بەپێچەوانەی عێراقەوە هەرێم داهاتی نەوت بڵاوناکاتەوە

0
535

SNN

هەرچەندە وەزارەتی نەوتی عێراق مانگانە ياخود چەند مانگ جارێک تێکڕای داهاتی فرۆشتنی نەوت و بڕەکەی بڵاودەکاتەوە، بەڵام تا ئێستا حکومەتی هەرێم داتايەکی روونی لەبارەی داهاتی نەوت و بڕی فرۆشتنەکەی بڵاونەکردووەتەوە، داهاتی ئەو کەرتە کە بە بڕبڕەی پشتی ئابوری هەرێم دادەنرێت ناروونە.

وەزارەتی سامانە سروشتييەکان کەی دەکەوێتە سەرپێ؟

بەپێی پەيکەر بەندی وەزاری لە هەرێمی کوردستان پرسی نەوت لە دەست وەزارەتی سامانە سروشتييەکانی هەرێمدايە، ئەو وەزارەتە لە پشکی پارتی ديموکراتی کوردستانەوە و لە دەستبەکاربوونی کابينەی نۆی حکومەتەوە وەزيرەکەی بۆ يەکلای نەدەکرايەوە، تا لە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵ کەمال ئەتروشی بۆ ئەو پۆستە هەڵبژارد.

بەڵام بۆچوونێک پێی وايە ئەم وەزارەتەی هەرێم هاوشێوەی وەزارەتی پێشخۆی بێدەنگە، چونکە لەسەرەتای دەستبەکاربوونی وەزيرەکەی تا ئێستا نەک هيچ چالاکييەکی نييە بەڵکو نەشبينراوە.

لەسەر ئەم بابەتەش، سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی بڕیاردەری لیژنەی سامانە سروشتیەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە SNNی راگەياند: “وەک ليژنەی سامانە سروشتييەکان تا ئێستا دوو جار بانگهێشتی وەزيری سامانە سروشتييەکانمان کردووە بۆ پەرلەمان بەڵام نەهاتووە، پەرلەمانيش بانگێهێشتی کرد بۆ ئەوەی لە دانيشتنێکدا بەشداربێت بەڵام ئاماددە نەبوو”.

وتيشی “تا ئێستا نا شەفافييەکی زۆر هەيە لە داهاتی نەوتدا و ئەو داتايانەی وەزارەتی سامانە سروشتييەکان لايەتی نايدات بە ليژنەی وزە، بەڵکو تەنها لە سۆمۆوە وەردەگيرێت”.

تا ئێستا مەلەفی نەوت ئاشتی هەورامی مامەڵەی پێوە دەکات

سەبارەت بە پشکی يەکێتیی نيشتمانیی کوردستانيش لە وەزارەتی سامانە سروشتييەکان سەرکۆ گەڵالی وتی “ئەحمەد موفتی پۆستی بريکاری وەزيری هەيە لە پشکی يەکێتی، بەڵام بە بۆچوونی ئێمە تا ئێستا سەڵاحيەتی مەلەفی نەوتی هەر ئاشتی هەورامی مامەڵەی پێوەدەکات، ئەو وەزيرە نوێيە هيچ گۆڕانکارييەکی نەکردووە و تەنانەت مەلەفەکانيشی نەخستووەتە ئەستۆی خۆی”.

دەشڵێت “چەندين جار دووپاتمانکردووەتەوە کە وەزارەتی سامانە سروشتييەکان هەماهەنگ نييە و دەرگای بە رووی پەرلەمان و ميديا ناوخۆييەکان داخستووە”.

لەسەر رۆڵی ئەو وەزارەتەش لە چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی نەوتدا، کاروان گەزنەی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە ليژنەی وزە و سامانە سروشتييەکان بە SNNی راگەياند: ” پرسی نەوت لە هەریمی کوردستان کێشەی گەورەی تێدايە و پێويستی بە چارەسەر هەيە، ئەوەش دەکەوێتە سەر ئەوەی تا چەند وەزيری سامانە سروشتييەکان ئامادەی ئەوەی تێدايە ئەو کێشانە چارەسەر بکات و لەژێر هەيمەنەی حيزب و شەخسدا نييە”.

داهاتی ئەم وڵاتە %85 بۆ 95 لەسەر نەوتە بەڵام وەزيری سامانە سروشتييەکان شاراوەيە

کاروان گەزنەی باسی لەوەشکرد: “داهاتی ئەم وڵاتە 85% بۆ 95 لەسەر نەوتە بەڵام وەزيری سامانە سروشتييەکان شاراوەيە، پرسی نەوت لە هەریمی کوردستان کێشەی گەورەی تێدايە و پێويستی بە چارەسەر هەيە، ئەوەش دەکەوێتە سەر ئەوەی تا چەند وەزيری سامانە سروشتييەکان ئامادەی ئەوەی تێدايە ئەو کێشانە چارەسەر بکات و لەژێر هەيمەنەی حيزب و شەخسدا نييە”.

وتيشی “پەيکەربەندی وەزارەتی سامانە سروشتييەکان گرنگە لە چارەسەرکردنی کیشەکانی نەوت، ئەوەش دەشکەوێتە سەر ئەوەی وەزيری سامانە سروشتييەکان و وەزارەتەکەی تا چەند ئامادەی ئەوەی تیدايە دەست بۆ گرفتەکانی گریبەستەکانی نەوت و خەرجکردنی داهاتەکەی بەرێت، بەڵام پێموانييە ئەم وەزيرەش وەک ئەوانيديکە هيچ گۆڕانکارييەک بکات”.

راپۆرتەکانی ديلۆيت لەسەر مەلەفی نەوت جێگەی متمانە نييە

سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی داهاتی نەوتی هەرێميش کاروان گەزنەی دەڵێت “حکومەتی هەرێم بە رەسمی هيچ شتێک بڵاوناکاتەوە و تاکە وەسيلە بەدەستمانەوە راپۆرتەکانی ديلۆيتە، ئەوەش جێگەی متمانە نييە چونکە راستەوخۆ دەستی ناگات بە گرێبەستەکانی نەوت، ئەوەشی بڵاويدەکاتەوە پڕيەتی لە پرسياری بێ وەڵام”.

هاوکات، عزەت سابير ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە SNN ی راگەياند: “تا ئێستا هيچ شتێکی تازە لە وەزارەتی سامانە سروشتييەکانەوە نييە”، زانياری زياتری نەخستەروو.

مانگی رابردوو، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەيەندراوێکدا داهاتی فرۆشتنی نەوتی بڵاويکردەوە و رايگەياند: “مانگی نيسان 88 مليۆن بەرميل نەوت هەناردەکراوە، داهاتی فرۆشتنەکەی پێنج مليار دۆلار بووە”، راشيگەياند: “تیکڕای فرۆشتنی نەوت لەو مانگەدا بە 62 دۆلار بووە، هەناردەی رۆژانە دوو مليۆن و 947 هەزار بەرميل بووە”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this