دەزگای ئاسایشی هەرێم گروپێکی گەورەی داعش ئاشکرا دەکات

0
130

دەزگای ئاسایشی ھەرێم دەستگیرکردنی گروپێکی داعش رادەگەیەنێت کە لە خۆ ڕێکخستن و ئەنجامدانی چەندین کردەوەی تیرۆریستیدا بوون و یەکێک لە تیرۆریستەکان سەرکردەیەکی دیاری داعش-ە.

دەقی راگەیەنراوەکە:

دەزگای ئاسایشی ھەرێم پیلانێکی تیرۆریستانی داعش ئاشکرا دەکات کە لە خۆ ڕێکخستن و ئەنجامدانی چەندین کردەوەی تیرۆریستی بوون و لە 22 ھەڵمەت و ئۆپراسیۆنی جیاجیادا لە سلێمانی و گەرمیان و چەمچەماڵ و سەیدسادق و پشدەر 22  تیرۆریست دەستگیر دەکەن و رووبەڕووی یاسا و دادگایان دەکەنەوە، کە یەکێکیان تیرۆریستی ھەرە تاوانبار ئەبو عەلی جومەیلی والی فەلوجە-یە کە بەناسنامەی ساختەوە ھاتبووە سنووری ھەرێمی کوردستان.

 

پاش کۆکردنەوەی زانیاری و دەستخستنی بەڵگە لەسەر تاقم و گروپێکی تیرۆریستی داعش کە لە چەند شارێکی ھەرێم  لەخۆ ڕێکخستندا بوون و مەرامیان بوو چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی ئەنجامبدەن، بەبڕیاری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم، ئاسایشی سلێمانی لەسەر ئەم کەیسە، لێکۆڵینەوەی دەستپێکرد و پاش گەڕان و شەونخونی و چاودێریکردنیان و کۆکردنەوەی زانیاری، سەرەداو بەدەستھات و تەواوی جموجۆڵەکانیشیان خرایە ژێر چاودێری و پیلانەکانیان ئاشکرا کران و ناسنامە و زانیاری کەسی تیرۆریستان دەست ھێزەکانی ئاسایشی سلێمانی کەوت .

دوای رەزامەندی بەڕێز دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایش لەچەند ھەڵمەتێکی بەرفراوانی ھاوبەش لە ژێر چاودێری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی،  گەرمیان، رۆژئاوای سلێمانی، شارەزوور، راپەڕین ھەر 22  تیرۆریستەکە کە لەچەند شانەیەکی نە نوستووی داعش خۆیان رێکخستبوو، پێش ئەوەی مەرامەکانیان بۆ تێکدانی ژیانی کۆمەڵانی خەڵک جێبەجێبکەن دەستگیرکران .

کە بەم شێوەی خوارەوە بوو .ـ

رۆژی 25/2/2021 تیرۆریست ( ز . س ) ناسراو بەئەنەس کوردی، دوای چاودێریکردنی کە بەنیاز بوو ھەڵبێت بۆ دەرەوەی ھەرێم، لەلایەن ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی راپەڕین و شارەزوور، لە پشدەر دەستگیرکرا .

تیرۆریستی تاوانبار لەڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لەساڵی 2019 فکری توندڕەوی داعشی وەرگرتووە و ساڵی 2020 پەیوەندی بەستووە بە گروپێکی تیرۆریستی لە سلێمانی و گەرمیان و چەمچەماڵ و سەیدسادق کەپیلانی دانانی ئاڵای داعش و کردەوە تیرۆریستییەکەیان دانابوو لەو شارە و چەندین تیرۆریستی فێری دروستکردنی عەبوە و مادە تەقەمەنییەکان کردووە و مەرامیان بووە چەند کردەوەیەک ئەنجامبدەن و ھیجرەت بکات بۆ ناو داعش .

 

رۆژی 25/3/2021  لە رێوشوێنێکی ئەمنی توندوتۆڵ و ھەڵمەتێکی گەورە و سەرکەتووی ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی لەچەمچەماڵ تیرۆریستی ھەرە تاوانبار و لەیاسا ھەڵھاتوو (ح . م) ناسراو بە ئەبو عەلی جومەیلی والی فەلوجە دەستگیرکرا کە دەستی سوورە لەچەندین کردەوەی تیرۆریستی و دژ بەمرۆڤایەتی.

کە سەرەتا پەیوەندی ھەبووە بەرێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە و لەساڵی 2014 بەیعەتی داوە بەتیرۆریستانی داعش و وەک چەکدارێکی ھەرە تاوانبار بەشداری و سەرپەرشتیی دەیان کردەوەی تیرۆریستی کردووە دواتر کراوە بە جێگری والی ویلایەتەکانی باکور و پاشان بووە بە والی و ئەمیری فەلوجە.

 

رۆژی 1/4/2021 لەچەند ھەڵمەتێکی تری ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و گەرمیان ھەرسێ تیرۆریستی تاوانبار ( چ .ف ) ناسراو  ابودردا و یونس کوردی و ( م . ح ) و ( م .ح .ع ) ناسراو بە عەلی کوردی لەکەلار دەستگیرکران .

