نوێترین زانیاری لەبارەی دەستگیركردنی سێ‌ ئەندامی پەیەدە لە فرۆكەخانەی هەولێر

0
251

SNN-عەلی حەمە سەعید

نوێنەری پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) لە هەرێمی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات تا ئێستا ئەو سێ‌ ئەندامەیان كە بۆ مەبەستی پێشوازیكردن لە كۆمەڵێك سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیر و پەرلەمانتاری ئەوروپی چووبوونە فڕۆكەخانەی هەولێر دەستگیركران ئازاد نەكراون ل لایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەستبەسەر كراون.

نوری ئەسعەد، نوێنەری پارتی یەكێتی دیموكرات ( پەیەدە) لە هەرێمی كوردستان بە SNNی ڕاگەیاند: دوای دوو ڕۆژ لە دەستگیركردنی سێ‌ لە ئەندامانمان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، تا ئێستا ئازاد نەكراون، پاش بەدواداچوونمان دەركەوتووە كە لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە ئەو ئەندامانەمان دەستبەسەركراون و تا ئێستاش ڕوون نەبووەتەوە كە بەچ هۆكارێك دەستگیكراون.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجامی دەدات لەو سیاسەتەی ئێستای جێبەجێكدنی ئەجێندای وڵاتانی دەرەوەیە، كە ئەم سیاسەتە هیچ خزمەتێك بە بەرژەوەندییەكانی گەلی كورد بە پارتی دیموكراتی كوردستانیشەوە ناكات، بۆیە واباشتر پارتی دەست لەو جۆرە سیاسەتەی هەڵبگرێت چونكە هیچ بیانوویەك نییە بۆ دەستگیركردنی ئەو ئەندامانەمان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر.

وتەكانی نوێنەرەكەی پەیەدە لە هەرێمی كوردستان لە كاتێكدایە كە هەر ئەمڕۆ میدیاكانی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ئەوەیان بڵاوكردەوە لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر هاكان تاش پەرلەمانتاری پارتی چەپی ئەڵمانیا دەستگیركراوە.

لەلایەكی دیكەوە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم دوێنێ‌ بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە كە تیایدا ئاماژەی بەوەكردبوو، پەكەكە، وەك بەشێك لە پیلانەكانیان لە دژی هەرێم و بە هاوكاری دەستێكی ناوخۆیی، چەندین هاووڵاتی خاوەن ڕەگەزنامەی ئەوروپاییان ناردووە بۆ ناو هەرێم بۆ بە كارهێنانیان وەك ئامرازێك بۆ تێكدانی سەقامگیریی ناو هەرێم لە ژێر ناوی گرووپی بەناو ئاشتی و ئازادی.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this