جێگری لیژنەی ئاسایش “بێهەڵوێستی هەرێم و بەغدا رێگەی بۆ فراوانخوازی تورکیا لە ناوچەکە خۆشکرد”

0
416

SNN

جێگری لیژنەی ئاسایشی هەرێم دەڵێت تورکیا مەبەستی لە فراوانخوازییەکانی لەهەرێم داگیرکردنی موسڵە و بۆ ئەوەش خوازیارە ناوچەکان لە گوندنشینەکان چۆڵبکرێن، دەشڵێت: “حکومەتی فیدراڵ رێگە بۆ هێرشی تورکیا خۆشدەکات”.

باڵانبۆ محەمەد جێگری سەرۆکی لیژەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێیەکان رایگەیاند: “نزیکەی 40 بۆ 50 بنکەی سەربازی و هەواڵگری تورکیا لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئەم زانیاریانە ورد نین چونکە وڵاتێکی وەکو تورکیا کە بیەوێت زانیاری لەسەر نەیارەکانی کۆبکاتەوە زانیاری راستەقینەی خۆی بۆ رای گشتی ئاشکراناکات و حکومەتی هەرێم و پەکەکە و ئەمریکاش زانیاری جیاوازیان لەبارەی بوونی بنکە و بارەگاکانی تورکیا لە هەرێم لەبەردەستدایە، ئەمە دەکەوێتە سەر بەهێزی توانا هەواڵگرییەکانی ئەو لایەنانە”.

لەبارەی ئەو گوندانەی هەرێم کە دەکەونە ژێر هەڕەشەی بۆردومان و هێرشە زەمینییەکانی تورکیا، باڵانبۆ رایگەیاند: “تا ئێستا 300  گوند چۆڵکراون و ئەوانی دیکەش هەموویان مەترسی چۆڵکردنیان لەسەرە”.

لەبارەی کاریگەریی ئەو هێرشانە لەسەر هاووڵاتیانی مەدەنی ناوچەکە وتی: “دەبینین خەڵک هەمووی داڕوخاوە و هێرشەکان نەک بەتەنیا کاریگەری دەروونی بەڵکو کاریگەری ئابووریشی لەسەر ناوچەکە دروستکردووە، دەزانین خەڵکی گوندنشینەکان بە رەز و باخ و مەڕوماڵاتەوە سەرقاڵن، ئەمە داهاتێکە کە ئەگەر ئەم داهاتە نەمێنێت دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی بێکاری لە هەرێم کە ئەمە مەترسییەکی زۆر گەورەیە کە ئەگەر حکومەت بیری لێنەکاتەوە”.

وتیشی: “بۆردومانەکان زیانێکی زۆری بە ژینگەی ناوچەکە گەیاندووە لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان شوێنەواری جەنگەکانی پێشووی پێوەماوەتەوە”.

لەبارەی فراوانخوازییەکانی تورکیا لە هەرێم، جێگری لیژنەی ئاسایشی کوردستان وتی: “تورکیا بەتەنیا پەکەکەی کردووە بە بیانوو بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەکانی هەرێم، ئامانجی تورکیا بەتەنیا لێدان لە پەکەکە نییە بەڵکو ئامانجە گەورەکەی ئەوەیە، ویلایەتی موسڵ بخاتەوە ژێر رکێفی خۆی و بەیەکجاری بۆ ئەو ناوچانە بگەڕێتەوە و نایەوێت دانیشتوانی ناوچەکەی لێبێت”.

لەبارەی هەڵوێستی لایەنەکان وتی: “هەم حزبەکانی هەرێمی کوردستان و هەم حکومەتی فیدراڵی کەمتەرخەمن لەم بابەتەدا، دەکرێت ئەمەش دەستی حکومەتی فیدراڵی تێدایە، خۆی لەگەڵ تورکیا موافقە کە تورکیا بێت خاکی کوردستان داگیربکات بۆ نەهێشتنی ئەم کیانەی کوردستان”.

هەروەها رایگەیاند: “حکومەتی هەرێم و لایەنە کوردییەکان بێهەڵوێستن، بەڕاستی نابێت چاوەڕێی دەستی حکومەتی فیدراڵ بکەن بۆ راگرتنی ئەم هێرشانە چونکە بەغدا خۆی رێگەی بۆ ئەم هێرشانە خۆشکردووە”.

لەبارەی بێهەڵوێستی حکومەتی فیدراڵ زیاتر وتی: “بەغدا هەرێمی کوردستان بە خاکی خۆی دەزانێت کە بابەتەکە لەسەر داهاتی نەوت و خاڵە سنوورییەکان بێت بەڵام لەکاتی پێشێلکردنی خاکەکەی و شکاندنی سەروەریەکەی دەبینین هیچ هەڵوێستێکی نییە”.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this