بافڵ تاڵەبانی: دەمێکە هێندەی ئێستا یەکێتی یەکڕیز نەبووە

0
577

SNN

بافڵ تاڵەبانی دەڵێت: دەمێکە وەکو ئێستا یەکێتی یەکڕیز نەبووە، دەشڵێت، پێشوازییەکی زۆر گەرم و گوڕمان لە بە‌غدا لێکرا، تا ئێستا بە فەرمی هیچ رێککەوتنێکمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی بەغدا ئەنجامنەداوە بەڵام گفتوگۆی جددی دەکەین، جەختیش لەوەدەکاتەوە کە دەبێت پۆستی سەرۆککۆمار بۆ یەکێتی بێت.

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی شەرقیەنیوز  سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ناو یەکێتی دەڵێت: “زۆردەمێکە یەکێتی هێندەی ئێستا یەکڕیز نەبووە، زۆر دەمێکە سیاسەتەکەی وا ڕوون نەبووە”.

هاوسەرۆکی یەکێتی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ شەرقیە دەڵێت: “کۆچی دوایی مام جەلال، بەتەنیا ئێمەی بێباوک نەکرد بەڵکو یەکێتیشی بێباوک کرد، لەم سەردانەمدا پێیان وتم کە عێراقیشی بێباوک کردووە”.

سەبارەت بە کێشەکانی رابردووی یەکێتی وتی: “یەکێتی لەدوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال پڕبوو لە کێشە، سەرکردایەتیەکەمان بە گشتی گەنجە، من و کاک لاهوریش تەواوکەری یەکترین، پێمان وابوو بەیەکەوە ئیشەکان بکەین باشترە، بۆ نموونە من لە بەغدا کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکان دەکەم و لەهەمان کاتیشدا کاروباری حزب نەوەستاوە کاک لاهور لەگەڵ مەکتەبەکان کۆبووەتەوە، لەگەڵ هێزی پێشمەرگە کۆبووەتەوە، پێمان وایە کە وا باشترە”.

لەبارەی پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەوە وتی: “ئێمە تا ئێستا بە فەرمی یەک هاوپەیمانێتیمان پێکهێناوە کە ئەویش لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندایە، بەڵام لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ چەند هێز و لایەنێکدا هەیە، سیاسەتی یەکێتی روونە، ئێمە ئامادەییمان تیادایە لەگەڵ هەر لایەنێک رێککەوتن بکەین کە ئامانجەکانیان هاوتابێت لەگەڵ ئامانجی ئێمەدا، ئامانجی یەکێتیش ئەوەیە کار بکەین بۆ بەرەوپێشبردنی عێراق و گۆڕینی ژیانی هاووڵاتییانی عێراق بەرەو باشتر، هەر حزب و لایەنێک کە ئەمە پرەنسیبی بێت ئێمە ئامادەین لەگەڵیدا رێکبکەوین”.

سەبارەت بە پێشوازی لایەنە سیاسییەکانی بەغداش وتی: “ئێمە تەسەوری ئەو پێشوازییە گەرمەمان نەدەکرد، ئەوان دڵیان بۆ ئێمە کردەوە، دەیان جار پێیان وتم تۆ کوڕی مام جەلالیت، ئێمە لە بەغدا چاوەڕوانی تۆین، پێیان وتم کە یەکێتی بۆ بەغدا زۆر گرنگە، گلەییان لێکردم وتیان دەبێت یەکێتی لە بەغدا چالاکتر بکەیت” وتیشی: گفتوگۆ و دیدارەکانمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان مایەی دڵخۆشی بوو بۆمان.

راشیدەگەیەنێت: “تا ئێستا هیچ رێککەوتنێکمان لەگەڵ لایەنەکانی بەغدا سەبارەت بە هەڵبژاردن نەکردووە، ئامانجی ئێمە ئەوەیە لەگەڵ هەڤاڵەکانی خۆمان قسەیەکی جددی بکەین، لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە بۆچوونمان وەکو یەکە رێکبکەوین، هەروەها ئێمە بڕوامان بەوەیە کە نابێت یەک گروپ نوێنەرایەتی هەموو لایەنەکان بکات، واتە یەک گروپ نوێنەرایەتی هەموو کوردەکان بکات یاخود گروپێک نوێنەرایەتی هەموو سووننەکان بکات، ئێمە پێمان باشە سەرکەوتووترین هەڵبژاردن ئەوەدەبێت کە زۆربەی گروپەکان کۆبکاتەوە لەژێر چەترێک، و ئێمەش بڕوامان بە چەپکە گوڵەکەی مامجەلالە کە هەموو رەنگێکی تێدایە و دەمانەوێت بەو رۆحیەتە داخڵی ئەم هەڵبژاردنە ببین”.

راشیگەیاند: “لە کۆبوونەوەکانمدا هەڵوێستی یەکێتیم بۆ روونکردنەوە کە یەکێتی جەخت لە ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنە دەکاتەوە لە ژینگەیەکی ئارام و سەلامەتدا، بڕواشمان وایە ئەم هەڵبژاردنە لە هەندێک دەستوەردان بەدووردەبێت، سەروەری عێراق بۆ ئێمە گرنگە، ئومێدەواریشم لەدوای هەڵبژاردن لایەنەکان پێکەوە دابنیشن بۆ رێککەوتنی نوێ و پێکهێنانی حکومەتێک کە لە خزمەتی گەلەکەیدابێت”.

بافڵ تاڵەبانی لە چاوپێکەوتنەکەدا “هاوپەیمانێتی فەتح و دەوڵەتی یاسا”ی بە هاوڕێ و دۆستی یەکێتی وەسفکرد و وتیشی “یەکێتی هاوڕێی زۆرە”.

دەشڵێت: “تا ئێستا بەشێوەیەکی فەرمی هیچ رێککەوتنێکمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی بەغدا ئەنجامنەداوە، بەڵام گفتوگۆی جددیمان لەگەڵ ئەو لایەنانە بەردەوامە کە پرەنسیبەکانیان لەگەڵ ئێمەدا نزیکە”.

سەبارەت بە کەرکوک دەڵێت: “ئێمە کەرکوکمان تەسلیمی کەس نەکرد، بەڵام نەمانویست خوێن بڕێژرێت و شارەکە تەخت بێت، نەمانویست کەرکوک وەکو کۆبانێی لێبێت”.

بافڵ تاڵەبانی جەخت لە سیاسەتی حەکیمانەی مام جەلال دەکاتەوە و دەڵێت: “عادل عەبدولمەهدی بەبیری هێنامەوە کە مام جەلال سیاسەتی بەجۆرێکبوو لەسەر پرەنسیبەکان هەڵوێستی توند بوو بەڵام لەسەر تاکتیک و چۆنیەتی گەیشتن بە پرەنسیبەکان نەرمبوو، ئەگەر ئێمە ئەم سیاسەتە جێبەجێ بکەین، زۆرێک لە کێشەکانمان نامێنن”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this