بافڵ تاڵەبانی بەبۆنەی يادی 33 ساڵەی ئەنفال پەيامێکی بڵاوکردەوە

0
364

SNN

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە يادی 33 ساڵەی ئەنفالدا رايگەياند: “ دەمەوێت دڵنیایی بە کەسوکاری خۆشەویستی شەهیدان و ئەنفالکراوان بدەم کە رێگە بە هیچ کەس و لایەنێک نادەین کە رێگربێت لەبەردەم مافە یاساییەکانتان. تیمی یەکێتیمان لە حکومەت راسپاردووە و هەموو هەنگاوێکی پێویست بۆ ئەو مەبەستە دەگرنەبەر”.

بافڵ تاڵەبانی لە پەيامێکيدا رايگەياندووە: “ئەمڕۆ بە دڵتەنگییەوە یادی یەکێک لە خەمناکترین و دڕندانەترین رووداوەکانی مێژوو دەکەینەوە، یادی لەناوبردن بێسەروشوێنبوون و زیندەبەچاڵکردنی خوشک و براکانمان و وێرانبوونی گوندەکانمان دەکەینەوە”.

باسی لەوەشکردووە: “ئەنفال برینێکی گەورەی نەتەوەکەی ئێمەیە و بۆ هەمیشە لە دڵماندا دەمێنێتەوە، ئێمە لە سەرۆکایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕێزەوە لە گلەیی و ناڕەزایەتییەکانی کەسوکاری سەربەرزی ئەنفال و رزگاربووانی ئەم تاوانە لەبیرنەکراوە دەڕوانین”.

دەشڵێت “دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە هەمیشە خۆم بە کەس و پاڵپشت و هاوکاری هەموو کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانی ئەنفال و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەزانم، دڵنیاتان دەکەم هەوڵەکانمان لەپێناو خزمەتکردنتان بەردەوام بێت، ئەمەش بە ئەرکی خۆمان دەزانین و لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییەدا دەبین”.

ئاماژەی بەوەشکردووە: “داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم دوور لە هەموو درووشم و پیاهەڵدانێک ژیانێکی شایستە بۆ کەسوکاری سەربەرز و کۆڵنەدەری شەهیدان و ئەنفالکراوان و رزگاربووان دابین بکات و ماف و داوا رەواکانیان جێبەجێ بکات”.

بافڵ تاڵەبانی جەختيشەکردووەتەوە: “دەمەوێت دڵنیایی بە کەسوکاری خۆشەویستی شەهیدان و ئەنفالکراوان بدەم کە رێگە بە هیچ کەس و لایەنێک نادەین کە رێگربێت لەبەردەم مافە یاساییەکانتان، تیمی یەکێتیمان لە حکومەت راسپاردووە و هەموو هەنگاوێکی پێویست بۆ ئەو مەبەستە دەگرنەبەر، سڵاو لە رۆحی شەهیدانی ئەنفال و سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this