بافڵ تاڵەبانی: رێگەنادەین لە پرسی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەدا بەرژەوەندی حزبی زاڵبکرێت

0
486

SNN

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان سەبارەت بە پرسی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان وێڕای جەختکردنەوە لە پاڵپشتی یەکێتی بۆ ئەو پرسە، وتی: ” رێگەنادەین لەم پرۆسە نیشتمانییەدا بەرژەوەندی حزبی زاڵبکرێت و ناھاوسەنگی دروستبکرێت”.

بافڵ تاڵەبانی، سەردانی فەرماندەیی ھێزەکانی حەفتای کرد و لەلایەن مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی ھێزەکانی حەفتا و ژمارەیەک فەرماندە و پلەباڵای سەربازی پێشوازی لێکرا و  لەکۆبوونەوەیەکدا هاوسەرۆکی یەکێتی تیشکی خستەسەر دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکان و ھەڵوەستەی کرد لەسەر بارودۆخی سەربازیی ئەم دواییەی بەغدا و چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی تیرۆریستانی داعش و ھەوڵەکانی یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە.

لەبارەی یەکگرتنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە و پێشخستنی توانا سەربازییەکان و پێداچوونەوە بە پەیکەری یەکە سەربازییەکان، ھاوسەرۆک جەختی لەوە کردەوە: “یەکێتی پاڵپشتی و ھاوکاری سەرخستنی ئەم ھەنگاوە نیشتمانییە دەکات و دەمانەوێت ھێزێک بونیادبنێینەوە کە لەئاست گۆڕانکارییە ئەمنی و سەربازییەکان بێت. لەڕووی نەتەوەییشەوە ببینە خاوەنی ھێزێکی پڕچەک، تۆکمە و راهێنراو کە بەرژەوەندییە گشتییەکانی خاک و وڵاتەکەمان بپارێزێت، بەڵام لەگەڵ ئەم ھەنگاوانەش رێگەنادەین لەم پرۆسە نیشتمانییەدا بەرژەوەندی حزبی زاڵبکرێت و ناھاوسەنگی دروستبکرێت. دەبێت لە یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بنەماکانی یەکسانی، دادپەروەری و نیشتمانی رەچاو بکرێت”.

ھەر لەکۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی فەرماندەی ھێزەکانی حەفتای بەرچاوڕوونکرد لە سیاسەتی نوێی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و  چەند راسپاردە و بڕیارێکی دەرکرد لەپێناو سەقامگیری زیاتری ئاسایش و ئارامی لە ھەرێم بەتایبەت ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم کە بۆشایی ئەمنیی تێدایە و لەئێستادا لەچوارچێوەی ژووری ھاوبەشی ئۆپەراسیۆن لەگەڵ ھێزە عێراقییەکان ھەماھەنگی دەکرێت و بەرنامە و پلان بۆ ئارامی زیاتر لەو سنوورانە دادەنرێت.

سەبارەت بە ژیان و گوزەرانی ھێزەکانی پێشمەرگە و دواکەوتنی مووچەی چەند لیوایەکی ھاوبەش، ھاوسەرۆکی یەکێتی نیگەرانی خۆی دەربڕی و وتی، لەرێگەی نوێنەرەکانمانەوە لە حکومەت داوامانکردووە ئەم کێشەیە بە خێرایی چارەسەربکرێت و رێگەنەدرێت ژیان و قوتی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بخرێتە ناو کێشمەکێش و ململانێکانەوە.

لە درێژەی سەردانەکەدا بافڵ تاڵەبانی بارەگای دەزگای ھەواڵگریی پێشمەرگەی بەسەرکردەوە و لەنزیکەوە بەدواداچوونی بۆ چۆنییەتی بەڕێوەچوونی کاروبارە سەربازی و ھەواڵگرییەکان کرد. لەبەرامبەر ماندووبوون و رۆڵی دەزگاکە لەپاراستنی ئاسایش و ئارامی ھەرێم، سوپاس و دەستخۆشی لە جەلال شێخ ناجی، لێپرسراوی دەزگای ھەواڵگری پێشمەرگە و ئەفسەران و کارمەندانی دەزگاکە کرد کە لەخۆبووردووانە لەئەرکدان و ھاوکار و پشتیوانی ھێزەکانی پێشمەرگە، ئاسایش، ناوخۆ و ھێزەکانی دژەتیرۆرن و وەک یەک تیم بۆ پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتییان کاردەکەن.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this