستنی دەرگای خوێندنگەکانیدا نیم

“من لەگەڵ داخستنى قوتابخانەکان نیم بۆ ماوەیەکى زۆر دەکرێت لە هەر قوتابخانەیەک ڤایرۆسکەى تێدا بڵاو بویەوە بۆ ماوەى چەند رۆژێک دابخرێت تاوەکو بتوانرێت تەقیم بکرێت و پشکنیان بۆ دەکرێت دواتر دەتوانرێت بکرێتەوە چونکە داخستنى قوتبخانە زیانەکانى هیچ کەمتر نییە لە ڤایرۆسى کۆرۆنا، لە وڵاتانى دیکە کۆتا شوێن کە دادەخرێت قوتابخانەکانن یەکەم شوێنیش کە دەکرێنەوە قوتابخانەکانن، بەڵام لێرە رێک پێچەوانەیە”.

کلینیکى عەلى ناجى لە سەرەتاى هاتنى ڤایرۆسى کۆرۆناوە بۆ هەرێمى کوردستان تەرخان کراوە بۆ تووشبووانى کۆرۆنا رۆژانە هاووڵاتیان هەر نیشانەیەکى ڤایرۆسەکەیان تێدا دەربکەوێت دێن بۆ پشکنین.

سەرخێڵ ئاراس بەڕێوبەرى کلینیکى عەلى ناجى بە SNNى راگەیاند”لە ڕۆژانەدا دووبارە هاووڵاتیان بە ڕێژەیەکى زیاتر دێن بۆ پشکنینى کۆرۆنا و بەراورد بە سەرەتاى ساڵ ئامارەکانى تووشبوون لە بەرزبونەوەدایە، ئەو کەسانەشى دێن بۆ پشکنین لە تەمەنى جیاوازدان ئەگەر لە سەرەتادا بەس کەسانى سەرووى 16 ساڵ دەهاتن ئەوا ئێستا منداڵانیش دەهێنرێن بۆ پشکنین چونکە ئەوە روونە کە ئەم ڤایرۆسە نوێێە لە نێو منداڵاندا زوتر بڵاو دەبێتەوە”.

تا ئێستا 100 هەزار پشکنینی کۆرۆنا لە کلینیکی عەلی ناجی ئەنجامدراوە

“لەم کلینکەدا نەخۆش کە سەردانمان دەکات پشکنینى بۆ دەکرێت و داوتر پزیشکى پسپۆر دەیبینێت و پاشان چارەسەریشى پێى دەدرێت لە دەرمانخانەکەمان و رۆژ لە دواى رۆژ ویسوتمانە خزمەتگوزارى زیاتر پێشکەشى هاووڵاتیان بکەین، بەوەى لە سەرتاى سەرهەڵدانى کۆرۆناوە تاوەکو ئێستا لەم کلینکەدا زیاترلە 100 هەزار پشکنین ى کۆرۆنا کراوە”.

پێش تەشەنەسەندی ڤایرۆسی کۆرۆنا د.سەباح هۆشداریدا

د.سەباح هەوارمى بەڕێوبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى لە مانگى رابردوودا بڵاوبونەوەى چوار جۆر کۆرۆناى گۆڕاوى راگەیاند: روونى کردەوە کە پێویستە خۆپارێزى زیاتر بکرێت بۆ ئەوەى تیمە تەندروستیەکان بتوانن خزمەتگوزارى تەندروستى بگەیەننە تووشبووان و جارێکى دیکە نەخۆشخانەکان پڕ نەبنەوە لە تووشبووانى کۆرۆنا.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this