کۆرۆنا کەرتی تەندروستی هیندستانی هەرەسپێهێنا

0
200

SNN

بەهۆی هەڵکشانی زۆری حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا کەرتی تەندروستی لە هیندستان پەکیکەوتووە و حکومەت پەنای بۆ سوپای وڵاتەکە بردووە، بەشێک لە وڵاتانیش دەستی هاوکارییان بۆ وڵاتەکە درێژکردووە.

تێدرۆس ئەدهانۆم سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیهاندووە: “بارودۆخی تەندروستی لە هیندستان دڵ دەهەژێنێت”، باسی لەوەشکرد رێکخراوەکە ستافی تەندروستی و کەلوپەلی تەندروستی زیاتر بۆ هیندستان دەنێرێت، بەتایبەت بوتڵی ئۆکسجین کە لە وڵاتەکەدا کورتیهێناوە”.

لە ئێستادا نەخۆشخانەکانی هیندستان جمەیاندێت لە نەخۆشی کۆرۆنا و چیتر پزیشک و کارمەندانی تەندروستی ناتوانن بەرگەی چارەسەرکردنی ئەو ژمارە زۆرەی تووشبوو بکەن.

نێرێندرا مۆدی سەرۆکوەزیرانی هیندستان لەگەڵ بیپین راوات سەرۆکئەرکانی وڵاتەکە کۆبووەوە و داوای لێکرد کەرت تەندروستی سەربازی بخاتە خزمەتی هاووڵاتیانی مەدەنی، ئەو بوتڵی ئۆکسجینانەی لە کۆگاکانی سوپادا هەیە بیبەخشنە نەخۆشخانەکان و ئەو ئەفسەرانەی کە پێشتر کاریان بەهاناوەچوون و چارەسەری تەندروستی بووە لەناو سوپادا و ئێستا خانەنشین بوون، رووبکەنە ناوەندەکانی تەندروستی بە مەبەستی هاوکاریکردن.

بەشێک لە وڵاتان هاوکاری کەرتی تەندروستی وڵاتەکە دەکەن

هارش ڤاردان وەزیری تەندروستی هیندستان لە وەسفی ئەو بارودۆخە دژوارەی رووی لە وڵاتەکە کردووە دەڵێت: “ئاسمان، رێگای وشکانی و ئاسن، تەنانەت بەهەشت و زەویش جوڵەیپێکراوە بۆ بەڕەنگاربوونەوەی ئەو ئاڵنگاریانەی کە کۆرۆنا دووچاری کردووین”.

بەشێک لە وڵاتان پشتیوانی لە هیندستان دەکەن بۆ رزگاربوون لە قەیرانەکە، مۆدی قسەی لەگەڵ جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا کردووە سەبارەت بە ڤاکسین و کەلوپەلی تەندروستی و لەدوای ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە بایدن رایگەیاند کە هاوکاری تەندروستی دەگەیەننە هیندستان.

بەریتانیا و ئەڵمانیاش بەڵێنیانداوە هاوکاری کەرتی تەندروستی هیندستان بکەن.

مۆدی داوا لە هاووڵاتیان دەکات ڤاکسین وەربگرن و خۆیان بپارێزن

سەرۆکوەزیرانی هیندستان داوا دەکات سەرجەم هاووڵاتیانی وڵاتەکە خۆیان بکوتن و خۆپارێزی بکەن تا “لەم زریانی کۆرۆنایە”رزگاریان بێت وەک خۆی وەسفیکرد.

لەو شارانەی کە خراپترین دۆخی تەندروستی هەیە، جەستەی ئەو کەسانە دەسوتێنرێن بە کۆمەڵ کە بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.

لە دوو ویلایەتی وڵاتەکە ئێستا قەدەغەی هاتووچۆ بۆ ماوەی دوو هەفتە راگەیەندراوە و لە بەشێک لە ویلایەتەکانی دیکە قەدەغە هەڵدەگیرێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this