قوباد تاڵەبانی: یەکێتی بوون باوەڕهێنان و كاركردنە بەو ئامانج و پرەنسیپانەی کە لە پێناویدا دروستبووە

0
440
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران | فۆتۆ: ئه‌ژى عومه‌ر

SNN

بەبۆنەی يادی 46 ساڵەی دامەزراندنی يەکێتيەوە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە پەيامیکيدا رايگەياندووە: “لای من یەکێتی بوون زۆر بەسادەیی بوێرییە بەرامبەر تەحەددا جۆراوجۆرەكان، حیزبێک بۆ بەرهەڵستیكردنی دڕندەترین رژێم دروست بوبێت، دواتریش بەشێك بووبێت لە هۆكارەكانی ڕووخاندنی ئەو رژێمە، هەر ئەوەمان فێر دەکات کە یەکێتی بوون مانای بوێری و بەرەنگاربوونەوەی تەحەدداكانە‌‌‌”.

باسی لەوەشکردووە: ” یەکێتی بوون، بۆ من باوەڕهێنان و كاركردنیشە بەو ئامانج و پرەنسیپانەی کە لە پێناویدا دروست بووە، نەک تەنها قسە کردن، یان بۆڵەبۆلکردن و تانەلێدان، یەکێتی بوون کارکردنە لە پێناوی ئەو بەهاو باوەڕانە و گونجاندنی ژیانی خۆمانە لەو چوارچێوەیەدا، ناکرێت بڵێیت دیموکراسی و ئازادیم دەوێت بۆ وڵات، بەس لە ناو ماڵی خۆت، یان لە ناو حیزب، یان لە شوێنی كار و دەوامەكەت ستەمكار و دیكتاتۆر بیت”.

دەقی راگەيەندراوەکە:

یەکێتیبوون لە تێڕوانینی منەوە

قوباد تاڵەبانی

ساڵانە لە یادی دامەزراندنی یەکێتی هەموومان میدیا پڕ دەکەین لە دروشم و بیرەوەری مێژوویی. ئەمساڵ من بیرم لەوەكردەوە بەشێوازێكیتر لەو یادە بدوێم و هەوڵ بدەم لەدیدی خۆمەوە پێناسەیەك بۆ یەكێتی بوون بكەم.

لای من یەکێتی بوون زۆر بەسادەیی بوێرییە بەرامبەر تەحەددا جۆراوجۆرەكان، حیزبێک بۆ بەرهەڵستیكردنی دڕندەترین رژێم دروست بوبێت، دواتریش بەشێك بووبێت لە هۆكارەكانی ڕووخاندنی ئەو رژێمە، هەر ئەوەمان فێر دەکات کە یەکێتی بوون مانای بوێری و بەرەنگاربوونەوەی تەحەدداكانە‌‌‌.

ئەگەر یەکێتی بیت، ئە‌وا یە‌كێتی حیزبی بەرپرسیاریە‌تییە‌، بۆیە‌ دەبێت قۆڵی لێ هەڵماڵیت و شانی  بدەیتە بەر و بە کردار ڕووبەرووی ئاڵۆزیی و تەحەدداكان ببیتەوە. كورد وتە‌نی : بە‌ ریش نییە‌ بە‌ ئیشە‌!.

یەکێتی بوون خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی كوردستانە بێ جیاوازی. ئەم حیزبە تەنها بۆ خۆی دانەمەزرا، بۆ ئەوە نەهاتە مەیدان سەركردەو ئەندامەكانی دەوڵەمەند بكات، موڵكی تەنها شارێک یان عشیرەتێک یان بنەماڵەیەک نەبوو و نابێت، بەڵكو خزمەتكاری هەموو چین و توێژەكانی خەڵكی كوردستانە. ئەم حیزبە‌ لەپێناو ئازادی، دیموکراسی، مافی مرۆڤ و مافی چارەنووس وعە‌دالە‌تی كۆمە‌ڵایە‌تی دروست بوو.

