بافڵ تاڵەبانی لە 46ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیدا سەردانی ئارامگەی سەرۆک مام جەلال دەکات

0
279

SNN

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە 46ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیتدا و چل ‌وپێنجەمین ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێی گەلەكەماندا سەردانی ئارامگەی مام جەلال دەکات و رایدەگەیەنێت: گەرمترین پیرۆزباییتان لێدەكەین، لەم یادەدا بانگهێشتتان دەكەین پێكەوە تاوێك لە كاروانی خەباتی نەپساوەی پڕ شەهید و پڕ دەستكەوتی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان رابمێنین. پێكەوە سەری رێز و وەفا بۆ شەهیدەكانمان نەوی بكەین كە لەپێناو سەرخستنی باوەڕە نەگۆڕەكانی یەكێتی بۆ ئاشتی، دیموکراسی، مافی مرۆڤ، چارەی خۆنووسین، دادپەروەریی كۆمەڵایەتی ‌و دابینكردنی ژیانێكی باشتر بۆ خەڵكی كوردستان گیانی خۆیان بەخشی. پێكەوە بەڵێن بدەین بە كەسوكاری سەربەرزیان، بە پێشمەرگەی مەفرەزە سەرەتاییەكان و پێشمەرگە دێرینەکان، بە رێكخستنە نهێنییەكان ‌و زیندانیانی سیاسی، بە پارتیزانەكانی دوای ئەنفال، بە خەباتگێڕانی قۆناغە سەختەكانی خەباتی شاخ ‌و شار، بە دەستەی دامەزرێنەری (ی.ن.ك)، بەگەنجان و نەوەی ئەمڕۆ، بە رۆحی بەرزی سەرۆك مام جەلال، كە پابەندین بەو ئەمانەتە گرنگ ‌و ئەركە مێژووییەی دوای سەركەوتنی كۆنگرەی چوار خراوەتە سەرشانمان. درێژەپێدەری ئەم كاروانە بین، دەسكەوتەكانی بپارێزین ‌و دەسكەوتی زیاتری بخەینە سەر ئەم مەڵۆیە و ئەرکەکان تەواوبکەین، لەم ساڵیادەدا بە هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ، پێداگرتر بۆ دابینكردن ‌و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان خەبات بكەین.

 

بافڵ تاڵەبانی بە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان دەڵێت: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەر بە سروشت پێشەنگە. دوای نسكۆ و بێئومێدی، هیوای بەخشییەوە و شۆڕشی كوردایەتی هەڵگیرساندەوە، بە بڕوایەكی نەگۆڕ لەپێناو مافی چارەی خۆنووسیندا خەباتی كرد، تا گەیشتن بە دوا ئامانجیش بۆ هەموو قوربانیدانێك ئامادەیە، وەك چۆن لە رووبەڕووبوونەوەی رژێمی بەعسی دیكتاتۆردا پێشڕەو بووە، لەقۆناغی پێکھێنانی حکومەت و بنیادنانی ئەزموونی ھەرێم ئەندازیار بووە، لە شەڕی دژە تیرۆریشدا لە باشووری کوردستانەوە تا رۆژئاوا بەشدار و تێکشێکنەری مەرامەکانیان بوو. ئەمڕۆش ھەر لەپێناو ئایندەی كوردستاندا سەرمەشقی کاروانی خەبات دەبین .

ئێمە لە یەكێتی نوێ بە هیواوە لەگەڵتانین، باوەڕمان بە توانای ژنان، مامۆستایان، پیشەوەر، فەرمانبەران، سەرمایەدار، بازرگان، كاسبكاران، لاوان، گەنجان و پێگەیشتووانی ئەم گەلە هەیە، بانگێشتتان دەکەین لەگەڵمانبن و پشتیوان بن كە باری لاری سەرشانی كوردستان ڕاست بكەینەوە و بێ دوودڵی هەنگاو بەرەو سەركەوتن بنێین، لەم رێبازی چەپكە گوڵەشدا كە سەرۆکی كۆچكردوومان مام جەلال بۆی جێهێشتووین، دەرگامان كراوەیە بۆ هەر دۆست و دڵسۆزێك كە بیەوێت لە رێی یەكێتییەوە خزمەتی نیشتمانەكەمان بكات، ئێمە دەمانەوێت شوێنی شیاو بە كەسی شیاو پڕبكەینەوە و ژینگەی كاری حزبی و حوكمڕانیی ئەوتۆ بڕەخسێنین كە تیایدا گەنجان، خاوەن بڕوانامە و پسپۆڕییەكان، خەڵكانی بەھرەمەند و دڵسۆز، هەموو چین و توێژەكان بێ جیاوازی و بەیەكسانی بتوانن دەرفەتی پێشخستنی خۆیان و بەرەوپێشبردنی كوردستانیان بۆ بڕەخسێندرێت و هیوایان بەم نیشتمانە بۆ بگەڕێنرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد: لەم ساڵیادەدا رایدەگەیەنین كە دوای كۆنگرە، یەكێتی نوێ (خه‌باتی مافه‌كان)ی به‌ره‌و پێشبردووه‌، ئێمه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تیی یه‌كێتی ده‌مانه‌وێت به‌ سوودوه‌رگرتنی ته‌واو له‌ بنه‌ما فیكری و دامه‌زراوه‌ییه‌كانی سۆشیاڵ دیموكرات و پیاده‌كردنی له‌ كۆی سیستمی حوكمڕانیدا، كێشه‌ بنچینه‌ییه‌كانی ئێستای هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ر بكه‌ین و ئه‌و واقیعه ‌بخوڵقێنین كه ‌رۆحی شه‌هیدان و ویژدانمان ئاسووده ‌ده‌كات، كوردستانێك بنیادبنێین كە تیایدا ماف و ئەركەكان دادپەروەرانە و بەهاوسەنگی دابەشكرابن، قۆرخی سیاسی و ئابووری نەهێڵین و حوكمڕانییەكی بەرپرسیار و پارێزەری مافی هاووڵاتی دروستبكەین، ژیانتان ئاسان و خۆشگوزەران بێت و نەهێڵین بەرژەوەندی سیاسی قەیران لە دوای قەیران بخوڵقێنێت. بڕوای تەواومان بەوەیە كە شاڕێی گەیشتن بەم ئامانجانە دروستكردنی باڵانسی هێزە، رێزگرتنە لە پێگەی هاووڵاتی و ماف و لە ئازادییەكان، پابەندبوونە بە دەسەڵاتی دامەزراوەكان و ملكەچكردنە بۆ سەروەریی یاسا و سەربەخۆیی دادگاکان لە هەموو ئاستەكاندا.

