لەبارەی بەردەوامیدان بە لێبڕینی مووچە وەزیری دارایی بانگهێشتی پەرلەمان دەكرێت

0
259

 SNN -عەلی حەمە سەعید

بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی هۆكارەكانی بەردەوامیدان بە لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران و هاوكات زانیاری لەبارەی خەرجی و داهاتەكان و دواین گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا، وابڕیارە هەفتەی داهاتوو وەزیری دارایی بانگهێشتی پەرلەمان بكرێت، سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابوری لە پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت” داهاتی ناوخۆ و نەوتی هەورێم بەشی دابەشكردنی مووچە بە بێ‌ لێبڕین دەكات”.

زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بە SNNی ڕاگەیاند: “لە درێژەی هەوڵەكانمان بۆ بانگهێشتكردنی تیمی حكومەت بۆ پەرلەمان بە تایبەت وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بە دۆسیەی دارایی و نەوت، دەمێكە لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەهەوڵی ئەوەدابووین ئەو وەزیرانە بێنە پەرلەمان و وەڵامی پەرلەمانتاران بدەنەوە لە بارەی هۆكارەكانی بەردەوامیدان بە لێبڕینی مووچە و كۆی خەرجی و داهات و هەروەها دواین ئەنجامەكانی گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا”.

ئاماژەی بەوەشكرد: “وابڕیارە كە هەفتەی داهاتوو وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم و تیمێكی دیكە لە حكومەت بێنە پەرلەمانی كوردستان و لە كۆبوونەوەی پەرلەمان بەشداربن، بەڵام هێشتا ڕۆژی كۆبوونەوەكە دیاری نەكراوە، كە ئێمە لە لیژنەی دارایی داوامانكردووە وەزیرانی دارایی، سامانە سروشتییەكان و پلاندانان ئامادەی ئەو دانیشتنە ببن لە ئێستاشدا چاوەڕێی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانین بۆ ئەوەی ڕۆژی ئەنجامدانی كۆبوونەوەكە دیاریبكات”.

سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو: “بەرپرسانی باڵای حكومەت بۆخۆیان چەند جارێك ئاماژەیان بەوەكردووە كە ئەگەر داهاتی ناوخۆ و نەوت بەشێوەیەكی ڕێك و پێك بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت بە دڵنیاییەوە هێندە داهات بەدەستی حكومەت دەكەوێت كە بە بێ‌ لێبڕین مووچە دابەشبكات، بۆیە  ئێمەش جەخت لەوە دەكەینەوە كە حكومەت لە توانایدا هەیە بە بێ‌ لێبڕین مووچە دابەشبكات”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this