لەلایەکی ترەوە ھەمان شەو تیمێکی سەربازی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی لە چەمچەماڵ لە پێنج ھەڵمەتی سەرکەوتوو و پشتبەستوو بەزانیاری ورد 5 تیرۆریستی تر لەیەک کات و ساتدا دەستگیرکران کە پێکھاتبوون لەتیرۆریستان  (ئ . ھ ) ( ش . ب ) ناسراو بە ھاران و ( س . ن ) و ( ھ .ئ ) و ( ئ . ن )

 

لێکۆڵینەوەکان بەردەوام بوون و بەدواداچوونەکان چڕترکرانەوە و لە رۆژی 2/4/2021 لە ھەشت ئۆپراسیۆنی سەرکەوتووی  ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی گەرمیان ھەشت تیرۆریستی تری ھەمان شانەی نەنوستووی داعش دەستگیرکران کە ( ھ .ع ) و ( م .ن ) لە کفری و ( د.س ) ناسراو بە ( د . بوخاری ) و ( ش . ع ) و ( ع .ع ) ناسراو بە بن لادن کوردی و ( ئ .ح ) ناسراو بە ئەبو شەھاب و ( م .ج ) ناسراو محەمەد کوردی لە کەلار و ( م .ن ) لە باوەنور دەستگیرکران .

 

ھەر پەیوەست بەم تاقم و گروپە توندڕەوانەی تیرۆریستانی داعش، ھێزەکانی ئاسایشی سلێمانی و گەرمیان رۆژی 3/4/2021 ھەر لەکەلار تیرۆریست ( م. ئ ) ناسراو بە حەبیب دەستگیر کرا و پاش رۆژێک 4/4/ ھەردوو تیرۆریست ( ر .ئ ) و ( ج .س) ناسراو بە ئەبو ئەنەس لە سلێمانی و ( ئ. ح ) لە کفری دەستگیرکران.

 

پاش لێکۆڵینەوە و وەرگرتنی وتەی تیرۆریستان و داننان بە تاوانەکانیان ئاشکرایانکرد، پیلانیان بووە چەند شانەیەکی نەنوستووی داعش دروستبکەن لەھەرێم و خۆیان بۆ چەند کردەوەیەک ئامادە بکەن، راھێنانیانپێکراوە لەسەر دروستکردنی عەبوە و مەوادی تەقەمەنی و پیلانیان داناوە بۆ تەقاندنەوەی چەند شوێنێک و رفاندنی خەڵک و تیرۆرکردنی ئەفسەرانی ئەمنی بەتایبەت ئەوانەی رۆڵیان ھەیە لەرووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، لەگەڵ شکاندنی کێلی شەھیدانی رووبەڕووبوونەوەی داعش، ئەوەی مایەی سەرنج و ھەڵوەستەشە تیرۆریستان لەرێگای تۆڕە کۆمەڵاتییەکانەوە فیکری توندڕەوی داعشیان وەرگرتووەوە و ھەمان تۆڕیان بەکارھێناوە بۆ فراوانکردنی تاقم و گروپەکانیان و چەندین پەیج و ئەکاونتیان داناوە بۆ بانگەشەکردن و وانەی تەکفیر و توندڕەوییان خوێندووە و تەکفیری ھەر مامۆستایەکی ئاینی و ھاووڵاتییەکیان کردووە کە لەژێر گاریگەری بیری توندڕەوییان نەبووبێت.

 

دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، لەبەرامبەر ئەم ھەڵمەتە گەورە و سەرکەوتووەی ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی، گەرمیان، رۆژئاوای سلێمانی، شارەزوور، راپەرین، سوپاس و پێزانینی بێپایان دەردەبڕێت، بۆ ماندوو بوون و شەونخونی و ئازایەتی ئەو ئەفسەر و کارمەندانەی ئاسایش کە وەک سەربازی ون لەخەمی ئۆقرەیی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئارامی ھەرێمدان و بەگیانیان سەروماڵی خەڵک دەپارێزن، ئەمە دەرخەری ئەو راستییەشە ھەموو تۆمەتبارانی یاسا شکێن و تیرۆریستان و سەرپێچیکاران و پێشێلکاران و ئەوانەی دادگا داوایاندەکات، لەدەست ھێزەکانمان رزگاریان نابێت و ھەر پیلانێکیان ھەبێت سەرئەنجام پێش جێبەجێکردنی پشت بەخوای گەورە ئاشکرا دەکرێن و راپێچی بەردەم دەسەڵاتی دادوەری دەکرێن، کە لەپشت ھەموو سەرکەوتنەکانیشماندا کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان رۆڵی دیار و بەرچاویان ھەیە لەھاوکاری و پشتیوانیکردنی ھێزەکانمان کە جێگای پێزانین و ستایشی بەردەواممانە .

 

 

دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان

 

 

ھاوپێچ

دانپێدانانی تیرۆریستان

( ح . م ) ناسراو ئەبو عەلی جومەیلی والی و ئەمیری فەلوجە

——————————————

( ز . س )  ناسراوە بە ئەنەس کوردی

 

( ش .ب )  ناسراوە بە ھاران کوردی

 

( ع . ع ) ناسراوە بە بن لادن کوردی

 

( م . ح ) ناسراوە بە عەلی کوردی

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this