تا داڕشتنی دەستوورێكی گەلپەسەند بۆ هەرێم، هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان و گەڕاندنەوەی شكۆ بۆ پەرلەمان، كارایی بۆ حكومەت و بە نیشتمانیكردنی هێزە چەكدارەكان، بەكردەوە بەڵێنی ئەوەتان بۆ دەسەلمێنین كە یەكێتی حزبی خەڵكە و بێ لەبەرچاوگرتنی هەڕەشە و گوشار و بەرژەوەندیی تایبەت، بەرگریكردن لە ماف ‌و بەرژەوەندییەكانتان بە ئامانجی باڵای خۆی دەزانێت ‌و بەرپرسیارە كە خەباتی بۆ بكات. ئێمە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەرگامان كراوەیە بۆ هەموو كەس ‌و حزب ‌و لایەنێک تاوەکو لەسەر بەرژەوەندییە گشتییەكانی خەڵكی كوردستان دەست لەناو دەست ‌و لەپێناو ئایندەیەكی باشتر تێبكۆشین. دەمانەوێت لە ناوخۆی هەرێم لەگەڵ هەمووان كۆدەنگ بین. هەر هێزێكی سیاسی، بۆ بنیاتنانەوەی كوردستان لەگەڵمان بێت، دەستی هاوكاری و برایەتی دەخەینە ناو دەست.

لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ‌و ناوچەكە پەیوەندیی دراوسێیەتیی باش درێژە پێدەدەین ‌و لەگەڵ وڵاتانی پێشكەوتووی جیهان بۆ پاراستنی مافەكانی گەلەكەمان كار دەكەین. لەگەڵ هێز ‌و لایەنە عێراقییەكان پرۆسەی سیاسیی وڵات دەسازێنین، بەڵام سازش ناكەین لەسەر ماف ‌و دەسكەوتەكان، كە بە خوێنی دەیان هەزار قوربانی بەدەستهاتوون. یەكێتی بەردەوام دەبێت لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان، لە پارێزگاریكردن لە مافە دەستوورییەكانی گەلەكەمان و لە خاوەندارێتیكردن لە كەركوك ‌و ناوچە دابڕێنراوەكان.

بافڵ تاڵەبانی بە ئەندامان و لایەنگرانی دڵسۆزی یەكێتی دەڵێت: لە چل ‌و شەشەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتییەكەتاندا، یاد ‌و تێكۆشانی سەرۆك مام جەلال ‌و سەركردە نەمرەكان و شەهیدەكانمان بەرز دەنرخێنین، یەکێتی ناو یەكێتی ئەمانەتی سەرشانمانە و دەیپارێزین، ئەم رێگایەش كە لە سەركردایەتیی نوێ گرتوومانەتە بەر، هەرچەندە پڕ هەوراز ‌و نشێو بێت، بەڵام هەرگیز كۆڵنادەین ‌و بەردەوام دەبین. جێی شانازیشە كە لەم كاروانەدا تەنها نین ‌و دەبینین ئەندامە دڵسۆزەكانی یەكێتی، خواستیان بۆ چاكسازی ‌و بە پشتگیرییان لە (خەباتی مافەكان) لەگەڵمانن، بۆ پاراستنی مافەكانی خەڵك ‌و دەستكەوتەكانی كوردستان تێدەكۆشین، بۆیە دڵنیاین بە پشتیوانیی ئێوە، بە دروستبوونی كۆدەنگیی نێوان هێزە سیاسییەكان ‌و بە یەكڕیزیی خەڵكی كوردستان، بەسەرخستنی ھاوپەیمانی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، ئەم كاروانەش دەگاتە ئەنجام ‌و وەك هەمیشە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رۆڵی پێشەنگ ‌و مێژوویی خۆی دەگێڕێت و لەبەرەی داکۆکیکردن لەخواست و ویستەکانی خەڵک دەبێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this