گرانترین شێوازی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراقە

0
444

SNN

وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت “بۆ واژوو کردنی چەند گرێبەستێک لە بواری وزەدا، هەفتەی داهاتوو وەزیری کارەبای عێراق سەردانی تاران دەکات”.

بەگوێرەی وەزارەتی کارەبای عێراق، ئەو وڵاتە 3300 مێگاوات کارەبا بە گازی هاوردەی ئێران و کڕینی کارەبا لەو وڵاتە  دەستەبەر دەکات، بەشێوەک بە راستەوخۆیی بڕی 1200 مێگاوات کارەبا رۆژانە لە ئێران دەکڕێت کە لە رێگەی هێڵەکانی (خۆرامشەر-بەسرە)، (کەرخە-عەمارە)، (کرماشان-دیالە) و (سەربیل زەهاب-خانەقین) دەگوازرێنەوە، بڕەکەی دیکەی کە 1100 مێگاواتە لە رێگەی هاوردەکردنی گازی ئێران بەرهەمدێت.

ئەحمەد عەبادی ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند “تەوەرێکی سەردانی ماجید حەنتوش وەزیری کارەبا بۆ پرسی دابینکردنی غازی شل دەبێت بۆ وێستگەکانی کارەبا”.

پێشتر حکومەتی عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران رێککەوتنیان هەبووە بەوەی تاران بەشێک لە پێداویستییەکانی بەغدا لە غاز و وزەی کارەبا پڕ بکاتەوە.

سەبارەت بەوەی بۆچی عێراق سوود لە نەوتی خاو وەرناگرێت بۆ دابینکردنی کارەبا؟ وتەبێژەکەی وەزارەتی کارەبای عێراق وتی: “ئەوە لەسەر ئێمە زۆر دەکەوێت، چونکە رۆژانە پێویستمان بە 1 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە دەبێت، کە ئەوەش ئەو رێژەیەیە ئۆپیک بۆ عێراقی داناوە و ناتوانین تەرخانی بکەین بۆ کارەبا”.

رۆژی پێنجشەممەی رابردووش مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم پێشوازی لە ماجد حەنتوش وەزیری کارەبای حکومەتی فیدراڵی کرد.

لە دیدارێکەدا گفتوگۆ دەربارەی دۆخی کارەبا لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرا و پەرەپێدانی هەماهەنگیی لەنێوان هەردوولا و هەوڵەکان بۆ باشترکردنی توانای بەرهەمهێنانی وێستگەکانی کارەباباسیان لێوە کرا.

مەسرور بارزانی دەڵێت “وێڕای ئامادەیی دەربڕینمان بۆ هاوکاریکردنی وەزارەتی کارەبای فیدرالی و تۆڕی کارەبای نیشتمانیی بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی هاوبەش، ئاماژەشمان بەوەدا کە عێراق، خاوەنی سامانێکی ماددی و مرۆیی دەوڵەمەندە کە ئەگەر بە باشی سوودی لێ وەربگیرێت، کاریگەریی ئەرێنی لە سەر باشتربوونی ژیانی هاووڵاتییان بە گشتی و کارەبا بە تایبەتی دەبێت.

بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق ئەو دۆسیەیە کە لەڕابردوودا زیاتر لە 200 ملیار دۆلار تێیدا بەهەدەر دراوە و ئێستاش گرانترین شێوازی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق پەیڕەو دەکرێت.

بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەی کارەبای باسمییە کە دەکەوێتە باشووری بەغدا و پشت بە گازی هاوردەکراوی ئێران دەبەستێت لە کاتژمێرێکدا تێچووەکەی 98 دۆلارە ئەوەش بەرزترین تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبایە بەراورد بە هەموو وێستگەکانی دیکە.

هاوکات سەرچاوەیەکی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی کارەبای ناوەڕاست رایگەیاندووە، تێچووی هەر مێگاواتێک لە وێستگەی باسمییە لە ماوەی 60 خوولەکدا بۆ وەبەرهێنەرێک دەگاتە 41 دۆلار، بەڵام بەرهەمهێنانی کارەبا بە گازی هاوردەی ئێران لە هەر کاژێرێکدا تێچووەکەی 57 دۆلارە، ئەو سەرچاوەیە باسی لەوە کردووە “تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا بەکۆی گشتی لە کاتژمێرێکدا بە گازی ئێران لە وێستگەی باسمییە 98 دۆلارە”.

عێراق خاوەنی بڕێكی زۆر غازی سروشتییە‌ و لەسەدا 97ی غازی كێڵگەكانی عوكاز‌ و مەنسوریە غازی پوختەیە، بەڵام تائێستا وەبەرهێنانیان تێدا نەكراوە.

وەزارەتی کارەبای عێراق لە ماوەی رابردوودا لە هەموو دامەزراوەکانی دیکەی وڵات زیاتر جێگەی گومان بووە و زۆرترین حاڵەتی گەندەڵی تێدا تۆمار کراوە، بەجۆرێک بەرپرسانی پێشووی ئەو کەرتە زۆرینەیان لەلایەن دەستەی نەزاهە و دادگاکانی عێراقەوە داواکراون.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this