وەزارەتی پەروەردە: خوێندنی ناوپۆل بە شێوەی بەنۆرە دەستپێدەکاتەوە

0
349

SNN

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم رایگەیاند: “پرۆسەی خوێندنی ناوپۆل لە رۆژی یەکشەممەوە بە شێوازی بەنۆرە دەستپێدەکاتەوە و بەخێوکاری خوێندکارانیش ئەگەر خوازیارن منداڵەکانیان لە ناو پۆل نەخوێنێت دەبێت بەڵێننامەیەک پڕ بکەنەوە.

لە راگەیەنراوێکدا وەزارەتی پەروەردە باسی لەوەکردوە: “پرۆسەی خوێندنی ناو پۆل لە یەکشەممە 16ی ئایارەوە بە شێوازی بەنۆرە دەستپێدەکاتەوە بۆ قۆناغی یەکەمی بنەڕەتی تا یانزەی ئامادەیی لە خوێندنگە حکومی و ناحکومیەکان و ئەو خوێندنگەیانەی گوندەکان، کە پێشتر سێ ڕۆژ لە هەفتەیەکدا دەوامیان کردووە لەسەر یەک، بەهەمان شێواز بەردەوام دەبن”.

وێڕای جەختکردنەوە لە سەر پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان راشیگەیاندوە: “بەخێوکاری قوتابییان و خوێندکاران، ئەگەر  ئارەزویان بێت منداڵەکەیان لە ناوپۆل نەخوێنێت،  دەتوانن لە هەفتەی یەکەمی دەستپیکردنەوەی خوێندن فۆرمی بەلێننامە پڕبکەنەوە، کە بە خوێندنی ئەلیکترۆنی و پاڵپشتی ماڵەوە بەردەوام دەبن، بەڵام تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ لە ناوپۆل جێبەجێ دەکرێن”.

 

دەقی راگەیەنراوەکە

ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

 

ئاماژە بەو دەسەڵاتەی لە کۆبوونەوەی 10 / 3 / 2021 لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی  ڤایرۆسی کۆرۆنا پێمان دراوە، لەدوای گفتوگۆکردن  لەگەڵ  بەڕێزان  سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبونەوەی کۆرۆنا  ، بریارمان دا بە :

1-  دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندنی ناو پۆل لە یەکشەممە 16/ 5 /2021 بەشێوازی بەنۆرە (تناوب) ، بۆ قۆناغی (یەکەمی بنەڕەتی تا یازدەیەمی ئامادەیی)ی ( حکومی – ناحکومی ) و ئەو قوتابخانانەی گوندەکان، کە پێشتر سێ ڕۆژ لە هەفتەیەکدا دەوامیان کردووە لەسەر یەک، بەهەمان شێواز بەردەوام دەبن .

2-  پێویستە هەمو لایەک پابەندبن بە ڕێنماییە تەندروستییەکان. دەسەڵاتی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان، جگە لە سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان و تیمی تەندروستی، دەدرێت بە بەڕێوەبەرانی پەروەردەی قەزا و سەرپەرشتیاریی هاوڕێی ڕەخنەگر، کە پێویستە چاودێرییەکی وردی جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان بکەن .

3 – لە حاڵەتی توشبون و چارەسەرکردنی کۆرۆنا لە ناوەندەکانی خوێندن بە هەماهەنگی نێوان تەندروستی و پەروەردەی پارێزگاکان ، بەسەرپەرشتی بەڕێز پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان دەبێت.

4- بەخێوکاری قوتابییان و خوێندکاران، ئەگەر  ئارەزویان بێت منداڵەکەیان لە ناوپۆل نەخوێنێت،  دەتوانن لە هەفتەی یەکەمی دەستپیکردنەوەی خوێندن فۆرمی بەلێننامە پڕبکەنەوە، کە بە خوێندنی ئەلیکترۆنی و پاڵپشتی ماڵەوە  بەردەوام دەبن ، بەڵام تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ لە ناوپۆل جێبەجێ دەکرێن.

5- وەزارەتی پەروەردە ، وێڕای سوپاسی بۆ هەمو بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و ئەو مامۆستایە بەرێزانەی ڕۆلیان هەبووە لە خوێندنی ئەلیکترۆنی و دروستکردنی گروپەکانی تیلگرام و ڤایبەر و …. هتد ،  وا پێویست دەکات  بەردەوام بن لە کارەکانیان و لیژنەی خوێندنی ئەلیکترۆنی لە قوتابخانەکان بە کارایی بمێنێتەوە ، لە ڕێگای ئەو شێوازی پەیوەندیکردنانەی، کە بەکارهێنراون. دەتوانرێت ئەو سێ ڕۆژەی قوتابی لە ناوپۆل نییە، ئەرکی ماڵەوەی زیاتر پێبدرێت و پەرە بە تواناکانی فێربوونی بدرێت ، تەنیا لەو بابەتانە کە  پێویستە تاقیکردنەوەیان لێبکرێت، لەگەڵ خشتەی بەشەوانەکان، کە لە گشتاندنی بەڕێوەبەرایەتی  گشتیی پرۆگرام و چاپەمەنییەکانی وەزارەتدا هاتووە و پێشتر ڕایانگەیاندوە و بۆ دامەزراوەکانی وەزارەت ناردراون، لەم ڕوانگەیەوە کاری لیژنەی خوێندنی ئەلیکترۆنی بەردەوام دەبێت.

 

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

15 ی 5ی 2021

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this