بافڵ تاڵەبانی لە بەغدایە و لەگەڵ لایەنە سیاسی و حکومیەکان کۆدەبێتەوە

0
353

SNN

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەردانێک لە بەغدایە و بڕیارە زنجیرەیەک دیدار ئەنجام بدات.

لەو سەردانەیدا بۆ بەغدا بافڵ تاڵەبانی چەندین دیداری سیاسی لەگەڵ لایەنە سیاسییە کاریگەرەکانی عێراق و بەرپرسانی باڵای حکومەتی عێراق ئەنجام دەدات.

پێشتر چەند جارێک بافڵ تاڵەبانی لەدیدار و کۆبوونەوەکانیدا سەبارەت بە کێشەکانی هەولێر و بەغدا جەختی لەوەکردبوەوە، کە هاتنەئارای سەقامگیری سیاسی، ئەمنی و کۆمەڵایەتی لە عێراق بەستراوەتەوە بە تێپەڕاندنی گرژی و ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و رەخساندنی زەمینەی دیالۆگی بونیادنەرانە لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن و دەستور و بەرژەوەندی ھاوبەش.

سەردانەکەی هاوسەرۆکی یەکێتی لە کاتێکدایە لە رۆژانی رابردوودا شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە بەغدابوو، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لە سەر دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە و رەوانەکردنی پشکی هەرێم.

دوابەدوای سەردانەکەش قوباد تاڵەبانی رایگەیاندبوو: “لەگەڵ بەغدا نزیکین لە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنی یاسای بودجە. نیازپاکی لە هەردوو لاوە لە پابەندبوون بە دەقی یاساکە کاریگەری باشی دەبێت لەسەر دۆخی دارایی هەرێم و پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەرێمیش دەباتە قۆناغێکی نوێوە”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this