ئامانج و گرنگی سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی بۆ بەغدا

0
279

SNN-عەلی حەمەسەعید

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی يەکێتیی نيشتمانیی کوردستان، لەپێناو زياتر نزيک کردنەوەی هەولێر و بەغدا، لە پەرۆشی بۆ ئاشتی و پیکەوە ژيان لە عێراق سەردانێکی پێنج رۆژی بۆ بەغدا ئەنجامدا، لە سەردانەکەدا بێ جياوازی لەگەڵ بەشێکی زۆر لە سەرکردە باڵا حکومی و حزبیەکان کۆبووەوە.
لە ماوەی رابردوودا چەندين جار بافڵ تاڵەبانی جەختی لە نزيکبوونەوەی لايەنە سياسييەکان و تەبای نێوانيان کردەوە، لە سەر ئاستی هەرێم و عێراقيش، هاوسەرۆک لەم سەردانەدا وەک هەنگاوێکی کرداری هەوڵی زياتر پەرەپێدانی ئەو پەيوەنديانەيدا کە لەنێوان عێراق و هەرێم هەروەها يەکێتی و لايەنە سياسييەکانی عێراقدا هەيە، لەسەر هەردوو ئاستيش سەردانەکە بە گرنگ لێکدرايەوە.

“کۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی و مستەفا کازمی هاندەر دەبێت بۆ ئەوەی پشکی هەرێم رەوانەبکرێت”

سەبارەت بە ئامانج و گرنگی سەردانەکە، ڕێزان شێخ دلێر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە SNNی راگەیاند: “سەردانەكەی بافڵ تاڵەبانی كاریگەری باشی دەبێت لەسەرزیاتر ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی هەولێرو بەغدا، كۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق هاندەرێكی باش دەبێت كە بە زوترین كات پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی رەوانەبكرێت چونكە بەشێك لە كۆبوونەوەكان داواكردنی ناردنی پشكی كورد بووە”.
وتيشی “بەهۆی ئەوەی لە سەردانی بافل تاڵەبانی و شاندەكەی هیچ جیاوازییەكیان نەكرد لە كۆبوونەوە لە گەڵ حزبە سیاسییەكان و كەسایەتییە دیارەكانی عێراق ئەمە هۆكارێكی دیكە دەبێت كە پەیوەندییەكانی نێوان هەریم و بەغدا زیاتر ئاساییببنەوە”.
باسی لەوەشکرد: “بەهۆی بەردەوامی كێشە سیاسییەكان لە عێراق و هەروەها نزیك بوونەوە لە هەڵبژاردنەكان ئەنجامدانی سەردانێكی وەها كە لەلایەن بافل تاڵەبانی، لەلای عێراقییەكان گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە بە تایبەت كە هاوسەرۆك كوڕی جەلال تالەبانییە و ئەمەش زیاتر لای بەرپرسانی عێراق جێگەی گرنگیپێدانە”.

“هێزە عێراقییەكان بەلايانەوە گرنگە لەگەڵ یەكێتی پەیوەندییەكی پتەویان هەبێت”

ئاماژەی بەوەشكرد: “لەماوەی رابردوودا بافل تاڵەبانی ئەوەی بۆ سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكان سەلماندووە كە چەند پەرۆشی ئاشتی و پێكەوە ژیانە لە عێراق و هەرێمی كوردستان، بۆیە ئێستا كە هەڵبژاردنەكان نزیك بوونەتەوە دەیەوێت زیاتر پێگەی یەكێتی لە عێراق بەهێزتر بكات و لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی عێراق ئەو پەیوەندییەی كە هەیبووە زیاتر پەرەی پێبدات و درێژەی هەبێت، لە بەرامبەریشدا هێزە عێراقییەكان ئەمەیان زۆر بەلاوە گرنگە كە لەگەڵ یەكێتی نشتیمانی كوردستان پەیوەندییەكی پتەویان هەبێت وەك لە ئێستا و رابردوودا هەیانبووە”.
رۆژی شەممە 5ی حوزەیران بافڵ تاڵەبانی بۆ ئەنجامدانی چەند دیدارێک، لەگەڵ وەفدێکی باڵای یەکێتی چووە بەغدا، چەند کۆبوونەوەیەکی لەسەر ئاستی باڵای حکومی و سياسی و ديبلۆماسی ئەنجامدا، هاوسەرۆکی یەکێتی لەگەڵ هەريەک لە مستەفا کازمی و بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق کۆبووە، دواتر، لەگەڵ عەمار حەکیم سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه‌، نوری مالیکی سەرۆکی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح، درێژەی بە کۆبوونەوەکانيدا.
لە کۆبوونەوەکانی هاوسەرۆکی یەکێتیدا لەگەڵ لایەنە حکومی و سیاسییەکانی عێراق، بە گشتی چەند پرسێک تاوتوێ کران، کە گرنگترینیان رێککەوتن و لێکنزیکبوونەوەی هەرێم و بەغدا و پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق و ئەمنی و سیاسی بوو.

“لە ديدارەکاندا جەخت لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان و بەھێزکردنی ھەماھەنگی ھاوبەش کرايەوە”

لەسەر ئاستی ديبلۆماسيش، بافڵ تاڵەبانی و وەفدی يەکێتی، لەگەڵ هەريەک لە (ئێلبروس کۆتراشیڤ باڵوێزی روسیا، چانگ تاو باڵیۆزی چین، ئیرەج مسجدی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران، ماسيو تولەر باڵیۆزی ئەمریكا، جنين پلاسخارت نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان) کۆبوونەوە، لە ديدارەکاندا جەخت لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان و بەھێزکردنی ھەماھەنگی ھاوبەش کرايەوە.

هەورەها لە بەردەوامی سەردانەکەیدا بافڵ تاڵەبانی و وەفدی يەکێتی لەگەڵ (فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، خەمیس خەنجەر سەرۆکی ھاوپەیمانی عەزم و سەرکردەی دیاری سوننەکان، محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە)، پاشان بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق و فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازیان لە دۆمینیک ڕاب وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کرد.

“هەڵبژاردنی عێراق تاوتوێکرا”

لەچوارەمین رۆژی سەردانەکەیدا بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ دکتۆرعادل عەبدولمەھدی سەرکردەی دیاری عێراق و سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق کۆبووەوە، دواتر لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر تاوتوێی هەڵبژاردنی عێراقیان کرد.
لە کۆتا رۆژی سەردانەکەشيدا، بافڵ تاڵەبانی بەیاوەری ژمارەیەک لەئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی سەردانی مەڵبەندی رێکخستنی بەغدادی یەکێتی کرد و لایەن رابیحە حەمەد، لێپرسراو و ئەنجوومەنی مەڵبەند پێشوازێلیکرا، دواتريش لەگەڵ کاردیناڵ مارلویس ساکۆ کۆبووەوە جەختی کردەوە: “یەکێتی باوەڕی تەواوی بە پێکەوەژیانی ھەموو نەتەوە، پێکھاتە و ئاین و ئاینزاکان هەيە”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this