تورکیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ناوچەکە ئاسایی دەکاتەوە

0
453

SNN

تورکیا دەستپێشخەری دەکات بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بەتایبەت سعودیە و میسر و ئیمارات لەمەشدا شەڕی سوریا و لیبیا و پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەبەرچاودەگرێت.

سعودیە کە نەوتی تورکیا دابیندەکات، هەرخۆشی یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین کاڵای تورکی تێدا ساغدەکرێتەوە و بازاڕێکی گەورەیە بۆ بازرگانانی تورکی.

بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکانی کەنداوەوە پەیوەندی ئەو دوو وڵاتە لاوازبووە، پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و تورکیا بەتایبەت لەکاتێکدا گەیشتە خراپترین دۆخی کە رۆژنامەنووسی سعودی جەمال خاشقچی لە تورکیا کوژرا، دواتر بەهۆی ناکۆکییەکانەوە سعودیە رێگری لە هاوردەی کاڵای تورکی بۆ وڵاتەکەی کرد تا وایلێهات لە ئازاری ساڵی رابردوو رێگری لە هاوردەکردنی 90%ی کاڵای تورکی بۆ سعودیە کرا، لەلایەکی دیکەوە سعودیە هەشت خوێندنگای تورکی لە وڵاتەکەیدا دادەخات.

بڕیارە مەولود چاوشئۆغلو وەزیری دەرەوەی تورکیا 11ی ئەم مانگە سەردانی سعودیە بکات و چەند پرسێکی گرنگ لەگەڵ ئەو هاوتا سعودیەکەی ئەو وڵاتە باسبکات لە نێویشیاندا پەیوەندییە بازرگانییەکان.

تورکیا لەلایەکی دیکەوە لە هەوڵدایە پەیوەندییەکانی لەگەڵ میسر بەهێزبکات و دەستبەرداری پشتیوانییەکانی بۆ ئیخوان موسلمین دەبێت، لە چەند رۆژی رابردووشدا ئەو دوو وڵاتە گفتوگۆیەکی چڕوپڕیان لەبارەی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوخۆی لیبیا و  سوریا و ئاسایشی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست کرد.

ئەم گفتوگۆیە کە لە نێوان جێگری وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵاتەکەدا بۆ ماوەی دوو رۆژ بەڕێوەچوو، یەکەم گفتوگۆی باڵای نێوان ئەو دوو وڵاتەبوو لەماوەی چەندین ساڵی رابردوودا.

لە راگەیەندراوی هاوبەشی نێوان جێگرانی وەزیری دەرەوەی ئەو دوو وڵاتە کە لەدوای کۆبوونەوەکانیان ئەنجامیاندا ئەوەش باسکرابوو کە تاوتوێی “رەوشی عێراق”یان کردووە بەڵام هیچ شتێکیان لەوبارەیەوە رووننەکردووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە تورکیا لە هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیدایە لەگەڵ ئیمارات و لە چەند رۆژی رابردووشدا بۆ یەکەمجار توگای تونچەر باڵیۆزی نوێی تورکیا لە ئیمارات دەستبەکاربوو، مەولود چاوشئۆغلو وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکی ئەم دواییەیدا وتوویەتی : “تورکیا هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ئیمارات نییە و ئامادەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە ئاسایی بکاتەوە بەڵام دەبێت ئیماراتیش هەنگاوێکی کۆنکرێتی بنێت و لەو کارانە خۆی بەدووربگرێت کە دژی تورکیان”.

پێشتریش ئەنوەر قەرقاش وەزیری دەرەوەی پێشتری ئیمارات وتببووی: “گرفتی ئێمە لەگەڵ تورکیا بەتەنیا پشتیوانیکردنیەتی لە ئیخوان موسلمین کە دەبێت ئەو پشتیوانییە رابگرێت”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this