“رۆژنامەگەری پیشەیەکی باڵایە و ناکرێت چیتر بەناوی یاساوە سنوورەکانی کارکردن بەرتەسکبکرێتەوە”

0
232

SNN

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ی نیسان، لە رۆژی رۆژنامەگەری کوردیدا پیرۆزبایی ئاراستەی رۆژنامەناوسان و میدیاکانی کوردستان دەکات و دەڵێت: لەم رۆژەدا لەحزووری خاوەن قەڵەمە پڕ گەوھەر و بوێرەکانی وەک میقداد مەدحەت بەدرخان، پیرەمێرد، حسێن حوزنی موکریانی، عەبدولرەحمان زەبیحی و ئیبراھیم ئەحمەد بەڕێزەوە رادەمێنین و یاد و یادەوەرییان دەکەینە سەرمەشقی شکاندنی بەربەستەکانی بەردەم ئازادی و ئازادی رادەربڕین و رەخنەلەخۆگرتن

هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یادی 123 ساڵەی رۆژنامەگری کوردی ئاماژە بەوەش دەکات: رۆژنامەگەری پیشەیەکی باڵایە و ناکرێت چیتر بەناوی یاساوە سنوورەکانی کارکردن بەرتەسکبکرێتەوە و ئازادییەکان زەوت بکرێن و بەناوی بەها نیشتمانییەکانەوە کاری رۆژنامەنووسی سنووردار بکرێت، پێویستە رۆژنامەنووسان ئازا و بوێر بن لە نیشاندانی راستییەکان و گەیاندنی زانیارییەکان. چاودێرێکی وردبن بەسەر دەسەڵاتەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەرییەوە و رۆڵی کاریگەرتر ببینن لە پێشخستنی پرۆسەی دیموکراسی و رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی.

بافڵ تاڵەبانی جەخت دەکاتەوە: ئێمە بەڕێزەوە پێشوازی لە رەخنەکان دەکەین و بە بایەخەوە لە هەر هەوڵێک دەڕوانین بۆ خستنەڕووی کێشەکان و ئەنجامدانی چاکسازی، بەڵام بەداخەوە هەندێک لە میدیاکان ئەرکی پیشەیی خۆیان لەبیرکردووە و دوور لە هەموو پرەنسیپ و بەهایەک هێرشی ناڕەوا دەکەن و تۆمەت دەبەخشنەوە، کەسایەتییەكان دەکەنە ئامانج و سنووری ئازادییە کەسییەکان دەبەزێنن، ئەو میدیا ئاڕاستەکراوانە رۆڵێکی خراپ دەگێڕن لە دروستکردنی بارگرژی سیاسی و لێکترازانی کۆمەڵایەتی، ئەمەش بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ بنەماکانی کاری رۆژنامەگەریدا یەکناگرێتەوە و دوورە لە هەموو پیشەییبوونێک.

بافڵ تاڵەبانی دووپاتی دەکاتەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانی رۆژنامەنووسانە و رۆڵێکی گرنگی بینیووە لە فراوانکردنی پانتایی ئازادی رادەربڕین، ئەرکی رۆژنامەنووسانیشە پیشەییانە و بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ پرس و رووداوەکان بکەن و کاری رۆژنامەگەری تێکەڵی رقی کەسیی و حیزبی نەکەن و هەڵگری قەڵەمێكی ڕاستگۆ و بوێر بن.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this