رۆڵ و کاریگەری یەکێتی لە رێکخستنەوە و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا

0
568

SNN

دوای ئەو گرێکوێرەی بە هۆی ریفراندۆمەوە کەوتە ناو پەیوەندیەکانی هەرێم و بەغدا، زیاتر لە ساڵێکە کرانەوەیەکی بەرچاو بە پەیوەندیەکانیانەوە بەدی دەکرێت و رۆڵی یەکێتی و تیمەکەی لە ناو حکومەتی هەرێم و بە دیاریکراوی جێگری سەرۆکوەزیران لەو بەرەوپێشچوونەدا نکۆڵی لێناکرێت.

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی وەک بنەمایەکی نەگۆڕ بە بەردەوامی لە دیدار و کۆبوونەوەکانیدا هاتنەئارای سەقامگیری سیاسی، ئەمنی و کۆمەڵایەتی لە عێراقی بەستوەتەوە بە تێپەڕاندنی گرژی و ناکۆکییەکای نێوان هەرێم و بەغدا و رەخساندنی زەمینەی دیالۆگی بونیادنەرانە لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن و دەستور و بەرژەوەندی ھاوبەش.

تێڕوانینێکی لەو چەشنەی یەکێتی، وەک یەک لە هێزە سەرەکیەکانی هەرێم و عێراق، لە چوار ساڵی دوای ریفراندۆم فاکتەرێکی سەرەکی بووە بۆ تواندنەوەی بەستەڵکی پەیوەندیەکانی هەولێر و بەغدا، بەتایبەتی کە سەرۆکایەتی شاندە یەک لەدوای یەکەکانی هەرێمیش بۆ لای حکومەتی فیدراڵی هەر لە لای نوێنەرێکی ئەو حزبە واتە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم بوو.

قوباد تاڵەبانی چەندین جار بەغدای وەک قوڵایی ستراتیژی هەرێم پێناسە کردووە و هەر لەوێش بەدوای چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵیدا گەڕاوە، لەسەرووی هەمووشیانەوە کێشە بودجە و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

لە ئەنجامی پێداگری و نەفەسدرێژی قوباد تاڵەبانی و شاندەکەی دواجار پرۆژە یاسای بودجەی عێراق لە کۆتایی مانگی ئاداردا تێپەڕێنرا.

روانینی یەکێتی نیشتمانی بۆ بەردەوامیدان و بەرەوپێشبردنی پەیوەندیەکان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان، مێژووییەکی دوور و درێژی هەیە و زادە و بەرهەم روانینی قوڵی مام جەلالە بۆ سیاسەت و دیپلۆماسی.

ئەو پەیوەندیانە لە چەند قۆناغێکدا قاڵ بوونەوە و گەشەیان سەندووە.

لە قۆناغی بەر لە راپەڕین و لە سەردەمی شاخ یەکێتی نیشتمانی و خودی مام جەلال پەیوەندیەکی تۆکمە و نزیکیان لەگەڵ سەرکردەکانی بەرهەڵستکارانی عێراق بە تایبەتی شیعەکان هەبوو.

دوای راپەڕین و تا ساڵی 2003 ئەو پەیوەندیانە زیاتر گەشەیان سەند و کوردستان و باوەشی یەکێتی بوونە شوێنێکی پارێزراو بۆ بەشێکی بەرچاو لە بەرهەڵستکارانی عێراقی و هەر لەو ساڵانەدا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش هەماهەنگی و هاوکاری نێوان یەکێتی و سەرکردە عێراقیە بەرهەڵستکارەکان بەردەوام بوو.

رووخانی رژێمی بەعس و دروستبوونی عێراقی نوێ، کە کورد و لە ناویدا یەکێتی رۆڵی سەرەکی لە بونیاتنانی گێڕا، هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ بوو لەو پەیوەندیانە.

دوای جێگیربوونی مام جەلال لە بەغدا وەک سەرۆک کۆمار، لە سایەی سەنگی کەسایەتی و پێگەی سیاسی و مێژووییەکەی، نەک هەر رۆڵی لە چەسپاندنی مافەکانی هەرێم لە عێراقی نوێ هەبوو، بەڵکوو لە زۆرترین جاردا کۆکەرەوەی لایەنە ناکۆکە عێراقییەکانیش بوو بە سوننە و شیعەوە، ئەمە جیا لەوەی تا ئەو کاتەی لە پایتەخت بوو، هەرگیز رێگەی نەدا کێشەکانی هەرێم و بەغدا بەرەو تەقینەوە بچن.

لەدوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال و غیابی لە گۆڕەپانی بەغدا ئاڵۆزیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا رۆژ لەدوای رۆژ پەرەیان سەند و لە 2017 دا و لە ئەنجامی ریفراندۆم بەرەو تەقینەوە و جوڵاندنی هێز چوون.

ئەو رووداوانە، کە بوونە هۆی لاربوونی باری هەرێم لە عێراق و ناوچەکە و پڕژاندنی تۆوی دوو دڵی و دڕدۆنگی لە نێوان هەرێم و عێراق بەرامبەر بە یەک، تەنیا بە ئەندێشە و تێڕوانینێک راست دەکرانەوە، کە بۆن و بەرامەی مام جەلال و هزر و خوێندنگە سیاسییەکەی ئەوی لێبهاتایە.

لە لایەک پاڵپشتی سیاسی بافڵ تاڵەبانی بۆ گەڕانەوەی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا بۆ سەر راستەڕێی خۆیان و رەواندنەوەی ناکۆکی و نیگەرانییەکان و لە لایەکی تریشەوە پێداگری قوباد تاڵەبانی وەک سەرۆکی شاندی هەرێم بۆ بەغدا لە سەر کردنەوەی دەرگای نوێ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و سەرخستنی تێپەڕاندنی بودجە، ئاماژەیەکن بەوەی گرێکانی دیکە و کێشە کەڵەکەبووەکانی تریش لە نێوان هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ بەرەو کرانەوە و چارەسەری دەچن.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this