بۆیە لە ئێستادا پێویستمان بە هەڵسەنگاندنە؛ کام لەو ئامانجە سەرەکییانە هاتوونەتەدی تا ئێمە بچینە سەر ئامانجیتر و کاری بۆ بكەین؟ ئەگەر ڕێژەیەک دیاری بكەین بۆ هەریەك لەو ئامانجانە، ھەر یەکەیان چەندیان دەدەینێ؟ تا چەند ڕازین لەو ئازادیەی لە کوردستان هەیە؟ تا چەند پێمانوایە کوردستان بەرەو دیموکراسی رۆیشتووە؟ چەندمان ماوە تاکو بڵێین ئێمە حیزبێکی دیموکراسین لەناو هەرێمێكی دیموكراسی و وڵاتێكی دیموكراسیداین؟ پێوەرەکان چین کە بەراوردیان دەکەین بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی دیموکراسی ، چ لە ناو حیزب و چ لە ناو حکومەت؟ تا چەند پارێزەری مافی مرۆڤ بووین؟

پێموانییە تەنها لەبەر ئەوەی كۆنگرەمان گرێدا و هەڵبژاردن دەكەین بووبین بە دیموكراتی، یان باوەڕمان بە دیموکراسی هەبێت، چونكە زۆرجار هێزە نادیموكراتییەكانیش هەڵبژاردن دەكەن و كۆنگرەش دەبەستن.

کەواتە یەکێتی بوون، بۆ من باوەڕهێنان و كاركردنیشە بەو ئامانج و پرەنسیپانەی کە لە پێناویدا دروست بووە، نەک تەنها قسە کردن، یان بۆڵەبۆلکردن و تانەلێدان. یەکێتی بوون کارکردنە لە پێناوی ئەو بەهاو باوەڕانە و گونجاندنی ژیانی خۆمانە لەو چوارچێوەیەدا. ناکرێت بڵێیت دیموکراسی و ئازادیم دەوێت بۆ وڵات، بەس لە ناو ماڵی خۆت، یان لە ناو حیزب، یان لە شوێنی كار و دەوامەكەت ستەمكار و دیكتاتۆر بیت.

یەکێتی بوون، بۆ من هونەری بەڕێوەبردنیشە. راستە یەکێتی لە پێناو ئازادی بۆ عێراق و و دیموکراسی بۆ کوردستان دروست بووە. بەڵام لە ساڵی 1992 بەدواوە لە لوتکەی دەسەڵاتی جێبەجێکردندا بووە تا ئێستا. کۆمەڵانی خەڵک چاوەڕێ لە یەکێتی دەکەن ژیان و گوزەرانیان بۆ چاک بکەین، نەک وەک ئەوان گلەیی و رەخنە بگرین. ئۆرگانەکانی حیزب، کادرەکانی حیزب، نێردەکانی حیزب بۆ ناو حکومەت، بەربژێرەكانی حیزب بۆ پەرلەمان، دەبێت بە شێوەیەكی کرداری ، ڕۆژانە ، بە ڕۆحیەتی دەوڵەتداری و بەرپرسیارێتی كار بكەن ، نەك تەنها دروشمبازی.

دەبێت بەشی خۆمان ئەرکی راستکردنەوەی باری لاری سیاسەتکردن و حوكمڕانی لە کوردستان و عێراق لەسەرشان ھەڵبگرین، ئەمەش بە درێژکردنی پەنجەی تۆمەت بۆ یەکتری و شکاندنی یەکتری لە ڕێگەی میدیا و سۆشیاڵ میدیا یان دژایەتی ناو ئۆرگانەكانی حیزب نایەتە دی، بەڵكو بەوە دێتەدی یەکێتی هەست بەو بەرپرسیاریە‌تییە‌ بکات کە حەز بکەین یان نا تازە لەسەر شانمانە و بەشێکی کاریگەربین لەبەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان. ئەم ئامانجەش بەوە دێتەدی کاریگەرییمان هەبێت لەسەر ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگامان بەرەو کۆمەڵگایەکی ئارام و ئاشتیخواز و خاوەن ڕاوبۆچوونی خۆی كە تەندروست و كاریگەر بێت.

