قۆناغەکانی شاڵاوی ئەنفال

0
818

SNN

ئەمڕۆ 33 ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر شاڵاوی ئەنفالی گەلی کورد لەسەر دەستی رژێمی بەعس، کە لە ساڵی 1986 دەستيپێکرد ولە ساڵی 1988 کۆتای پێهات و بە هەشت قۆناغ ئەنجامدار.

قۆناغەکانی ئەنفال:

ئەنفالی یەک: ئەنفالی دۆڵی جافایەتی، (لە 23 شوبات تاکو 19 ئازاری 1988ی خایاند) ئەم شاڵاوە بە هێرشکردن بۆ سەر گوندەکانی سەرگەڵووبەرگەڵویی دۆڵی جافایەتی دەستیپێکرد، لە چەند قۆڵێکەوە بە درێژایی (80)کم لە بنگردەوە بۆ لای ڕۆژھەڵاتی دەریاچەی دوکان و شارۆچکەی دوکان، لە وێشەوە بۆ شاری سلێمانی و شارۆچکەی ماوەت و چوارتای گرتەوە.

ئامانجی ئەم ھێرشە لەناوبردن و وێرانکردنی (25–30) گوندی دۆڵی جافایەتی و داگیرکردنی بارەگاکانی سەرکردایەتی ھێزی پێشمەرگە بوو لەم ناوچەیە. ئەم ھێرشە بەربڵاوە سنوری شارۆچکەکانی (سورداش، دوکان، سەرچنار، قەڵاچوالان، چوارتا)ی گرتەوە، بەسەر پەرشتی وەزیری بەرگری (سوڵتان ھاشم) بوو.

ھێزە بەشداربووەکانی ئەم شاڵاوە پێکھاتبوون لە (20) لیوا شەست فەوج. لەم ھێرشەدا نوێترین چەکی قورس بەکارھێنران کە بوونە ھۆی وێرانکارییەکی زۆر لەم ناوچانە، لە ئەنجامدا بووە ھۆی وێرانکردی گوندەکانی (قمچۆغە، شاخەڕەش، دۆڵەڕووت، قزلەر، قەرەسەرد، ئاسۆس، قەرەچەتان، شەدەڵە، پیرەمەگرون، زێوێ، گەڕەدێ، دابان، مەرگەوشارستێن) ھەروەھا چەندین گوندی تر. بەشێوەیەک ھیچ گوندێک لەم ناوچەیە ڕزگاری نەبوو، وە ئەوانەی مابوونەوە توشی تاڵانکردن ھاتن، سەرجەمی خەڵکی ئەو ناچەیە بەرەو ئێران ھەڵاتن، ھەندێکیشیان بەرەو سلێمانی چوون.

ئەنفالی دوو: لە (22 ئازار تا يەکی نیسانی 1988) ئەم ھێرشە ناوچەی قەرەداغی گرتەوە لە (تەکیە، سێوسێنان، سەگرمە، دەربندباسەڕە، قۆپی قەڕاغ و چەند شوێنی تر) گشت گوند و ئاوەدانییەکانی ئەم ناوچە جوگرافیایەی گرتەوە. سەرەتای ھێرشەکە بە کیمیابارانکردنی چەند شوێنێکی ستراتیژی لە ناوچەکە بوو بەشێوەیەکی زۆۆر سەخت کیمیاباران کرا. وە ئەم کارەش بووە هۆی دوبارە ئاوارەبونی خەڵکی ناوچەکە کە بەشێکیان بەرەو سلێمانی رایانکرد، زیانیان کەم بوو بەڵام ئەو کۆمەڵەیەی بەرەو خوارووی گەرمیانرایانکرد ژمارەیەکی زۆریان دەستگیرکران کە دواتر شوێنبزرکران، لە ئەنفالی قەرەداغ ئەو ھاووڵاتیە کوردانەی کە گیران یان خۆیان دا بە دەستەوە، بۆ سەربازگەی (قۆڕەتوویان)گواسترانەوە.

ئەو هاووڵاتيانە نزیکەی ھەشت ھەزار کەس بوون لە ژن و منداڵ و پیر و گەنج، پاشان گواسترانەوە بۆ سەربازگەی (تۆبزاوە) لە نزیک کەرکوک، ئینجا لەوێ گەنجەکان لەوانی تر جیاکرانەوە بەرەو شوێنی نادیار رەوانەکران، خەڵکەکەی تر لە ژن و منداڵ و کچی گەنج خرانە زیندانەوە بەڵام پیرەژن و پیرەمێردەکان بۆ (نوگرەسەلمان)ی بیابانی سەماوە گواسترانەوە، کە لەوێ ژمارەیەکی یەکجار زۆریان لە برسان و تێنوێتی و نەخۆشی دەمردن و تەرمەکانیان فڕێدەدرانە دەرەوی زیندانەکە.

ئەنفالی سێ: (لە حەوت تا 20ی نیسانی 1988) شاڵاوی ئەنفالی سێ ناوچەی گەرمیانی گرتەوە، گەورەترین و بەرفراوانترین ھێرش و پەلامار بوو بۆ سەر کوردستان، کە ناوچەکانی (دوز، قادرکەرەم، کەلار، کفری، چەمچەماڵ، تێلەکۆ، پێباز، سەنگاو، تەکیە، بەشێک لە ناوچەی ئاغجەلەر) ی ڕاماڵی. زیانێکی زۆر گەورەی گیانی و ماددی بە دانیشتوای گوندەکانی ئەم ناچەیە گەیاند، لە(14ی نیسانی1988) دا چوار شارۆچکە لە یەک کاتدا خاپوور کرا.

