جەمال کۆچەر، نوێترین زانیاری لەبارەی ناردنی پشكی هەرێم لەلایەن بەغداوە ئاشکرا دەکات

0
297

SNN-عەلی حەمە سەعید

جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوەدەكات، تا ئێستا دیارنییە كەی لیژنەی تەكنیكی هەرێم سەردانی بەغدا دەكەن بۆ ئەوەی پشكی هەرێم لەگەڵ لایەنی عێراقی یەكلایی بكەنەوە، ڕاوێژكارێكی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیش ئەوە دەخاتە ڕوو، حكومەتی هەرێم هێندە بەدوای مقاسەوەیە هێندە لە خەمی ئەوەدا نییە كە داهاتی نەوت و ناوخۆ ڕادەستی عێراق بكات.

د.جەمال كۆچەر ئەوەی بە SNN ڕاگەیاند: لەگەڵ ئەوەی لە ڕووی یاساییەوە پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هێشتا حكومەتی هەرێم هیچ لیژنەیەكی ڕەوانەی بەغدا نەكردووە بۆ هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی عێراق بۆ دیاریكردنی پشكی هەرێم و پێدانی داتاو زانیاری بە بەغدا، تا ئێستا دیار نییە كە ئاخۆ حكومەتی عێراق بۆ ئەم مانگەش پشكی هەرێم ڕەوانە دەكرێت یاخود نا.

ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ ئەوەی بەرچاوی هەردوو حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم ڕوون بێت لە چۆنییەتی ناردنی پشكی هەرێم و هەروەها ڕادەستكردنی ئەو بڕە پارەیەی كە دەبێت هەرێم بیداتە بەغدا لە فرۆشتنی نەوت و داهاتی ناوخۆ، دەبێت شاندێكی هەرێم بڕۆنە بەغدا و ئەم بابەتانە یەكلایی بكەنەوە بەڵام تا ئێستا ئەمە نەكراوە.

لای خۆیەوە بەكر ئەمین، راوێژكاری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بۆ SNNی ڕوونكردەوە، تا ئێستا هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێم نەچوونەتە نێو وردەكاری جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنەی كە لە نێوانیامدا كراوە بە تایبەت هەردوو وەزارەتی نەوتی هەرێم و بەغدا دەبوو ئەم بابەتەیان یەكلا بكردایەوە، بەڵام ئەوەندەی ئێمە تێگەیشتووین ئامانجی حكومەتی هەرێم لەڕێككەوتنی لەگەڵ بەغدا زیاتر بۆ مۆڵەتوەرگرتنە بۆ فرۆشتنی نەوت بەسەربەخۆیانە نەك ئەوەی بە تەمابێت بەشە بودجەی خۆی بۆ بێت لە بەغداوە.

ئەوەشی خستەروو، ئەگەر حكومەتی هەرێم پابەندییەكانی خۆی بە ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ بەغدا جێبەجێبكات و بەغداش پشكی دیاریكراوی هەرێم كە زیاتر لە تریلۆنێك دینارە ڕەوانە بكات، ئەوا بەدڵنیاییەوە لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران نامێنێت، بەڵام حكومەتی هەرێم هێندە لە خەمی ئەوەدایە بەغدا پارەی “مەقاسە”ی(ئەو پارەیەی کە دوای داهاتی نەوتی و خاڵی سنووری بۆ هەرێم دەمێنێتەوە) بۆ بنێرێت هێندە لە خەمی ئەوەدا نییە داهاتی نەوت و ناوخۆ رادەست بكات.

لای خۆشییەوە هەر ئەمڕۆ جەمال کۆچەر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: کە لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندنی تەکنیکی هەرێم سەردانی بەغدا دەکەن بۆ ئەوەی دوا کۆبوونەوەی خۆیان ئەنجام بدەن تا بەغدا بەشە بودجەی هەرێم بنێرێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this