هاوسەرۆکانی يەکێتی لە سلێمانی لەگەڵ مەکتەبی رێکخستن و ئەندامانی مەڵبەندەکانی یەکێتیی کۆبوونەوە

0
543

SNN

بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هۆڵی تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی لەگەڵ مەکتەبی ڕێکخستن و سەرجەم لێپرسراو و ئەنجوومەن و ئەندامانی مەڵبەندەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوە.

لە دوو کۆبوونەوەی فراواندا کە هەریەک لە ڕەفعەت عەبدوڵا، بڕیاردەری دەستەی کارگێڕی و ڕزگار عەلی و قادر عەزیز، ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و ئاسۆ مامەند و د.سۆران جەمال تاهیر و د.میران محەمەد و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوون، هاوسەرۆکانی یەکێتی وتاری هەمەلایەنەیان لەبارەی دۆخی یەکێتی دوای کۆنگرەی چوارەم، دۆخی ناوخۆی هەرێم، کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان، پەیوەندییەکانی یەکێتیی، پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق پێشکەش کرد.

هاوسەرۆکان جەختیان کردەوە کە بەستن و سەرکەوتنی کۆنگرەی چوارەم وەرچەرخانێکی گەورە بوو، مژدەی نوێبوونەوە و سەرکەوتن بوو لە ژیانی سیاسی و ڕێکخراوەیی یەکێتییدا، پەیامی سوپاسگوزاری و پێزانینیان ئاڕاستەی هەڤاڵە دێرینەکانیان کرد و ڕایانگەیاند، کە بە دڵگەورەیی و سنگفراوانی و هاوکاری و پشتیوانیی ئەوان و جۆشوخرۆش و دڵسۆزیی کادرەکانی یەکێتی لە سەرجەم ئۆرگانەکان توانرا کۆنگرەی یەکێتی سەرکەوتووبێت و ئاماژەیان بە هەوڵ و هەنگاوەکانی یەکێتی کرد لە دوای کۆنگرە کە بەو ماوە کەمە و سەرباری ئاستەنگەکان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا توانراوە کاری زۆرباش ئەنجام بدرێت و هەنگاوی گەورە بنرێت بە ئاڕاستەی چالاککردن و ڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکانی یەکێتیی و خزمەتکردن بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە هەموو ئاستەکاندا. هاوسەرۆکان بەڵێنیشیاندا کە ڕاستەوخۆ دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق، کۆنفرانسی مەڵبەندەکان ئەنجام بدرێت.

هاوسەرۆکان باسیان لە ئەرک و خەبات و تێکۆشانی ئەمڕۆی هەڤاڵانی ڕێکخستنەکان کرد و داوایان لێکردن کە هیمەت بکەن و قۆڵ و بازووی لێ هەڵبماڵن و بچنە ناو جەماوەر و ڕوئیا و سیاسەت و بەرنامەی یەکێتییان بۆ ڕوون بکەنەوە.

لەبارەی ناوخۆی هەرێم و کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان و پەیوەندییەکانی یەکێتی و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و هەڵبژاردنەکانی داهاتوو ھاوسەرۆکان روونکردنەوەیان دا و سیاسەت و ستراتیژی یەکێتییان روونکردەوە و جەختیانکردەوە کە یەکێتی بۆ سەقامگیریی سیاسی و ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان و پاراستنی تەبایی و یەکڕیزیی نێوان لایەنەکان باجی زۆریداوە ئەوەش لە پێناو خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و گۆڕینی سیستمی سیاسی و ئەدای حکومڕانی کە لە ئاست خواست و داوا ڕەواکانی خەڵکی کوردستان بێت.

هاوسەرۆکان بەبایەخەوە باسیان لە کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان کرد و ڕایانگەیاند، سیاسەت و بەرنامەی یەکێتی گرنگیدانە بە هاونیشتمانییان لەو ناوچانە و دوورخستنەوەی مەترسییەکانی داعش و گەڕاندنەوەی ئارامی بە تایبەت لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنی تێدا دروستبووە ئاماژەشیان بۆئەوەکرد دوای کۆنگرە، یەکێتی بە پەیوەندییەکانیدا چووەتەوە و ئێستا پەیوەندییەکی دۆستانە و بەهێزی هەیە لەگەڵ سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان و توانراوە لە ڕێگەی دیدار و سەردانەکانەوە پەیوەندییەکان لەگەڵ لایەنەکان ڕێکبخاتەوە. لەگەڵ لایەنە عێراقییەکانیش بە شیعە و سوننەوە توانراوە باڵانسی هێز بگەڕێندرێتەوە و ئەو پەیوەندییانە بەهێز بکرێتەوە کە بناغەکەی سەرۆک مام جەلال دایڕشتبوو، جەختیشیان کردەوە کە ئێستا یەکێتیی بە سەنگ و قورساییەکی بەهێزەوە گەڕاوەتەوە بەغدا و بەشدارە لە داڕشتنی نەخشەی سیاسی.

هاوسەرۆکان دووپاتشیانکردەوە کە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بۆ کورد پرۆسەیەکی چارەنووسسازە، دووپاتیان کردەوە کە بۆ بەهێزیی پێگەی کورد لە بەغدا و گەڕاندنەوەی باڵانسی هێز و بەدەستهێنانی تەواوی مافەکان لە ڕێگەی خەباتی پەرلەمانییەوە، پێویستە لایەنە کوردستانییەکان بە یەکڕیزی بچنە بەغدا، لەو ڕووەشەوە ئاماژەیان بۆ پێکهێنانی لیستی هاوپەیمانی کوردستان لە نێوان یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان کرد بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، داواشیان کرد هەموو لایەنە کوردستانییەکان بێنە ژێر چەتری ئەو لیستە بۆ ئەوەی کورد بە زۆرترین ژمارەی کورسی و بە یەکدەنگی لە بەغدا خەبات بکات بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکان.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this