یەکێتی هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبووە کە دەبێت، یان دەتوانێت بە تاقی تە‌نھا ئەم هەموو بەرپرسیاریە‌تییە‌ بگرێتە ئەستۆی خۆی. بۆ سەرکەوتن لە جێبەجێکردنی ئەرک و بەرپرسیاریەتیەکانی و پێشكەشكردنی خزمەتی زیاتر یەکێتی لە ڕابردوو لە ئێستاو ئایندەش پێویستی بە هەماهەنگی و هەندێكجار هاوپەیمانێتی هەبووە و دەبێت، چ هی نێوخۆیی و چ هی نێودەوڵەتیش. ئەمەش  ئەوەمان لێ دەخوازێت ژیرانە و وەک مام گوتەنی؛ ئاگایەکمان لە پانایی بێت، پشت بەستوو بە هەڵسەنگاندنێکی بابەتیانە‌ لەبارەی هێزی خۆت و یار و نەیارەكان بڕیاری دروست بدەین.

هەرگیز نابێت ڕێگە بدەین ژاوەژاوی سۆشیال میدیا زاڵ ببێت بەسەر ئارامی لە بیرکردنەوەمان و لە لۆژیكی بڕیارەكانمان. تەلارێك بە چەندین مانگ، هەندێكجار چەندین ساڵ دروست دەکرێت، بەڵام بە ڕۆژێک دەڕوخێنرێت. یەکێتی ٤٦ ساڵە پەیوەندی سیاسی خۆی و پەیوەندییە دیپلۆماسیەکانی خۆی بە هێز دەکات، ئێستا چۆن دەتوانین کاربکەین بۆ زیاتر بەهێزکردنیان؟ ڕاگەیاندنی هاوپەیمانێتی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و لێکتێگەشتنمان لەگەڵ ھە‌ندێك لە‌ لایەنە سیاسییەکانی تر هەنگاوێکی زۆر گرنگ و پێویست بوو لەم میانەدا پێویستمان بەزیادكردنی ئەم جۆرە هەنگاوانە هەیە. لەمەش گرنگتر بۆ گەیشتنمان بە کەناری ئارامی، دەبێت زیاتر كاربكەین بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی سیاسی و میدیایی لە کوردستان.

ئاستی پەیوەندییە دیپلۆماسیەکانی یەکێتیش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهێزتر دەبن، بە‌ڵام پێویست دەکات گرنگیەکی زیاتر بدەین بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییە سیاسی و ئاینییەكانی بەشەکانی تری عیراقیش. لە ساڵانی رابردوو وەبەرهێنانێکی زۆر کرابوو لەو پەیوەندییانە کە ئەگەر بە بەردەوامی پەرەیان پێ نەدرێن، ئەوا کاڵ و سارد دەبنەوە و هەوڵەكان بەفیڕۆ دەچن.

سەرەنجام هەڤاڵان، با هەمیشە ئەوە بەبیر خۆمان بهێنینەوە کە یەکێتی بوون ئیمتیاز نییە، ئەرک و بەرپرسیاریە‌تییە‌. ئەرک و بەرپرسیارێتیش پێویستی بە هەنگاوی كردەییە، نەک تەنها تیۆر و پەیامی میدیایی.

بەداخەوە حەزم دەکرد ئەم یادە لە کوردستان بکەمەوە، بەڵام کاتێک ئەمە دەنووسم بە ئەرکی خۆم هەستاووم و لە بەغدادم بۆ بەردەوام بوونی گفتوگۆکانمان و مسۆگەركردنی مافە ڕەواکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.

دروود بۆ گیانی پاكی مام و شە‌ھیدانی  گە‌لە‌كە‌مان.

پیرۆز بێت یادی دامەزراندی یەکێتیمان.

هەر شاد و سەربەرز و سەرکەوتوو بن.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this