“مەترسی کەمبوونەوەی ئاوی بەنداوی دوکان و دەربەندیخان کەمتر نییە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا”

0
366

SNN

خالید سەلیم بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی کارەبای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بە کەمبوونەوەی ئاودی بەنداوی دوکان و دەربەندیخان دەکات و دەڵێت: مەترسی کەم بوونەوەی ئاو کەمتر نییە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی کارەبای سلێمانی ئاماژە بەوەش دەکات: بە پێی ئەو برە ئاوەی کە ئێستا هەیە لە بەنداوەکانی کوردستان، بەنداوی دوکان (14) مەتر لە ئاستی پڕبوونی خۆی دابەزیوە و بەنداوی دەربندیخانش (18) مەتر، لە کاتێکدا هەموومان لە بیرمانە ساڵی 2019 هەردوو بەنداوی ناو براو لەم وەرزەدا تەواو پڕ بووبوون و ژمارەیەکی زۆری تۆرباینەکانی ویستگەکانمان ئیش پێدەکرد و ئاستی ئاوی بەنداوەکان لە لوتکەدا بوون، تەنها بەهۆی کەمبارانی ئەمساڵ ئاستی ئاو لە هەردوو بەنداودا زۆر کەمەو لە هەر ویستگەیەکیش تەنها (1) یەک تۆرباین کاری پێدەکرێت تا ئاستی ئاو دادەبەزێت.

دەشڵێت: هەموومان دەزانین سەرچاوەی ئاو بۆ خواردنەوەو پێداویستییەکانی شاری سلێمانی بەنداوی دوکانە و ناوچەکانی گەرمیانیش بەنداوی دەربندیخانە، لە ئێستادا بەهۆی گۆرینی رێرەوی ئەو سەرچاوانەی ئاو کە دەهاتنە ناو هەردوو بەنداوە رێژەی هاتنی ئاو کەمی کردووە و کە ئەمەش مەترسیەکی گەورەیە لەسەر ئاوی هەردوو بەنداو کەمبارانی ئەم ساڵ تەواو نزیکی کردینەوە لە مەترسی کەمی ئاو.

سەلیم‌ داوا لە حکومەت و وەزارەتەکان و پارێزگاری سلێمانی دەکات، گرنگی بەم بابەتە بدەن و پلانی ساڵی داهاتوو لە ئێستەوە دابنێن لەسەر هەمان رێژەی باران بارینی ئەم ساڵ وەکو خۆ ئامادە کردن و چارەسەر دۆزینەوە بۆ ساڵی داهاتوو.

هەروەها داوا لە وەزارەتى کارەبا دەکات لە رێگەی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمەوە بەکارهێنان و ئیشپێکردنی یەکەکانی (تۆرباینەکانی) هەردوو ویستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای دوکان و دەربندیخان لە ستراتیجی بەرهەمهێنانی کارەباوە بگۆرن بە ستراتیجی گل دانەوەی ئاو، واتە کاتی ئیشپێکردنی یەکەکان بگونجێنن لەگەڵ پێداویستی ئاوی شاری سلێمانی دەورو بەری و ناوچەی گەرمیان.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this