لە هاویندا گۆڕانکاری بەسەر کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانیدا دێت

0
274

 

SNN

تائێستا زیاتر لە 660 هەزار پێوەری زیرەکی کارەبا لە هەرێم بەستراون و پرۆسەکەش بەردەوامە و بەرپرسێکی وەزارەتی کارەباش دەڵێت، بۆ هاوینی ئەمساڵ گۆڕانکاری بەسەر کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا دێت.

كەمال محەممەد ساڵح، وەزیری كارەبای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بە مەبەستی لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كاری تیمەكانی بەستنی پێوەری زیرەك، سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە پێوەری زیرەكی كرد و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ پڕۆژه‌كه‌ له‌ خزمه‌تی باشكردنی ماوه‌كانی پێدانی كاره‌با و باشكردنی ڕه‌وشی كاره‌بای نیشتمانییه‌.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا  ئاماژه‌ به‌وه‌ كرا تائێستا 663 هەزار و665  پێوەر لە تەواوی هەرێمی كوردستان بەستراون، كە دەكاتە لە 42%ی سەرجەم هاوبەشانی كارەبا.

لە لایەکی دیکەوە دیار تاهیر بەڕێوەبەری گشتی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وەزارەتی كارەبا لە لێدوانێکدا رایگەیاندوە: “ئێستا بەرهەمهێنانی كارەبا گەیشتۆتە بڕی سێ هەزار و 500 مێگاوات، بۆیە رۆژانە زیاتر لە 20 بۆ 21 کاتژمێر كارەبای نیشتمانی بەهاووڵاتیان دەدرێت”.

راشیگەیاند، پێشبینی دەكرێت هاوینی ئەمساڵ بەراورد بەساڵانی رابردوو، گۆڕانكاری بەسەر کاتژمێرەکانی پێدانی كارەبا بێت، بەو پێیەی بەرهەمهێنانی كارەبا زیاتر دەبێت و چەند پڕۆژەیەكی كارەبا دەكەونەكار، لەوانە پڕۆژەی 165 مێگاواتی وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای گەرمیانك كە لەمانگی شەشدا دەكەوێتەكار، هەروەها توانای بەرهەمهێنانی كارەبا لە وێستگەی كارەبای خەبات زیاتر دەبێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this