لەو شاڵاوەدا نزیکەی بیست ھەزار ژن ومنداڵ وپیاوی بۆ سەربازگەی قۆڕەتوو رەوانە کران، بۆیە ئەم رۆژە لە ھەموو ساڵێک کراوەتە رۆژی یاد کردنەوەی تاوانە گەورەکەی ئەنفال لە کوردستان.

ئەنفالی چوار: ئاوگەی زێی بچووک (لە هەشتی نیسان تاکو سێی ئایاری 1988) ھێزەکانی رژێم دوای تەواوکردنی تاوانەکانی ئەنفالی سێ کە زۆرترین ژمارەی قوربانی و شوێنبزری لێکەوتەوە. لە ھێرشەکانی بەردەوام بوو بۆ سەر ناوچەکانی تری کوردستان بە ھەمان شێوە. جوگرافیای ئەم شاڵاوە ئاوگەی زێی بچووک بوو، کە ھێڵی سنوری ھەردوو پارێزگای کەرکوک و ھەولێر پێک دەھێنێت، کە شارۆچکەکانی رێدار، ئاغجەلەر، تەق تەق و چەند گوندێکی گەورەی وەک عەسکەر و گۆپتەپە دەگرێتەوە، کە دەکاتە دەشتی کۆییی تەق تەق و شێخ بزێنی گرتەوە. سەرەتای ئەنفالی چوار بە کیمیابارانی گوندی گۆپتەپە لە ڕۆژی (سێی ئایاری ئەو ساڵە) دەستیپێکرد بەھۆی فڕۆکەجەنگیەکان بۆمبیکیمیایی بەسەر خەڵکەکەی باراند کە قوربانیانی ئەم گوندە بە نزیکەیی (300) کەس دەخەمڵێنرێن، ھاوکات گوندی (عەسکەری) بە ھەشت بۆمبی کیمیاوی بۆردومان کرد، بۆ رێگرتن لە دەربازبوونی دانیشتوای گوندەکانی (گۆپتەپە) و (عەسکەر) و (حەیدەربەگ)، رژێم ئاوی بەنداوی دوکانی بەردایەوە تا خەڵکی ناتوانن لە زێکە بپەڕنەوە و رزگاريانبێت.

قۆناغی پێنج و شەش و حەوت: دۆڵی چیاکانی شەقڵاوە و ڕەواندوز لە (15ئایار- 26ی ئابی 1988) سەرەتای ھێرشەکە لە کۆتا رۆژی مانگی ڕەمەزان بوو، چەند فڕۆکەیەک کەوتنە کیمیابارانکردنی گوندەکانی (وەرە، نازەنین، کاموسک، سپیندارە، عەلیاوە، سماقولی) بووە ھۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆری دانیشتوانی گوندەکان و مرداربوونەوەی ئاژەڵەکانیان.

توندترین ھێرشی سوپای عێراق بۆ ناوچەی دۆڵی بالیسان بوو، بەڵام زیانی گیانی بە بەراورد لە گەڵ ھێرشەکانی پێشوو کەمتربوو، چونکە زۆربەی ئەو ناوچانەی سەر بە پارێزگای ھەولێر چۆڵ کرابوون، خەڵکەکەی راگوێزرابوون، گەورەترین زیان لەم ناوچەیە بەر گوندی (بلەی خوارو) کەوت، خەڵکەکەی شوێن بزرکران، لە رۆژی (حەوتی حوزەیران) شاڵاوی ئەنفالی پێنج کۆتایی ھات.

سەرەتای ئەنفالی شەش لە (26ی تەمووز) بە بۆردوومانکردنی ناوچەکانی دۆڵی بالیسان و دۆڵێ مەلەکان و دۆڵی وەرتێ و دۆڵی ھیران و سماقولی بە چەکی کیمیاوی دەستی پێکرد خەڵکەکەی دەرپەڕاند، پاشان لە لایەن حکومەتەوە ناوچەکە داگیرکرا، داواشیان لە خەڵک کرد خۆیان بە دەستەوە بدەن، لێبووردنی گشتی ھەیە، بۆیە ژمارەیەکی زۆری خەڵکەکە ھەڵخەڵەتان، خۆیاندا بە دەستەوە، دوای گرتنیان شوێن بزر کران. لەمیانەی شاڵاوەکانی ئەنالەکانی ئەم قۆناغە (52) گوند لە ناحیەیە خەلیفان و رەواندوز و خۆشناو وێرانکران، کە سەرجەم خێزانەکانیان دوو هەزار و 602 کەس بوو.

ئەنفالی هەشت: (بادینان) لە (25ئاب ـ شەشی ئەیلولی1988) لە دای وەستانی شەڕی (عێراق-ئێران)، دوا شاڵاوەکانی ئەنفال دەستیپێکرد، ئەم شاڵاوە بە درێژایی ناوچەکانی (زاخۆ، ئامێدی، شێخان و ئاکرێ)ی گرتەوە. سەرەتا ناوچەکە بۆردومانکرا لە لایەن سووپای عێراق بە (بۆمبی ھێشویی و عنقودی کیمیاوی)، خەسترین ھێرشی ھێشویی لە (24ی ئاب) بۆ سەر گوندی سپینداری قەد پاڵی چیای گارە بوو، کە بە درێژایی (30) کم شوێنەکە بۆردوومانکرا، بەڵام ژمارەی قوربانیەکان لە چاو ئەم بۆردومانە چڕە کەم بوو ئەویش بەھۆی کە پێشمەرگە توانیان پێشتر ئامۆژگاری و رێنمایی خۆپاراستن بڵاو بکەنەوە، بەڵام ھەرچی ئاژەڵ و مەڕو مڵاتەکەیانبوو قڕیان تێکەوت، کێڵگەکانیش لە بەرھەم کەوتن.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this