بەرزی پلەكانی گەرما و زۆری خواست لەسەری، بڕی پێدانی كارەبای كەمكردووەتەوە

0
404

SNN – عەلی حەمە سەعید

وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم ئاشكرایكرد، كە لە ئێستادا سێ‌ هەزار و 400 مێگا كارەبا بەرهەم دەهێنین، بەڵام خواست لەسەر كارەبا چوار هەزار و 600 مێگاواتی تێپەڕاندووە، بەوهۆیەشەوە بڕی پێدانی كارەبا كەمیكردووە، هاوكات پرۆسەی دانانی پێوەری زیرەكی كارەبا لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەردەوامی هەیە و لە ئێستادا زیاد لە 620 هەزار پێوەر بەستراون.

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم بەSNN ی ڕاگەیاند: “ساڵانە لە وەرزە جیاوازەكاندا بڕی خواست و بەرهەم هێنانی كارەبا گۆڕانكارییان بەسەردا دێت، بەجۆرێك ساڵانە لەوەرزی هاویندا بەهۆی بەرز بوونەوەیپلەكانی گەرما خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا زیاد دەكات ئەمەش وادەكات فشارێكی زیاتر لەسەر وێستگەكان و یەكەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا دروست ببێت، بەجۆرێك لە ئێستادا بڕی بەرهەم هێندراوی كارەبا بەشێوەیەكی گشتی دەگاتە سێ‌ هەزار و 400 مێگاوات، بەڵام خواست لەسەر كارەبا زیاد لە چوار هەزار و 600 مێگاواتی تێپەڕاندووە”.

ئاماژەی بەوەشكرد: “ئەم خواستە زۆرەی كارەبایە كە وایكردووە نەتواندرێت كارەبای بەردەوام بۆ هاووڵاتیان دابینبكرێت، بۆیە لەگەڵ بەرزبوونەوەی زیاتری پلەكانی گەرما هێندەی دیكە خواستی كارەبا زیاد دەكات و ئەوەش دواجار هۆكار دەبێت بۆ زیاتر كەمبوونەوەی كارەبا، بەڵام ئێمە لەوەزارەتی كارەبا هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوەیە زۆرترین بڕی كارەبا بۆ هاووڵاتیان بەرهەم بهێنین”.

وتەبێژەكەی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو: “پرۆسەی دانانی پێوەری زیرەكی كارەبا كە یەكێكە لە پرۆژە ستراتیژیەكانی وەزارەتەكەمان بەردەوامی هەیە و كە بە تەواو بوونی سودێكی ئابوری و زانستی زۆر بە كەرتی كارەبا دەگەیەنێت، بە گوێرەی پرۆژەكە ئەگەر هیچ گرفتێك نەیەتە پێش دەبێت تا كۆتایی ئەمساڵ ملیۆنێك و 600 هەزار پێوەری زیرەك بۆ سەرجەم هاوبەشكانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان دابنێین، لە ئێستاشدا لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە  220 هەزار پێوەر پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 255 هەزار پێوەر لە پارێزگای دهۆك 138 هەزار پێوەر و لە ئیدارەی گەرمیانیش 98 هەزار پێوەری زیرەك بەستراون، بۆ تەواوكردنی ئەم پرۆژەیە حكومەتی هەرێم بڕی زیاتر لە 265 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانكردووە”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this