مووچە خۆران کەمترین ئامادەکاریان بۆ هاتنی جەژنی رەمەزان کردووە

0
400
بازاری رانییە

SNN- محەمەد مستەفا

تەنیا هەفتەیەکی ماوە بۆ هاتنی جەژن و بە ووتەی مووچە خۆرانیش ئەوان کەمترین ئامادەکاری یاخود بگرە بەشێکی زۆریش لە مووچە خۆران هیچ ئامادەکارییەکان بۆ جەژن نەکردووە و تەنیا چاویان لەسەر شاشەی تیڤیەکان و سۆشیال میدیایە بۆ ئەوەی بزانن وەزارەتی دارایی کەی لیستی مووچە رادەگەیەنێت .

” ئامادەکاری بۆ جەژن بە باخەڵی بەتاڵ ناکرێت “

عوسمان محەمەد مامۆستایەکی تەمەن 39 ساڵی دانیشتووی قەزای رانیەیە و خێزاندارە، لە باسی ئامادەکاری خۆی و خێزانەکەی بۆ جەژن بۆ SNN وت” ئامادەکاری چی بکەم لە کاتێکدا نزیکەی 45 رۆژە مووچەم وەرنەگرتووە، ئامادەکاری بە باخەڵی بەتاڵ ناکرێت چاوەڕێم ئەم هەفتەیە مووچە دابەش بکرێت و جل و بەرگ بۆ خۆم و هاوسەر و منداڵەکانم بکڕم و چەند پێداویستیەکیش بۆ ناوماڵ بکڕم وە بەشێکی مووچەکەشم دابنێم بۆ کرێ خانوو، گەر مووچەکەشم پێش جەژن پێنەدرا ئەوە بە ناچاری دەبێت کەمترین ئامادەکاری بۆ جەژن بکەم ”

” مووچەش وەر بگرم نیوەی دەبێت بدەمەوەبە قەرز”

هاوکار عەزیز فەرمانبەرێکی دانیشتوی قەڵادزێیە بە SNN ی ووت ” دۆخی مووچە خۆران لەوپەڕی خراپیدایە، چونکە بەهۆی دواکەوتی مووچە لە دوو مانگی رابردوودا زۆربەی مووچە خۆران قەرزداری بازاڕ و خاوەن خانوو و خاوەن ماڕکێتەکانی کوڵانەکانی خۆیانبوونەتەوە، بۆیە گەر پێش جەژنیش مووچە وەربگرن لە جیاتی کڕینی پێداویستی بۆ جەژن دەبێت نیوەی مووچەکەیان لە بری قەرز بدەنەوە ”

هاوکار دەشڵێت ” ئەو ماوەی 2 مانگە تەنیا مووچەیەکی 640 هەزار دیناری وەرگرتووە ، خاوەن 5 سەرخێزانە، بۆیه بەو بڕە پارەیە ناتوانێت ئامادەکاری ئەوتۆ بۆ جەژنی رەمەزان بکات و نەک هەر ئەو بەڵکو زۆرینەی مووچە خۆران هەمان کێشەیان دەبێت حکومەت بە خێرایی بێتە سەرخەت و چارەسەری خێرای ئەم دۆخە بکات ”

” ساڵ بە ساڵ خۆزگەمان بە پار”

کەژاڵ عوسمان ئافرەتێکی تەمەن 44 ساڵە و پیشەی مامۆستایە، لە باسی ژیانی مووچە خۆران بە SNN ی راگەیاند: داوی نەمانی پاشەکەوتی مووچە و کۆتای شەڕی داعش مووچە خۆران هیوایان وابووە کە دۆخەکە بەرەو خۆشی دەڕوات و دەتوانن لە رووی ئابورییەوە ببوژێنەوە بڕە پارەیەک پاشەکەوت بکەن، بەڵام ئەوەتا ئێستا کە دۆخەکە زۆر لە سەردەمی شەڕی داعش و پاشەکەوتی مووچە خراپترە بەو زیاتر لە دوو مانگ مووچەیەک وەردەگرن .

مامۆستا کەژاڵ باسی لەوەشکرد: تاکەی مووچە خۆران دەبێت بڵێن ” ساڵ بە ساڵ خۆزەگەمان بە پار” لە کاتێکدا ئێستا کە بەرە جەژنانە بەهۆی بێ مووچەی و بێ پارەیی ناتوانین بە دڵی خۆمان پێداویستی بۆ ماڵ و منداڵیان بکڕن .

” بازاڕ قەرەباڵغە بەڵام کەمترین کاڵا دەفڕۆشین “

رزگار حەسەن خاوەن دوکانێکی جل و بەرگی پیاوانە لە بازاڕی رانییە ، ئەو لە باسی دۆخی بازاڕ پێش هاتنی جەژنی رەمەزان بە SNN راگەیاند: کاتێک سەیری دووکان و بازاڕەکان دەکەیت زۆر قەرەباڵغ دێنە بەرچاو، بەڵام لە راستیدا هاووڵاتیان لە کەل و پەل و پێداویستی زۆر هەرزان دەگەڕێن و لەسەر بڕە پارەیەکی زۆر کەمیش مامەڵە دەکەن و کەمترین کاڵاش دەکڕن، ئەمەش بە هۆی دواکەوتنی مووچەیە چونکە بەشێکی زۆی هاووڵاتیان مووچە خۆرن.

ئەو دوکاندارە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات: دواکەوتن و نەدانی مووچە بە تەنیا کاری لە مووچە خۆران نەکردووە بەڵکو ئەوانیش وەک دوکاندار بەو هۆیەوە زیانیان بەرکەوتوو، ئەوەتا نزیکە جەژنە بەڵام ئەوان کەمترین کاڵایان فڕۆشتووە، لە کاتێکدا بە شەو و رۆژیش دوکان و بازاڕەکان کراوەن .

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this