حکومەتی هەرێم باج لە میوانانی ریستۆرانت و هۆتێل و شوێنە گەشتیارییەکان وەردەگرێت

0
238

SNN

لە چوارچێوەی رێکخستنەوەی سیستمی باج لە هەرێمی کوردستان، باج دەخرێتە سەر میوانانی ریستۆرانت، هۆتێل و شوێنە گەشتیارییەکان کە لە چوار ئەستێرە بۆ سەرەوەن و لە نەخۆشخانە تایبەتییەکانیش، لەسەدا پێنج باج لەسەر خزمەتگوزارییەکان دادەنرێت.

کەمال تەیب بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری لە هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێکدا رایگەیاند “باج وەرگرتن لە کەرتی گەشتوگوزار لە یەکی تەمووزەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردن، لەسەدا 10 لە چێشتخانە و هۆتێلی دەرەجە یەک ئەوانەی لە چوار ئەستێرە بۆ سەرەوەن، ئەو شوێنانەی کە خەڵکی دەوڵەمەند سەردانیان دەکەن باجیان لێ وەردەگیرێت”.

وتیشی: “کۆمپانیاکانی نەوت و پاسەوانی نەوت و خزمەتگوزارییە نەوتییەکان ئێستا وەرگرتنی باج لێیان کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، کارمەندانی بیانی کۆمپانیاکانی نەوتیش پێشتر باجیان نەدەدا بەپێی ئەو گرێبەستانەی هەیانبوو ئێستا باج لەوانیش وەردەگیرێت، نەخۆشخانە تایبەتییەکان ئەوانیش لەسەدا پێنج لە کۆی گشتی خزمەتگوزارییەکانیان باج وەردەگیرێت و لە یەکی ئاب دەچێتە بواری جێبەجێکردن”.

کەمال تەیب باسی لەوەشکردووە: “باج لە بواری کۆمپانیاکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت ئەوەیان لە پرۆژەیاسای بوودجە جێی کراوەتەوە، چونکە ئەوەیان دەبێت بنەمای یاسایی هەبێت، باج لەسەر ئۆتۆمبیلی تایبەتیش کە بڕیاروابوو لە ئۆتۆمبیلە گرانبەهاکان وەربگیرێت راگیرا”.

بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری راشیگەیاند “باج دانان لەسەر کەرتی گەشتیاری زۆرینەی شوێنەکان ناگرێتەوە، چونکە زۆربەی هەرە زۆری هۆتێل و چێشتخانەکانی کوردستان، دوو تاوەکو سێ ئەستێرەن واتە زۆرینەی هاووڵاتییان ناگرێتەوە”.

کەمال تەیب دەربارەی ئەوەی باجەکە لە هاووڵاتی وەردەگیرێت یان لە خاوەنی شوێنە گەشتیارییەکان وتی: “ئەم باجە VOTی پێدەڵێن لە زۆرینەی وڵاتان هەر بەو شێوەیە جێبەجێ دەکرێت و لە هاووڵاتی وەردەگیرێت، بنەماکەی وایە خەڵکی ئاسایی و هەژار خۆی ناچێتە ئەو شوێنانە، خەڵکی خاوەن پێگە و خواپێداو دەچێتە ئەو شوێنانە، باجیش لە خەڵکی هەژار وەرناگیرێت و بڕیارەکە خەڵکی خواپێداو دەگرێتەوە”.

بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری لە هەرێمی كوردستان، دەربارەی باجی سەر نەخۆشخانە تایبەتییەکانیش رایگەیاند “ئەویان لەسەر داهاتی گشتی خزمەتگوزارییەکان وەردەگیرێت، داهاتی هەم پزیشکەکان و هەم نەخۆشخانەکە، ئەم باجەیان لە هاووڵاتی وەرناگیرێت، بڕیارەکە لە مانگی ئاب دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و هەر کەس و شوێنێکیش پابەند نەبێت لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت باجەکەش بەهیچ جۆرێک ناچێتە سەر نەخۆش”.

کەمال تەیب دەربارەی رێژەی باجی سەر کۆمپانیا نەوتییەکان و کارمەندەکانیشیان کە ئێستا وەردەگیرێت وتی: “هەموو باجێکی سەر کۆمپانیاکان بەڕێژەی لەسەدا 15ی قازانجەکانیانە و کارمەندە بیانییەکانیش ئەوانەی مووچەکانیان لەسەروو ملیۆنێک دینارەوەیە بۆ هەر ملیۆنێک لەسەدا پێنجیان لێ وەردەگیرێت، بەڵام لە ملیۆنی یەکەمدا بەخشراون”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this