ناورۆکی کۆبوونەوەی بایدن و پۆتن خرایەڕوو

0
351

SNN

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە پاش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ڤلادمێر پۆتن سەرۆکی ڕووسیا لە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: “کۆبوونەوەکەمان ئەرێنی بووە” و وتیشی: ” لە بەرژەوەندی هیچ کەسێکدا نییە ئەمەریکاو ڕووسیا بکەونە شەڕی ساردەوە”، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشیشدا جەخت لە هەڵگرتنی چەند هەنگاوێک دەکەنەوە بە ئاراستەی تواندنەوەی بەستەڵەکی نێوانیان.

بایدن راشیگەیاند: هۆشداری بە هاوتا ڕووسییەکەیداوە لەوەی ئەگەرئالێکسی ناڤالی کەسایەتی ئۆپزسیۆنی ڕووسیایی لە زیندان گیان لەدەستبدات ئەوا مۆسکۆ ڕووبەڕووی ئاکامی خراپ دەبێتەوە.

سەرۆکی ئەمریکا ئەو بەراوردەی مۆسکۆ کە دیکات لە نێوان ئۆپزسیۆنی ڕووسیا لەگەڵ ئەوانەی کە هێرشیان کردە سەر بینای کۆنگرێسی ئەمەریکا بە بەراوردێکی بێمانا وەسف کرد.

بایدن پێی وایە پۆتن ترسی لەوە هەبێت کە ئەمەریکا هەوڵی لابردنی لەسەر دەسەڵات بدات. بەڵام وتیشی لە بەرژەوەندی هیچ کەسێکدا نییە ئەمەریکاو ڕووسیا بکەونە شەڕی ساردەوە و ” لەوبڕوایەدام پۆتنیش نایەوێت بکەوینە شەڕی ساردەوە.”

لە کۆبونەوەکەی کە لە ژنێڤی سویسرا بەڕێوەچوو بایدن دووپاتی کردەوە کە واشنتن هەمان کاردانەوەی بەرامبەر هەر کردەوەیەک دەبێت کە زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا یان هاوبەشەکانی بگەیەندرێت.

سەرۆکی ئەمریکا جەختی لە گرنگی ئەوەش کردەوە کە ئێران نابێت ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی. ئەوەشی ڕوون کردەوە کە سەرۆکی رووسیا پێشنیازی یارمەتیدانی کردووە لە بابەتەکانی پەیوەست بە ئێران و ئەفغانستان.

جگە لە ئێران بایدن ئاماژەی بەوەش کرد باسیان لە قەیرانی سوریاش کردووەوو بە پۆتنی وتووە گرنگە دەروازەیەک بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان لە سوریا بکرێتەوە.

هاوکات لە بەیاننامەیەکی هاوبەشی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، ” ئەمەریکا و ڕووسیا سەلماندیان تەنانەت لە کاتی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوانیشیاندا دەتوانن پێکەوە هەنگاو بنێن لە پێناو ئامانجە هاوبەشەکانیان کە بریتیین لە، بابەتە ستراتیژییەکان و ڕێگەگرتن لە مەترسی هەڵگیرسانی شەڕی چەکداری و مەترسی شەڕی ئەتۆمی.”

ئاماژە بەوەش دەکات ” درێژکردنەوەی ماوەی پەیماننامەی دەستپێکی نوێ، دەیسەلمێنێت کە هەردوو وڵات وابەستەن بە کۆنترۆڵکردنی چەکی ئەتۆمی. ئەمڕۆش دووپاتی دەکەینەوە لە ئەو بنەمایەی کە ناکرێت هیچ کەسێک سەرکەوتووبێت لە شەڕی ئەتۆمیدا.”

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە هەردوو وڵات پێکەوە دەستدەکەن بە دیالۆگێکی دووقۆڵی تەواو بە مەبەستی سەقامگیری ستراتیژی لە ئایندەیەکی نزیکدا. هەروەها دەشڵێن ” بە ڕێگای ئەم وتووێژانە هەوڵ دەدەین بناغەیەک بۆ ئایندە دابنێن لە پێناوکۆنترۆڵکردنی چەک و کەمکردنەوەی مەترسیەکان.”

پێشتریش لە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڤلادمێر پۆتن رایگەیاندبوو: لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکادا ڕێککەوتوون لەسەر گەڕاندنەوەی باڵیۆزەکانی هەردوو وڵات و دەستپێکردنی وتووێژ لە نێوان وەزارەتی دەرەوەی هەردوو وڵات لەسەر بابەتە هەڵپەسێردراوەکان.

باسی لەوەشکردبوو: “لەگەڵ بایدن ڕێککەوتن بۆ تاوتوێکردنی بابەتی هێرشە ئەلیکتۆنییەکان”.

لەماوەکانی رابردوودا لەسەر چەند پرسێک گرژی و ناکۆکی کەوتبووە نێوان ئەمریکا و رووسیا و کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان بایدن و پۆتن بە یەکەم هەوڵی تواندنەوەی بەستەڵەکی نێوان ئەو دوو وڵاتە دادەنرێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this