لیژنەی دارایی: بۆ سێ مانگی رابردوو بڕی 650 ملیار دینار وەک پشکی هەرێم دیاریکراوە

0
447

SNN-عەلی حەمە سەعید

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوەدەكات: “بڕی پشكی هەرێم مانگانە گۆڕانكاری بەسەردا دێت بۆ سێ‌ مانگی ڕابردوو نزیكەی 650 ملیار دینار دیاریكراوە”، بریكاری پێشووی وەزیری دارایی عێراقیش ئەوەدەخاتەڕوو: “هیچ ڕێگرییەكی یاسایی نەماوە بۆ ئەوەی عێراق پشكی هەرێم بنێرێت، بەڵام بۆ  ئەوەی عێراق پشكی هەرێم ڕەوانە بكات دەبێت شاندێكی تەكنیكی هەرێم بچنە بەغدا”.

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە SNNی ڕاگەیاند: “بۆ ئەوەی بەرچاوی هەردوو حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم ڕوون بێت لە چۆنییەتی ناردنی پشكی هەرێم و هەروەها ڕادەستكردنی ئەو بڕە پارەیەی كە دەبێت هەرێم بیداتە بەغدا لە فرۆشتنی نەوت و داهاتی ناوخۆ، دەبێت شاندێكی هەرێم بڕۆنە بەغدا و ئەم بابەتانە یەكلایی بكەنەوە بەڵام تا ئێستا ئەمە نەكراوە”.

ئاماژەی بەوەشكرد: “بە گوێرەی ئەو لێكدانەوانەی كە لەلایەن سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە بۆ پشكی هەرێم كراوە، بۆ سێ‌ مانگی ڕابردوو بۆ هەرمانگێك پشكی هەرێم بە 218 ملیار دینار دیاریكراوە بۆ سێ‌ مانگەكەش دەكاتە نزیكەی 650 ملیار دینار، بەڵام دیار نییە كەی ئەم بڕە پارە ڕەوانەی هەرێم دەكرێت”.

لای خۆیەوە فازل نەبی، بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ SNNی ڕوونكردەوە: “لە ڕووی یاساییەوە هیچ گرفتێك بۆ ناردنی پشكی هەرێم لەلایەن عێراقەوە نەماوە، تەنها ئەوەندە نەبێت كە هەرێم شاندێكی تەكنیكی ڕەوانەی بەغدا بكات، بۆیە گەشبینین بەوەی كە لە دوای پشووی جەژن هەرێم ئەو شاندە ڕەوانەی بەغدا بكات و ڕێككەوتنەكەی نێوان هەرێم و بەغدا بەكرداری بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە”.

ئەوەشی خستەڕوو: “ئەركی شاندەكەی هەرێمە كە دەچنە بەغدا لە بوارەكانی نەوت و گومرگ و داهاتی ناوخۆ ئەو بڕە پارەیە دیاری بكات كە بەغدا بۆ هەرێمی دەنێرێت و لەبەرامبەریشدا هەرێم دەبێت پارەی فرۆشتنی بڕی دیاریکراوی نەوت و لە%50ی داهاتی ناوخۆ ڕادەستی عێراق بكات، بۆیە بەشێوەیەكی گشتی تەنها چەند ڕێوشوێنێكی ئیداری و كارگێڕی ماوەن بۆ ناردنی پارە لە بەغداوە بۆ هەرێم”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this